کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی بۆ ئەلجەزیرە: بۆ ئێران ئاسان نییە هەیمەنەی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ

18:27 - 24 بانەمەڕ 2715

خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەدا بەرگریی لە خۆپیشاندانەکەی خەڵکی مەهاباد‌و سەردەشت کردو گوتی هەموو هەوڵی ناوەندە ئەمنیەتییەکان ئەوەیە لە ڕێگەی سەرکوتەوە نەهێڵن ئەو خۆپیشاندان‌و ڕاپەڕینانە پەرە بستێنن. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو وتووێژەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیری کوردستان دەکاو جیا لە هێزە چەکدارە هەمیشە جێگیرەکانی خۆی لە کوردستان؛ لەو ماوەیەدا هێزێکی زۆری دیکەی سەرکوتی لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە خزاندۆتە کوردستان‌و دەیەوێ لەئەگەری هەر ڕاپەڕینێک‌دا بەکاریان بێنێ. خالید عەزیزی لە وەڵامی هۆکارەکانی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان باسی ئەوەی کرد کە هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی نیزامی سیاسیی وڵات نەیویستوە گوێ بۆ داوای کورد بگرێ، هەر بۆیە شەڕێکی ناحەق‌و ناڕەوای بەسەر کورددا سەپاندوە کە تا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە سیاسەتی بە ئەمنیەتی کردنی کوردستان وایکردوە بارودۆخی ئابووری‌و کۆمەڵایەتیی کوردستان زۆر لە پاش ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە بێ، نیزامی سیاسیی ئێران بە چاوی غەیرەخودی لە کورد دەڕوانێ‌و کوردەکانیش هیچ متمانەیەکیان بە دەسەڵات نییەو هەر بۆیە هەموو ڕۆژێ چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێ رووداوی لە چەشنی ئەوەی لە مەهاباد ڕووی دا لە هەر شوێنێکی کوردستان ڕوو بدا. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی ئەم ڕووداوانە ئەو دەرفەتە بە کوردەکان، وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە ئێران دەدا کە دژی سیاسەتی جیاوازیدانان کە ڕێژیم بەسەر کوردستاندا زاڵی کردوە دەنگ هەڵبڕن، ڕێژیمیش هەوڵ دەدا نەیەڵێ ئەو ناڕەزایەتیانە ناوچەکانی کوردستان هەمووی بگرێتەوە، بەڵام خەڵکی کوردستان مێژوویەکی دوورو درێژیان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی هەیەو بۆ ئێران ئەوەندە ئاسان نییە هەیمەنەی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ.