کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژی بۆ فەرینازی خوسرەوانی، لەژێرپێنانی مافی ئینسانی

13:58 - 20 بانەمەڕ 2715

هەواڵی قوربانی بوونی فەرینازی خوسرەوانی- کچە باسەواد و پێگەیشتوو، خوێندەواری لیسانسی رەشتەی کامیپوتێر و چاوک کراوە و بڕوا بەخۆ- کە لە رێگای زەحمەت و رەنج و کار، ژیانی دەکرد و بۆ بژیوی ئابووری و گوزەرانی بنەماڵەکەشی جێی پاڵ پشت بوو، بڵێی هەروا سانا خۆی لە نهۆمی چوارەمی هوتێل تارا- شوینی کاری خۆی-، بە ناچاری نەبێ بە پەنجەرە دا، خۆی فڕێ دا، و گیانی لە دەست بدا؟! ئای گەلۆ! چ دڵتەزێنە کە فەریناز، کچێکی شوخی جوان- کە لە یەکێک لە وێنەکانی دا، بە بەرگی رازاوەی جوانی کوردی بەشێوەیەک لە تابڵۆی نەقاشی "لەبخەندی ژێکوند" یا مونالیزای، لێئۆناردۆ داوینچی ئیتالیایی دەچێ - و زۆر شایی بەخۆی و دڵی بە ژیان خۆش بووە-، لە چەند چرکە ساتێک دا، لەنێوان بوون و نەبوون دا، بەرەو هەڵدێر هەنگاوی ژیرانە و بوێرانە بنێ؟! و وەک: خەجی بێ سیامەند نە لە چیا وبە پەلی دارە بەنێ، بەڵکوو بە ئیسفاڵەتی سارد و رەقی پێش هوتێلێکی نگبەت، بۆ بەرگری لە خۆ پارێزی بە دژی دستدرێژی و بێ رێزی، بە خوێنی گەشی جینایەتێکی دیکە لە "هەزاران" ی لە ژێرپێ نانی مافی ئینسانی لەقاو بدا. ئەو کچە ژیکەڵانەیە، کە بە نەخوازراوی، و درەگا لەسەر داخرانی و تەمای دەستدرێژی پێکرانی - وەک دەڵێن: لە لایەن خاوەنی هوتێلەکە یا بەدەستکیسی ئەو- بۆ پلە وەرگرتنێک بۆ هوتێلەکەی- کە کردوەیەکی نامرۆڤانەیە-، تووشی رووداوێکی لە شێوەیەک دا، ویکچوو وەک: "ریحانەی جەباری"، بوو. هەردووکی ئەو خاتوونانە هۆی گیان لێ ئەستاندیان، چاونەزێری و پێشێل کاری مافی رەوای ئینسانی، لە لایەن مەئموورانی ئەشکەنجە و سەرکووتی "کۆماری پەت و سێداری" ئیسلامی بووە. لە دنیای ئەمڕۆ و لەوشوێنەگەلە دا، بۆ دابین کردنی ئەمنییەتی و ئەگەری رووداوەکان بێ شک دەبێ، دووربین و کامێرای خۆی هەبێ و هوتێل، کە شوینی حەسانەوەی مرۆڤە ماندووەکانی رێی هاتوچۆکانن، پێویستە زۆرترین رادەی متمانەیان هەبێ، هەتا مشتەریان پتر بێ. بەڵام بەم رووداوە دڵتەزێنە دەردەکەوێ کە بەداخەوە لە کوردستان، هوتلیش بە ئەمنییەتی دەکرێ و بە ئاسانی جینایەتی لێ دەخوڵقێ. ئەو روودواە و چەندی دیکە لە سەردەشت، سنە و تاران و بەشێوەی جیا، لە چەند رۆژی رابراوو دا، پێمان دەڵێ: بەداخەوە، کچ و ژن کوژی خەریکە دەبێتە باو. داستانی فەرینازی مەهابادی، وێنەیەکی شێعری "ئەختەر"ی مامۆستا هێمنی موکریانی و نەوەی بەرخۆدانی کۆماری کوردستانە کە بە گوێ سێ ئەستێرەکەی سەردارانی چوارچرا و هەموو شەهیدانی کوردستانی دا چرپاند. کە لە کوردستان، بەرخۆدان ژیانە. ژیانی ئاسایی و بە ئیختیار و ئازاد، مافی هەمووانە. بەرگری فەرینازی کوردستانی، کە قەتریەکی خوێناوی نەتەویەکی بە ناروا دابەش کراو و بەردوام ماف پێ شێل کراوە، ئەم رۆژانە لە کوردستان تێپەڕی و تاراوگە و میدیای جیهانیشی گرتەوە. باس و خواسی کوردان، ئاڵای کوردستان و هاواری نیشتیمان، وێنەی نەمران، لە وڵاتانی پێشکەتوو و رێز دانان بۆ مافی ئینسانەکان، دەرفەتێکە بۆ هێنانە گۆڕی پێشێل کارییەکانی مافی مرۆڤ، لەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا، دابەش کراوە. و هاوپێوەندی و کۆدەنگی هەموو هێزەکانی تێکۆشەری کورد. بۆیە پێویستە تیمێکی بێ لایەن لە زانایانی یاسای و ماف ناسی و بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ لەو پەروەندەگەلە و بەتایبەتی، فەرینازی خوسرەوانی بکۆڵێتەوە و راستییەکان ئاشکرا بکا. چونکە درو ودەلەسە هەڵبستراو و دوور لە راستییەکانی رێژیمی ئیسلامی لە ئێران دا، پووش بەسەرکردنی جینایەتەکانی"سەبازە شاراوەکانی، ئیمامی زەمان" و هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەمنییەتی و نیزامی و فەساد و گەندڵیەکانی دەسەڵات بەدەستەکانیەتی. بەرگری و پشتیوانی لە فیداکاری فەریناز، نا بۆ دەستدەرێژی و نا بۆ پێشێل کاری مافەکانی مرۆڤە.