کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاچاغی داودەرمان لە ئێران بایی زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلاره‌

05:58 - 24 بانەمەڕ 2715

ڕەسووڵ دیناروەند، جێگری وەزیری بێهداشت‌و سەرۆكی ڕێكخراوی خواردەمەنی‌و دەرمان ده‌ڵێ لە ئێران بڕی قاچاغی داودەرمان لە بەشی سڵامەت‌و بێهداشت‌دا زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلارە. ناوبراو ده‌ڵێ یەكەمین دەرەنجامەكانی هاوردەكردنی بەرهەمە دەرمانییەكان لە ڕێگەی قاچاغەوە بۆ ئێران لەنێوچوونی بەرهەمهێنانی دەرمانی نێوخۆییە. جێگری وەزیری بێهداشت هەروەها ده‌ڵێ بەم پێیە كە بەهیچ شێوەیەك چاوەدێری بەسەر چۆنیەتی‌و پاراستنی دەرمانە قاچاغەكاندا ناكرێ، سڵامەت‌و تەندرووستی گشتی كەوتۆتە بەر پەلاماری داودەرمانە قاچاغەكان كە هەر نەبێ سەدی ٣٠ تا سەدی ٤٠ی ئەم دەرمانانە ساختەن. ئەم دەرمانە قاچاغانە لە وڵاتانی داروسێی وەك هیند‌و پاكستان بەرهەم دێن. وڵاتانی چین، هیند و پاكستان لە ئاستی جیهاندا به‌ گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دەرمانی قاچاغ داده‌نرێن‌و ئەم ٣ وڵاتەش مامه‌ڵه‌ی زۆرو بەربڵاوی داودەرمانیان لەگەڵ ئێران هەیە. حەمید خێری، بەرپرسی پێوەندییە گشتییەكانی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران، ده‌ڵێ لە ساڵی ٢٠١٢ قازانجی قاچاغی داودەرمان لە جیهان تا ئاستی ٧٥ میلیارد دۆلار ڕۆیشتووه‌و لەم نێوەدا ئێران وەك گەورەترین هاوردەكاری دەرمانی قاچاغ لە سەرتاسەری جیهان ناسێندراوە. بەم شێوەیە، قاچاغی دەرمان هاوڕێزی تیجارەتی چەك‌و چۆڵە و لەوانەیە وەك بەسوودترین تیجارەتی جیهانیش لە قەڵەم بدرێ. دانپێدانانی جێگری وەزیری بێهداشتی ئێران لە بابەت قاچاغی داودەرمان لەم وڵاتە، پێویستیی پێداچوونەوەی ڕێژەی ڕاستەقینەی قاچاغ لە ئابووریی ئێراندا تۆختر دەكاتەوە. چونكی ئەگەر بە تەنیا قاچاغی دەرمان بگاتە زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلار، دەردەكەوێ كە ئیدیعای ستادی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ قاچاغی كاڵاو دراو لە ئێران بەدوور لە ڕاستییە، چونكی بەپێی لێكدانەوەكانی ئەم ستادە نرخ‌و پشكی گشتیی قاچاغ لە ئابووریی ئێراندا لە نێوان ٢١ تا ٢٤ میلیارد دۆلار هەڵسەنگێندراوە.