کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە پێتەختی سویس بۆ پشتگیری لە خەڵکی شاری مەهاباد

14:42 - 26 بانەمەڕ 2715

لە شاری بێرن، پێتەختی سویس خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە خەڵکی شاری مەهاباد ڕێک خرا. ناوەندی هەواڵ- سویس: ڕۆژی هەینی ٢٠١٥/٥/١٥ی زایینی لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری بەڕن،ی پایتەختی سوئیس لە نزیک باڵوێزخانەی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و بە بەشداری کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندان و داخوازیەکانی خەڵکی مهاباد و سەردەشت و باقی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانێک وەڕێخرا. ئەم خۆپیشاندانە کە لە لایان کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە ڕێک خرابوو، لە لایان زۆرێک لە حیزب و ریکخراوە کوردستانیەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و دەنگی خۆیان تێکەڵاوی دەنگی ناڕەزایەتیەکانی مهاباد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایان هاوڕێ زاهید شاعیری داخوازی خۆپیشاندەران بەزمانی کوردی خوێندرایەوە. هەروەها هەمان پەیام بەزمانی ئاڵمانی لە لایان تاڤگە شاعیری خوێندرایەوە. پاشان لە لایان مامۆستا عەزیز ئەحمەدی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خاتوو ئاوێزان ڕەحمانزادە پەیامی یەکیەتی ژنان خوێندرایەوە. لە درێژەی ئەم چالاکیە دا هەریەک لە حیزبی پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سوریە، پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە و کانونی دێموکراتیکی پەناخوازانی ئێرانی، پەیامی پشتیوانی خۆیان پێشکەش کرد. بە دوای ئەواندا پەیامی کەسایەتی سیاسی و ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاک ئەحمەد شێربەگی، لە لایان شاخەوان عەزیزیەوە خوێندرایەوە. مەحەمەد سێوەتاڵی و هەڵبەستوانێکی لاوی ڕۆژئاوای کوردستان هەریەکە پارچە هەڵبەستێکیان پێشکەش کرد. شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی گۆڕەپانەکە بە چەندین ئاڵای کوردستان، وێنەو درووشم و پلاکارت کە چیرۆکی دڕندەی ڕێژیمی ئێرانیان دەگێڕایەوە، ڕازیندرابووەوە، چەندین دروشمیش بە زمانەکانی کوردی و ئاڵمانی دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە دەنگی بەرز گووترانەوە و دەیان لاپەرە بەیاننامە کە بە زمانی ئاڵمانی نووسرابوون، لە ناو ڕێبوارانی ئەم گۆڕەپانەدا بڵاوکرانەوە.