کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ میلیۆن بنه‌ماڵه‌ له‌ ئێران بە ته‌واو مانا بێ داهاتن

05:19 - 24 بانەمەڕ 2715

نوێترین ئاماری وەزارەتی كاری ئێران دەری خستووە كە ٥ میلیۆن بنەماڵە له‌ ئێران هیچ كارو كاسپییه‌کیان نییه‌ و ١٢٩ هەزار بنەماڵەش ئامادەن بۆ خۆ دەرباز كردن لە خراپترین جۆری بێكاری‌و هەژاری، هەموو ئەندامانی خێزانەكەیان بەڕێی بازاڕی كار بكەن. بەپێی ئەم لێکۆڵینه‌وه‌ مه‌یدانی‌و ڕه‌سمییه‌ی وه‌زاره‌تی کار لەنێو سەرجەم ٢١ میلیۆن و ١١٠ هەزار بنەماڵەی ئێرانیدا، سەدی ٢٥، واته‌ یه‌ک له‌ چواری بنەماڵەكان هیچ كاسبكارێكیان نیی و سەرچاوەی دابی كردنی بژێوی ژیانیان ناڕوونە. بەپێی ئاماری وەزارەتی كاری ئێران سەدی ٦٠ی بنەماڵەكانی ئێران تەنیا ١ كەسی کاسب کاریان هەیەو بەهۆی قورسبوونی خەرجی‌و تێچووی ژیان به‌ هەژاری‌و له‌ بێ ده‌ره‌تانیدا ده‌ژین. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها پشتڕاستی كردۆتەوە كە سەدی ١٢ی بنەماڵەكانی ئێران لە هەوڵی ئەوە دان بە دۆزینەوەی كاری دووهەم قورسایی باری تێچووی ژیانی بنەماڵەكانیان له‌سر شانیان سووك بكەن، ئەگەرچی سەدی ٣ی بنەماڵەكان، واتە ٦٦٢ هەزار بنەماڵە نەیانتوانیوە سەرەڕای دۆزینەوەی کاری دووهەمیش كۆتایی بە کێشه‌و گرفتەكانی بژێوی خۆیان بێنن، هەر بۆیە ئەم بنەماڵانە بە باشیان زانیوە كە بەكۆمەڵ بێنە نێو بازاڕی كارەوە، یانی جگە لە منداڵەكان، تەنانەت كەسانی بەساڵاچووش ڕێگەی بازاڕی كاریان گرتۆتە بەر، ئه‌وه‌ش که‌ کاریان ده‌ست ده‌که‌وێ یان نا ناڕوونه‌. ئاماری وەزارەتی كاری ئێران هەروەها پشتڕاستی كردۆتەوە كە سەرجەم ١٢ میلیۆن‌و ٧٠٠ هەزار بنەماڵەی ئێرانی تەنیا یه‌ک كاسبكاریان هەیە، لە حاڵێكدا كە 2 میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بنەماڵەی دیكە هه‌ر نه‌بێ یه‌ک که‌سیان بێكارە. بەم جۆرە و بەپێی سەرژمێری كردنی حەشیمەتی 3 كەسی بۆ هەر بنەماڵەیەك دەركەوتووە كە ٦ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس له‌ ئێران به‌ ته‌واوه‌تی بێكارن. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە كە ٤٢٥ هەزار بنەماڵەی ئێرانی 2 كەسی بێكاریان هەیەو ١٢٩ هەزار بنەماڵەی دیكەش ٣ كەس یان زیاتریشیان بێكار هەیە. لە بەشێكی دیكەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە پارێزگای ئیلام كە زۆرترین ڕێژەی بێكارانی وڵاتی هەیە، لە بەرامبەر ١٠٠ بنەماڵەدا ٣١ كەس بێكارن‌و لە خووزستان، كە بە پارێزگای "کانگای زێڕی ڕه‌ش" ناسراوە، زۆرترین ڕێژەی بنەماڵە بێكارەكان به‌رچاو ده‌که‌وێ، بەجۆرێك كە سەدی ٣١ی ئەم بنەماڵانە تەنانەت ١ كاسبكاریشیان نییە.