کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستپێكردنەوەی دانووستانە ناوكییەكانی ئێران بۆ گەیشتن بە دوایین ڕێككەوتن

06:09 - 23 بانەمەڕ 2715

نوێنەرانی ئێران‌و یەكیەتیی ئورووپا، دانووستانەكانی خۆیان بە مەبەستی گەیشتن بە دوایین ڕێككەوتنامەی نێوانیان بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ڤیەن دەستی پێ كردەوە. عەبباس عێراقچی، سەرپەرستی گرووپی دانووستانكاری ئێران، بەر لە دەسپێكی وتووێژەكان لەگەڵ هیلدا ئێشمیت، جێگری نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا گوت، هیوادارە بەر لە ڕێكەوتی 10ی پووشپەڕ بە دوایین ڕێككەوتن لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بگەن. ناوبراو هاوكات لەگەڵ ئەوە ڕاشكاوانە ئاماژەی بە پەسندكراوی گەڵاڵەی ئامریكا لە ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوودا كردو ئه‌وه‌ی به‌ کۆسپ زانی. ئه‌و گوتی: زۆر کۆسپ‌و له‌مپه‌ر لە نێوخۆ و دەرەوەی ژووری دانووستانەكان دەتوانن ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە دوایین ڕێككەوتن بكەن، بەم حاڵەش، كۆماری ئیسلامی لەم وتووێژانە بەردەوام دەبێ. جێی بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ پەسندكرانی گەڵاڵەی سەنای ئامریكا لە ڕۆژی 8ی مانگی مەی، گەیشتن بە دوایین ڕێككەوتن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی تووشی ئاستەنگ كردووە. ئەم گەڵاڵەیە كە نزیك بە تەواوی دەنگەكانی وەدەست هێنا، سەركۆماری ئامریكا ناچار دەكا هەر چەشنە ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە بڕیاری نوێنەرەكانی كۆنگرەی ئەم وڵاتەوە ببەستێتەوە. شایانی باسه‌ نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە ڕۆژی هەینیی داهاتوو، بەڕێوەبەرانی سیاسیی وەزارەتخانەكانی دەرەوەی 6 وڵاتی بەشدار لە دانووستانە ناوكییەكان، بە وتووێژەكانی ڤیەن پێوەست دەبن.