کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای نووسه‌ران‌و ئه‌دیبانی بۆکان له‌ پارێزگاری ورمێ بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی فه‌ریناز خوسره‌وانی

01:21 - 26 بانەمەڕ 2715

کۆمه‌ڵێک له‌ نووسه‌ران‌و ئه‌دیبانی شاری بۆکان له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ پارێزگاری ورمێ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له‌ دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ کردنی په‌روه‌نده‌ی سومه‌ییه‌ فه‌یزوڵلاپوور ده‌بڕیوه‌و داوایان کردوه‌ په‌روه‌نده‌ی فه‌ریناز خوسره‌وانی به‌ ده‌ردی په‌روه‌نده‌که‌ی سومه‌ییه‌ نه‌چێ. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 45 که‌س له‌ ئه‌دیبان‌و نووسه‌رانی شاری بۆکان له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ قوربانعه‌لی سه‌عاده‌ت، پارێزگاری ورمێ داوای ڕوونبوونه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی فه‌ریناز خوسره‌وانی‌یان له‌ ناوبراو کردوه‌و ده‌ڵێن پێویسته‌ ورده‌کاریی ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌ ئاشکرا بکرێ‌و بیروڕای گشتیی لێ ئاگادار بکرێته‌وه‌. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ ئه‌دیب‌و نووسه‌ره‌ ده‌ڵێن له‌ خاکه‌لێوه‌ی ساڵی 91 دا له‌ بۆکان تاوانێکی مرۆیی ڕووی داو سومه‌ییه‌ فه‌یزوڵڵاپوور، کچه‌ قوتابییه‌کی 17 ساڵه‌ی ئه‌و شاره‌ گیانی لێ ئه‌ستێدندراو ته‌رمه‌که‌ی فڕێ درایه‌ قه‌راغ چۆم‌و 3 ساڵ دوای ئه‌و ڕووداوه‌ ئێستاش لایه‌نه‌کانی ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌ ئاشکرا نه‌کراوه‌و هیوادارین ئه‌مجاره‌یان ته‌رازووی عه‌داڵه‌ت ئه‌مجاره‌یان لاسه‌نگ نه‌بێ‌و حه‌ق به‌ حه‌قدار بگا. سه‌عید نه‌ججاری، ناسراو به‌مامۆستا ئاسۆ، مسته‌فا ئیلخانیزاده‌، به‌رپرسی کۆڕی فێرکاریی ئه‌ده‌ب، حوسێن شێربه‌یگی، خالید عینایه‌تی، جه‌عفه‌ر موختاری‌فه‌ر، سه‌ید حه‌مه‌ده‌مین قوڕه‌یشی، سه‌ید یاسین قوڕه‌یشی‌، هێمن سۆهرابی چه‌ند که‌س له‌و نووسه‌رو شاعیرانه‌ن ئه‌و نامه‌یه‌یان ئیمزا کردوه‌.