کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی بۆ ئاژانسی "ئانادۆڵ": "ستراتێژی ئێران خوڵقاندنی قەیرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

16:23 - 24 بانەمەڕ 2715

سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان، خالید عەزیزی باسی رەوشی ناوچەکە و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران دژی ئەو وڵاتە و هەروەها مافی خەباتی چەکداری و نموونەبوونی تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەکات. هه‌ولێر - فەخرەدین ئیبراهیم دوای مەرگی گوماناوی کچە کوردێک بە نێوی فەریناز خوسرەوانی کە کارمەندی هوتێلێک بوو لە شاری مەهاباد، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شارە کوردییەکان و تەنانەت کوردەکانی خستە سەر شەقام و داوا لە حکوومەتی ئێران کرا لەسەر ئەو رووداوە روونکردنەوە و تاوانبار یان تاوانبارانی بە سزا بگەیەنێ. خەڵکی مەهاباد پێیان وایە بە هۆی ئەوەی کەسێک ویستوویەتی دەستدڕێژی بکاتە سەر فەریناز، ناوبراو ناچار بووە لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلەکە خۆی بخاتە خوارەوە. خۆپێشاندانەکەی شاری مەهاباد توندوتیژی لێکەوتەوە و هۆتێل تارا کە ئەو شوێنە بوو رووداوەکەی لێ قەومابوو، ئاگری تێبەردرا. ناڕەزایەتییەکان چەندین شار و تەنانەت رەوەندی کوردی لە ئەورووپاشی گرتەوە و داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرا کە ئەو دۆسیە پەردەپۆش نەکرێ و لە دادگایەکی دادپەروەرانە یەکلایی بکرێتەوە. دوای ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە، کۆمەڵیک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بانگەوازی بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتییان لە کوردستانی ئێران کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوە بچێت. ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو پرسەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان خالید عەزیزی تاوتوێ کرد و بەڕیزیان بەو شێوەیە دوان: دەقی دیمانەکە: پ: خوێندنەوەیەکی گشتیتان بۆ رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی ئێران بەدوای رووداوی فەرینازی خوسرەوانی چییە؟ خالید عەزیزی: "ئەوەی لە کوردستانی ئێران رووی دا کۆمەڵێ فاکتۆر بەشدارن. فاکتۆری سەرەکی لێرەدا کۆمەڵانی خەڵکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەدوای ٣٦ ساڵ خەبات و تێکۆشان بەدژی کۆماری ئیسلامی ئێستاش ئەو حکوومەتە دان بە مافەکانیان نانێت و مافی نەتەوەییان لەبەرچاو ناگرێت. لایەکی دیکەی دۆسیەکە خودی ئێرانە کە هەتا ئێستە تەواوی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستانی ئێران بە سەرکوت و بەمیلیتاریزەکردنی کوردستان وەڵام داوەتەوە. لە نەتیجەدا لە کوردستان رقێکی پیرۆز هەیە خەڵک بەگشتیی ناڕازین هەر دەرفەتێک کە دێتەپێشێ کەڵکی لێوەردەگرن. رووداوی مهاباد ئەو دەرفەتەی هێنایەگۆڕێ کە لە راستیدا خەڵک بەئیعترازکردن، ویست و داخوازییەکانی خۆیان بێننەگۆڕێ. بەبڕوای ئێمە بۆ جارێکی تر دۆسیەی کوردستانی ئێران لە میدیاکان و گۆڕەپانی سیاسی جیهاندا بووە رۆژەڤ". پ: بەهۆی ئەو رووداوانەوە کە لە کوردستانی ئێران رووی داوە ئەمڕۆ پێنجشەممە چالاکی مەدەنی نێوخۆ، وەکو رۆژی مانگرتنی گشتی دیارییان کردووە، چ پەیامێکتان بۆ ئەو مانگرتنە هەیە؟ خالید عەزیزی: "یەکەم ئێمە پێمانوایە مانگرتن، خۆپێشاندانی خەڵک لە کوردستانی ئێران مافی تەواوی ئەو خەڵکەیە. هەر کردەوەیەکی هێمنانە کە خەڵک مافەکانی خۆیان بێننەگۆڕێ ئەوە هەقێکی سرووشتی خۆیانە و نابێ ئەو هەقەیان لێ بسێنیتەوە تەنانەت ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ دەستووری ئێرانیش هەرچەند ۆارادۆکسی زۆرە بۆ نموونە لە شوێنێک مافێکت دەداتێ و لە شوێنێکیتر لێت دەستێنێتەوە، لەوێشدا دەرفەتی خۆپێشاندان و مانگرتن هەیە. ئێمە هیوادارین ئەو مانگرتنانە لە پەرەسەندندا بێت بەتایبەت ئێستە کە کەسانێک گیراون و دەبێ بە فشاری هەموولایەکمان دەوڵەتی ئێران ناچار بێت تەعامولێکی مەعقوڵانە و مەسئولانەیان لەگەڵدا بکات و هەموولایەک هەوڵ بدەین لە پێناوی ئازادکردنیاندا". پ: لەپاڵ ئەوەی کە بەردەوام باسی پاڵپشتی لە خەباتی مەدەنی دەکەن بەڵام باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەگەری دەسپێکردنی شەڕی چەکداری لەلایەن ئێوەوە دژی ئێران لەئارادایە، ئەم ئەگەرە هەتا چەند بەهێزە؟ خالید عەزیزی: "پێشەکی پێمخۆشە بڵێم لەو رۆژەی کە دانوستانی خەڵکی کورد لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران '١٩٧٩' لەئارادا بوو، بەتایبەت حزبی دیموکرات کە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتیانە بوو بەڵام ئێران قبووڵی نەکرد و شەڕی بەسەر کورد داسەپاند، لەو رۆژەوە هەتا ئێستە هیچ ئاگربەستێکی فەرمی لە نێوانماندا نەبووە و نییە. ئەوەی کە ئێمە شەڕی چەکداریمان راگرتبوو بەڕەچاوکردنی کۆمەڵێک تێبینی بوو. ئێمە لە هەمانکاتدا کە رێز بۆ چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆیی وڵاتەکەمان دادەنێین بەڵام هەرگیز پێمان وانییە کە خەباتی مەدەنی دەبێ وەکو ئەڵتەرناتیڤ لە بەرامبەر خەباتی چەکداری چاوی لێ بکرێت هەروەها بەپێچەوانەیشییەوە. ئێمەی کورد پێویستیمان بە خەباتی مەدەنی، خەباتی چەکداری و خەباتی دیپلۆماسیش هەیە. خەباتی چەکداری لە روانگەی ئێمەوە لە روانگەی حزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەقی مەشرووعی خۆمانە دیفاع لە خۆمان بکەین. هەرگیز ئێمە شەڕمان لەگەڵ ئێران دەسپێ نەکردووە بەتایبەت لە ناوچەیەکدا کە هەمووکەس چەکدارە. ئەمریکا، تورکیا، عێراق هەموویان چەکدارن. ئێران دەیان هێزی چەکداری هەیە بۆچی بۆ ئێران رەوایە کە هێزی سوپای پاسدارانی هەیە و لە ‌هێزی دیکەش لە کوردستان بۆ بەرگریی لە خۆی کەڵکوەردەگرێت ئەی بۆچی ئەم ماف و هەقە بۆ ئێمەی کورد و پێشمەرگەی کوردستان رەوا نییە کە بەرگریی مەشرووعی چەکداریی لە خۆمان بکەین؟ بۆیە بەباوەڕی من لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە کوردستانی ئێران دەبێ ئەو مافە بۆ خۆمان مەحفووز بکەین کە هەرکاتێک بەدرووستمان زانی، بەپێویستمان زانی، خەباتی چەکدارانە وەک مافی بەرگریی مەشرووع لە خۆمان کەڵکی لێوەر بگرین". پ: لەم خۆپێشاندانەی دواییدا لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە ئێوە تۆمەتبار کراون بەدەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە و هەروەها چەند چالاکێکی نێوخۆییش هەمان خوێندنەوەیان بۆ رووداوەکان هەیە. چۆن وەڵامی ئەم پێکدادانە دەدەنەوە؟ خالید عەزیزی: "ئێمە لە خەباتێکی بەرین و بەربڵاو دژی ئێرانین و ئێستە کە ئەم دۆخە لە گۆڕەپانێکی گەورەی میدیایی بەدژی ئەو دەسەڵاتە هاتووەتەگۆڕێ، هیوادارم ئەوانەی لە نێوخۆ لە دەرەوە و ئێمەش وەکو حزبەکانی سیاسی بەجۆرێک رەفتار نەکەین کە یەکتر بێشێنین. بێگومان چالاکی نێوخۆی وڵات بەپێی دۆخی ئەوێ هەڵسوکەوت دەکەن، ئەوانەی دەرەوەی وڵات و ئێمەش هەروتر. کەوایە ئێمەی کوردی ئێران هەموومان لە یەک کەشتی داین و هەموومان بەیەکەوە دەبێ بیگەیەنینە شوێنی مەبەست. من رێزم بۆ هەوڵ و تێکۆشانی هەموولایەک هەیە و دەیشبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە هەمانگیمان بەیەکەوە هەبێت چونکە ستراتیژی سەرەکی ئێران ئەوەیە بەشێوازی جۆراوجۆر لە نێوانمان ناکۆکی دروست بکات". پ: چ هەنگاوێکتان ناوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران؟ خالید عەزیزی: "پێمخۆشە لەو بارەوە قسەیەکی دکتۆر قاسملوو وەبیر بێنمەوە کە 'ئەگەر شەڕ لە کوردستان یەک رۆژ وەدوا بکەوێت کورد یەک رۆژ زیاتر قازانجی کردووە'، ئەوە بەردی بناغەی سیاسەتی ئێمەیە. حزبی دیموکراتی کوردستان کاتی خۆی کە پێشەوا قازی محەمەد دایمەزراندووە بۆ ئیدارەی وڵات دانراوە بۆ قانوونمەندی دانراوە، کابینەی هەبووە. ئەو حکوومەتەی کە پێکهات لە نەتیجەی شەڕدا پێک نەهاتووە. فەلسەفەی وجوودی حزبی دیموکرات چارەسەریی کێشە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە رێگەی دانوستانەوەیە بەڵام ئێران هەتا ئێستا هیچ ئیستعدادێکی نیشان نەداوە و بەناوی دانوستانەوە لەگەڵ رێبەرانی ئێمە دانیشتووە و تیرۆری کردوون. بۆیە مەجبوور بە دیفاع لە خۆمان بووین. ئێستاش هیوادارم ئەگەر کەسانێک لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێراندا مەعقووڵانە و واقعبینانە بیر دەکەنەوە ئەوەیان لەبەر چاو بێت دۆسیەی کورد لە کوردستانی عێراق، لە کوردستانی سووریا، لە کوردستانی تورکیا بووەتە ئەمری واقیع و لە کوردستانی ئێرانیش چیتر ناتوانن لەبەر چاوی نەگرن و تەنها رێگەی دانوستانە. نە ئێمە لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردوودا توانیومانە ئێران بڕووخێنین نە ئەوانیش توانیویانە ئێمە لەناو بەرن. کەوایە هەروولامان ئەمری واقعین و لە وەها دۆخێکدا گەڕانەوە بۆ دانوستان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. هیوادارم دژکردەوەی کۆمەڵانی خەڵک پاش رووداوی مهاباد بۆ جارێکیتر ئەو پەیامە بۆ هەموولایەک بنێرێت کە ناتوانن چیتر دۆسیەی کورد لەبەر چاو نەگرن". پ: پێتان وایە تورکیا دەتوانێ نموونەیەکی باش بێت بۆ چارەسەری کێشەکە واتە پرسی کورد ببێتە رۆژەڤ و هەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنی؟ خالید عەزیزی: "بەباوەڕی من تورکیا لەم پێنج، شەش ساڵەی دواییدا زۆر چووەتەپێشێ و ئێمە بەشبەحاڵی خۆمان زۆر تەشویق و تەقدیری ئەوە دەکەین و ئەوەی کە دیموکراسی تورکیا دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ لێکحاڵیبوونێکی بەرپرسیارانە لە نێوان کورد و تورک، دەتوانێ لە داهاتوودا نموونەیەک بێت. هیوادارین ئەوەی لە تورکیا بەڕێوەیە پەیڤێک بێت بۆ کاربەدەستان و کۆمەڵگەی ئێرانی کە پاش دەیان ساڵ کێشەی تورکیا لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی کورد، ئەو وڵاتەی بەو نەتیجەیە گەیاند کە لەگەڵیان دانوستان بکات. بەباوەڕی من ئەوە دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە نموونەیەک. خۆ ئێران ناتوانێت ئەم نموونانە لەبەرچاو نەگرێت. رەفتاری ئێران لەگەڵ کورد رەفتارێکی شارستانیانە نییە و هیوادارم لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و هەروەها وڵاتانی دەوروبەر وانەیەک بێت بۆ ئەوان کە چارەسەری کێشەی کورد وەکو دەستووری کار بۆ خۆیانی دابنێن". پ: لەم دۆخەی ئێستەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی ئێران چۆن دەبینیت؟ خالید عەزیزی: "ستراتێژی ئێران خوڵقاندنی قەیرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یەمەنەوە بگرە هەتا سووریا و لوبنان و عێراق و لەمدواییانەشدا بە ئیحتمالی زۆر دروستکردنی کێشە و کەڵکوەرگرتن لە شیعەکان لە وڵاتانی کەنداو، وردە وردە شەڕی شیعە و سوننە بکات بە ئەمری واقیع. ئێران تێدەکۆشێت هەستی شیعەکان لەو وڵاتانە بۆ لای خۆی رابکێشێت و بۆچوونێکی وەها لە نێویاندا بێنێتەئاراوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت سوننەکان لە ناوچەکەدا شیعەکان لەناو دەبەن. ئێمە پێمانوایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەبێت هەردوولای شیعە و سوننە بەشێوەیەکی شارستانیانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لە روانگەی ئێمەوە ئێران بۆ داپۆشینی کێشەکانی نێوخۆیی بەتایبەت ئەم رووداوانەی کە لە کوردستانی ئێران لەم دواییەدا هاتوونەتەئاراوە، پێشبینی ئەوە دەکەین ئێران لە داهاتوودا کێشەی زۆرتر بنێتەوە زۆرتر نائەمنی و زۆرتر قەیران بنێتەوە و لە راستیدا بەشێکی زۆری ستراتیژییەکە لەبەر ئەوەیە کە بە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و دەوروبەر بڵێت ئێران دورگەیەکی ئارامە و ئەوە وڵاتانی ئێوەیە کە شێواوە. ئەگەر وڵاتانی دیموکرات و ناوچەیە دەیانەوێ بەرپرچی ئەم سیاسەتەی ئێران بدەنەوە تاکەڕێگە ئەوەیە پشتیوانی داوای رەوای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد بدەنەوە کە داوایەکی رەوا و مەشرووع بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤیان هەیە". لینکی بابەتەکە