کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرهەڵدانی بشێوی لە ئێرانشار بەدوای كوژرانی دوو که‌س به‌ ته‌قه‌ی هێزە چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌ت

14:16 - 22 بانەمەڕ 2715

بەدوای تەقە كردنی هێزە چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌ت لە ماشێنێكی "هەڵگری سووتەمەنی" كە كوژرانی سەرنشینانی ئەم ماشێنەی لێ كەوتەوە، ناڕەزایەتییەكان سەبارەت بەم مەسەلەیه‌ په‌ره‌یان سه‌ند. كەمپەینی چالاكانی بەلووچ ڕایگەیاندووە بەهۆی تەقە كردنی هێزەكانی "پاسگای محەممەدان"ی ئێرانشار لە ماشێنێك که‌ گومانی پێبوونی گازۆلی قاچاغی لێکراوه‌، ماشێنەكە وەرگەڕاوەو ئاوری تێبه‌ر بووه‌و دوو سەرنشینی ماشێنه‌که‌ش سووتاون‌و گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. ئەم ڕووداوەش بۆتە هۆی گرژی و نائارامی لەم ناوچەیە و خەڵكی ئاواییەكانی محەممەدئاباد‌و كەریم ئاباد كە لە شوێنی ڕووداوەكە نزیكن، بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌و ڕووداوه‌ بە دارو بەرد ئەم پاسگایەیان داوەته‌ به‌ر په‌لامار. هەروەها بەدوای ڕوودانی ئەم كارەستانەدا، كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵكی شاری محەممەدان هەڵكەوتوو لە 4 كیلۆمیتریی ئێرانشار بۆ ماویه‌کی زۆر ڕێگەی "ئێرانشار – بەمپوور"یان به‌ستووه‌. كاربەدەستانی حكوومەت ده‌ڵێ له‌ ئێستادا ئەم ئاڵۆزییەیان كۆنتڕۆڵ كردووەو ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌که‌ن دەكەن كە خه‌ڵکه‌که‌ 2 ماشێنی شارەداری‌و ئۆتۆمبێلێكی هێزی ئینتزامییان سووتاندوه‌. چالاكانی بەلووچ دەڵێن هێزی ئینتزامی لە بواری قانوونییەوە بە هیچ شێوەیەك مافی تەقە كردن لە خەڵكی مەدەنی‌و بێدیفاعی نییە‌و هەڵسوكەوتی دام و دەزگا ملهووڕەكان و بە ئەمنیەتی كردنی بارودۆخی ئەم ناوچانە هه‌ر له‌جێدا شکوست خواردوویه‌و لەم بەینەدا مەسەلەی سەرەكی هەژاری‌و بێكارییە كە كۆماری ئیسلامی هیچ بەرنامەیەكی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە نییە.