کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژران و برینداربوونی ١٥ كەس لە بەلووچستان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی دەوڵەت

06:04 - 23 بانەمەڕ 2715

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هێزەكانی ئینتزامی‌و ئەمنیەتییه‌کان‌و سپای پاسداران لانیكەم ١٥ كەسیان بە ته‌قه‌ی ڕاستەوخۆ لە پارێزگای سیستان‌و بەلووچستان كوشتوەو بریندار كردووە. بەپێی ڕاپۆرتی كەمپەینی چالاكانی بەلووچ، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٤ەوە تا كاتی ئامادە كرانی ئەم هەواڵە ١٥ كەس لە خه‌ڵکی بەلووچ، بە دەستی مەئموورە ئینتزامی‌و ئەمنیەتییەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامییەوە كوژراون، كە ناوەكانیان بریتییە لە: نەواز دێرازێهی كوڕی عەبدولكەریم، مەجید فوولادی، سارا بامری وێڕای كچە ٣ ساڵانەكەی بە ناوی سەعدیە بامری، وەلی محەممەد بەلووچ، دینار سنگانی، سەلیم بەلووچ، شەبیر بەلووچ زێهی، بیلال زەردكووهی، عەبدولباسیت ئاسكانی و ئەحمەد عەبدولزێهی. ئەمانە ئەو كەسانەن كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بوونه‌ته‌ قوربانیی سەركوت‌و تەقە كردنی سەرەڕۆیانەی هێزە دەوڵەتییەكان‌و بە ناحەق گیانیان لێ ئەستێندراوە‌و بریندار بوون. لەنێو ئەم كوژراوو بریندارانەدا ٤ ژن‌و منداڵێكیش دەبیندرێن. ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ حالێک دایه‌ که‌ ساڵی ڕابردووش هه‌ر نه‌بێ ٢٢ كەس له‌ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی‌و بێ تاوانی به‌لوچ به‌ ته‌قی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ڕێژیم كوژراون‌و بریندار بوون. شایانی باسە زۆربەی ئەم كەسانە بە گومانی پێبوونی باری گازۆڵ‌و که‌لوپه‌لی قاچاغ‌و به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ‌و سەرەڕۆیانەی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ڕێژیم كوژراون یان بریندار كراون.