کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندوتیژی ئێران لە بەغدا بۆ داپۆشینی خۆپێشاندانی کوردستان

04:05 - 25 بانەمەڕ 2715

یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعە لە عێراق، ئێران بە رووداوەكەی كازمییە لە شاری بەغدا تۆمەتبار دەكاو ده‌ڵێ، ئێران دەستی لە پشت ئەو رووداوەوە هەیە. ئایه‌توڵلا مه‌حمود ئه‌لحه‌سه‌ن، مەرجەعێكی شیعە لە عێراق ده‌ڵێ ئێران لە پشت رووداوە توندوتیژییەكەی شاری كازمییەوەیە، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بەهۆی هێرشێكی زیارەتكەرانی ئیمام موسا كازم بۆ سەر بارەگای وەقفی سوننە ڕووی داوه‌. ناوبراو پێی وایە، ئێران بۆ ئەوەی شەپۆلەکانی خۆپیشاندانی ناڕەزاییەكانی ناوچەکانی كورستان لە ئێران داپۆشێ، ئەو كارە توندوتیژییەی لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق کردوه‌. لەبەیاننامەیەكدا كە لەسەر ماڵپەڕی ئایه‌توڵلا مه‌حمود ئه‌لحه‌سه‌ن كە یەكێكە لە مەرجەعەكانی شیعە لە نەجەف بڵاو كراوەتەوە، راگەیاندراوە کە ئەو تاوانانەی میلیشیاکانی تایفی لە شاری كازمییە کردوویانه‌، ئێرانی لە پشتەوەیە. لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو تاوانانە كە لە عێراق روو دەدەن، لە چوارچێوەی پلانی ئیمپراتۆریی ئێرانە بۆ ئەوەی بەرگری له‌ بەرژەوەندییەكانی ئەو ئیمپراتۆرە بکرێ‌و بپارێزێتیش. ئایه‌توڵلا مه‌حمود ئه‌لحه‌سه‌ن، لە بەیاننامەكەدا ده‌ڵێ ئێران نه‌یشاردۆته‌وه‌ که‌ نەك بەغدا بەڵكوو هەموو عێراق بە كوردو سوننەو شیعە پایتەختیی ئیمپراتۆری ئێران دەبێت. مەرجەعەكەی شیعە لە بەیاننامەكەدا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران هەوڵ دەدا فیتنەو دووبەرەكی له‌ نێوان هۆزو جۆراوجۆرییه‌کان لە عێراق دروست بكا بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی زیاتر بەسەر عێراقدا بیسەپێنێ. لە بەیاننامەكەدا مەرجەعی گەورە ئایه‌توڵلا مه‌حمود ئه‌لحه‌سه‌ن‌دا باسی ئه‌وه‌ش کراوه‌ که‌ بە رووداوەكەی شاری كازمییە، ئێران دەیەوێ ئەو خۆپێشاندانە ناڕەزاییانە داپۆشێ كە ماوەی چەند رۆژێكە شارەکانی كوردستانی ئێرانی گرتۆته‌وه‌. شایانی باسه‌ ئایه‌توڵلا مه‌حمود ئه‌لحه‌سه‌ن بەڕەگەز عەرەبی عێراقەو لە شاری كازمییە لەدایک بووەو لە بەشی زانستی ئایینی شیعە لە نەجەف خوێندوویەتی. لەسەردەمی سەرۆکوەزیرانی مالیكیشدا، بەدەیان كەس لە لایەنگرانی سرخی لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە بەهۆی بەرهەڵستکاربوونیان دژی سیاسەتەکانی مالیکی، کوژران و دەستگیر كران.