کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆماری چێك ڕێگری لە مامه‌ڵه‌یه‌کیی ئەتۆمیی ئێران كردوه‌

14:02 - 26 بانەمەڕ 2715

كۆماری چێك ڕێگری لە مامه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌تومیی نێوان ئێران‌و شیركەتێكی ئامریكایی لەم وڵاتە كردووە. كارناسانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ده‌ڵێن كاربەدەستانی دەوڵەتی كۆماری چێك ڕێگرییان لە كڕینی بارێك لە لایەن ئێرانەوە كردووە كە دەگوترێ ئەم بارە هەڵگری پیشەسازییە هەستیارەكان بووە كە دەكرێ لە پیتاندنی ئۆرانیۆمدا بەكاریان بێنن. هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەم بارەوە نووسیویەتی: ئەم ڕووداوە دەتوانێ پەرە بە نیگەرانییەكانی ڕۆژاوا لەم بارەوە بدا كە ئایا دەتوانن بڕوا بە ئێران بكەن كە ئەگەر لەگەڵ زلهێزە جیهانییەكانیش بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی بگا، پێبەند بەم ڕێككەوتنە دەبێ یان نا؟ تەوەری سەرەكی ئەم ڕێككەوتنە بەرتەسك کردنه‌وه‌ی چالاكییە هەستیارە ئەتۆمییەكان لە ئێران، بۆ نموونە كەمكردنەوەی ڕێژەی سانتریفیووژەكان لە بنکه‌ ئەتۆمییەكان، لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان بەدژی ئەم وڵاتەیە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ساڵانە كە لە لایەن كۆڕێكی كارناسان بۆ كۆمیتەی گەمارۆكان بەدژی ئێران لە شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادە كراوە، ئێران لە مانگی ژانویەی ٢٠١٥ بە نیاز بووە لە شیركەتی ئامریكایی "هاودێن كی دی ئێس" كۆمەڵێك كۆمپرێسۆر بكڕێ. ئەم كۆمپرێسۆرانە دەتوانن لە بنکه‌ ئەتۆمییەكان‌و بۆ کاروباری نیزامیی دیکه‌ش كەلكیان لێ وەربگیردرێ. كاربەدەستێكی ڕەسمی كۆماری چێك لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆیتێرز پشتڕاستی كردۆتەوە كە ئێران بەنیازی كڕینی ئەم كۆمپرێسۆرانە لە وڵاتی كۆماری چێك بووە كە كاربەدەستانی ئەم وڵاتە پێیان زانیوه‌و ڕێگرییان لێ كردووە.