کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانه‌کانی پشتیوانی له‌ ناره‌زایه‌تییه‌کانی مه‌هاباد له‌ شاره‌کانی کۆڵن‌و فڕانکفۆرتی ئاڵمان

00:52 - 26 بانەمەڕ 2715

بۆ پشتیوانی له‌ ناره‌زایه‌تییه‌کانی مه‌هاباد له‌ شاره‌کانی کۆڵن‌و فڕانکفۆرتی ئاڵمان دوو خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو. له‌سه‌ر بانگهێشتی کومیتەکانی چوار حیزبی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی ئەو ڕووداوه‌ی لە هوتیل تارای شاری مەهاباد ڕووی‌ داو گیان لە دەستدانی فەریناز خوسرەوانی لێکه‌وته‌وه‌، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری مەهابادو هاوخەمی و هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە لە شاری کوڵن بەڕێوە چوو. له‌و خۆپیشاندانه‌دا پەیامی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی کوردستان خوێندرایەوەو له‌ درێژەی بەرنامەکەدا سوڵتان گوڵاوی له‌سه‌ر ئه‌م رووداوە باسێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بەکر لەگزی سرودێکی پێشکەش بە بەشداربووان کردو هەروەها پەیامی سەنتەری ژنانی کوڵن‌و په‌یامی هاوبەشی چەند رێکخراوی ژنان لە لایەن کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵاتەوە خوێندرایەوە. لەم ئاکسیونەدا چالاکانی ماڤی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان، کەسایه‌تییە سیاسییەکان‌و هەروەها کەسایه‌تییە سەربەخۆکان بەشدارییان کردو بە مه‌حکوومکردنی ئەم ڕه‌فتاره‌ی کۆماری ئیسلامی دەنگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان هەڵبڕی. به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی هه‌واڵی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێکخه‌رانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ کۆمەڵەی شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون. هه‌روه‌ها لە سەر بانگەوازی کومیتەی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە وڵاتی ئاڵمان کە زۆربەی هەرە زۆری حیزب‌و ڕیکخراوە کوردستانی‌و ئێرانییەکانی نەیاری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، تێیدا بەشدارن، خۆپیشاندانێک لە بەردەم کۆنسوڵگەری ڕێژیمی ئیسلامی لە شاری فڕانکفۆرت ڕێک خرا. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بە بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان‌و دەیان دروشم‌و وێنەی جۆراوجۆر سیاسەتە دژی گەلەییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە قاو دا. هاوکات بۆ دەربڕینی هاوپشتی بۆ خەڵکی مەهابادو شارەکانی دیکە کوردستان‌و هەروەها ڕیسوا‌و مەحکوم کردنی سیاسەتی سەرکوت‌و گرتنی ئەو ڕێژیمە دژ بە خەڵکی کوردستان دەیان دروشمی جۆراوجۆر گوترانه‌وه‌. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا دەیان لاپەرە بەیاننامە کە له‌سه‌ر بارودۆخی نێوخۆیی ئێران‌و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان بە زمانی ئاڵمانی نووسرابوون، بە سەر ڕێبوارانی ئەو شوێنه‌دا بڵاو کرایەوە. پێویست بە ئاماژەیە کە لە درێژەی کۆبوونەکەدا چەندین پەیام لەلایەن بەشدارانەوە خوێندرانەوە کە تێیاندا جگە لە مەحکوومکردنی سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم لە کوردستان، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوانی ڕرووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردوویان کردبوو و هاوکات پشتگیری قاییمی خۆیان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردبووەوە.