کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باراك ئۆباما: ده‌زانین ئێران ئێستاش پشتیوانی تێرۆریسمه‌

05:55 - 24 بانەمەڕ 2715

باراك ئۆباما سەركۆماری ئامریكا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" پێبەند بوونی وڵاتەكەی بە ئەمنیەتی وڵاتانی كەنداو ڕاگەیاند. ناوبراو پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرته‌وه‌ كە وڵاتانی ئەم ناوچەیە حەقی خۆیانە كە لە بابەت پشتیوانییەكانی ڕێژیمی تاران لە تێرۆریسم نیگەران بن. ئۆباما وێڕای ئاماژە بەوەی كە ئامریكا ئامادەیە هەموو توانای خۆی لە بابەت بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی وەگەڕ بخا، ڕایگەیاند: نابێ هیچ گومانێك لە پێبەند بوونی ئامریكا بە نیسبەت ئەمنیەتی ناوچەو هاوپەیمانانمان لە وڵاتانی هاوكاریی كەنداودا بکرێ. سەركۆماری ئامریكا لە بارەی كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی هاوكاریی كەنداو لە كەمپ دێیوید گوتی: چاوپێكەوتنی ئێمە دەرفەتێكە بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەم مەسەلە كە وڵاتەكانمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ كردەوە تێكدەرانەكانی ئێران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە نزیكەوە هاوكارییەكی چڕوپڕیان لەگەڵ یەكتر هه‌بی. ئۆباما هەر لە بارەی ئێرانەوە گوتی: ڕوون‌و ئاشكرایە كە ئێران لە وڵاتە جۆراوجۆرەكانی ناوچەدا خەریكی كاری مەترسیدارو تێكدەرانەیە. جوان دیارە كە ئێران پشتیوانی لە تێرۆریسم دەكا. ئەم وڵاتە یارمەتیی بەهێز كردنی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە دەدا، هەروەها پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان‌و حەمماس له‌ غەززە دەكا و لە لایەكی دیكەشەوە هاوكاری حوسییەكانی یەمەنه‌؛ هەر بۆیە، وڵاتانی ناوچە، زۆر بە توندی نیگەرانی هەوڵە تێكدەرانەكانی ئەم وڵاتە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستن. سەركۆماری ئامریكا لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: تەنانەت سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە هه‌وڵ بۆ ئیمزاکردنی ڕێككەوتنامەی ناوكی له‌گه‌ل ئێران دەده‌ین، بەڵام ویلایه‌ته‌ یەكگرتووەكان دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر چاوه‌دێریی ره‌فتاڕو هەڵسوكەوتی سەرەڕۆیانەی كۆماری ئیسلامی ده‌کا. ناوبراو لە بابەت پەروەندەی سووریەو داهاتووی به‌شار ئەسەد گوتی: ماوەیەكی زۆرە ڕێژیمی به‌شار ئەسەد مەشرووعیەتی نەماوەو پێویستە دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە بگوازرێتەوە.