کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهاری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

14:05 - 21 بانەمەڕ 2715

ئاورلەخۆبەردانی لاوێکی تونسی نەک تەنیا ئەو وڵاتە، بەڵکوو باکووری ئافریقای و رۆژهەڵاتی ناڤینیشی هەژاند. لە راستی دا ڕاچڵەکانی کۆمەڵگا بە هۆی رووداوێکی دڵهەژێن لە زانستی کۆمەڵناسی دا خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ کراوە و لە رەهەندی جیاوازەوە تەفسیر کراوە. خۆسووتاندنی لاوە تونسی یەکە کە بە چرکەساتی دەسپێکی "بەهاری عەرەبی" ئەژمار دەکرێ، وێکچوونی لە گەڵ رووداوی دڵتەزێنی خۆکوژیی "فەریناز خوسرەوانی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیەو دەکرێ هەژانی شاری مهابادو ئەگەری تەشەنەسەندنی ئەم خۆپێشاندانانەو بەرین بوونی بازنەی نارەزایەتییەکان لە داهاتوودا بە دەسپێکی "بەهاری کوردی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم بدەین. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زۆر جار رووداوی خۆکوژی تەنانەت بە ئاشکراو لە بەرچاوی خەڵک و لە سەر شەقامەکانی "ئێران" روویانداوەو سەرەڕای بە میدیایی کردنیان لە لایەن "ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی" یەوە هیچکامیان نەبوونەتە هۆکارێک بۆ ڕاچڵەکانی کۆمەڵگای "ئێران" و دەسپێکی "بەهاری ئێرانی" لەم وڵاتەدا. بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بوونی بەستێنی لەبارو ئەزموونی مێژوویی لەو بارەوەوە و بە هۆی رووداوی خۆکوژیی "فەریناز خوسرەوانی" ئەگەری ئەوە هەیە کە بەهارئ کورد لەم بەشە لە کوردستان سەرهەڵبدات. ئاشکرایە کە ژیلەمۆی دانەمرکاوی ئاگری رق و قینی جەماوەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەستی پەنگخواردووی تۆڵەی جەماوەری کە پتر لە سێ دەیەیە ئەم خەڵکە پێوەی دەتلێتەوە، وایکردوە کە لە هەر دەرفەتێک دا راپەڕین و سەرهەڵدان رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و راسانی جەماوەری بەرانبەر بە کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە شارو بگرە شاخیش بێتە ئاراوە و زایەڵەی ئەم بەهارە کوردییە لە نێو باقیی گەلانی ئێرانیش دا دەنگدانەوەی ببێ و شەپۆلی رووخانی رێژیمە دیکتاتۆرو دژەگەلییەکان، رێژیمی کۆماری ئیسلامیش مەحکووم بە نەمان بکات. حاشاهەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵی بەردەوامی ئەوە بووە کە لە رێگای پەرەپێدان بە قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان وەک هەژاری، بێکاری، گیرۆدەکردنی لاوان بە مادە هۆشبەرەکان و برەودان بە فەحشا، کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ئەتۆمیزە بکات و هەستی هاوپێوەندی و هاوهەڵوێستی لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا نەهێڵێ. بەڵام ئەم پیلانە رەوانییە دژ بە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوتوو نەبووە و راسانی ئەم جاری خەڵکی شاری مهاباد وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ رێبەران و کاربەدەستانی رێژیم لەم شارەئەژمار دەکردرێ و هەر بۆیەش ئێستا کە هەوڵی دام و دەزگا ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی رێژیم بۆ ئەوە چڕ کڕاوەتەوە کە پێش بە "بەهاری کوردی" لە ئێران بگرن. سیمبولی ئەم بەهارە کچێکی کوردە کە خۆکوژییەکەی هێمایەکە بۆ دژایەتی سیستمێک بە ناوی "کۆماری ئیسلامی" کە لە گوتاری زاڵ بە سەر ئەم سیستمەدا؛ ژنکوژی، پیاوسالاری و هەڵاواردن بۆتە نەریت و بەها. "فەریناز" بە کوشتنی خۆی ژیان و شەرافەتی بۆ گەڵەکەی کردە دیاری و هەوێنێک بۆ دەسپێکی ئەگەری "بەهاری کوردی" بۆنیشتمانە داگیرکراوەکی دا.