کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەلانانی ٤ وەزیرو ٢ جێگری ڕۆحانی لە هەیئەتی دەوڵەت

14:47 - 27 بانەمەڕ 2715

چوار وەزیرو دوو جێگری حەسەن ڕۆحانی سەركۆماری ئێران لەسەر پۆستەكانیان وەلادنرێن. سایتی ڕەسمیی ئیدارەی سیاسیی سپای پاسداران باسی لە ئەگەری وەلانرانی وەزیرەكانی "نێوخۆ"، "ڕێگەوبان‌و شارسازی"، "وەرزش و لاوان" و "كار" كردووە. ئەم سایتە لە ڕاپۆرتێكدا كە لە سەر ئاڵوگۆڕەكانی داهاتووی كابینەی ڕووحانی‌دا بڵاوی كردۆتەوە، باسی لە ئەگەری ناسێندرانی محەممەد فرووزەندە لەجیاتی عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی وڵات لە لایەن سەركۆمارەوە بە مەجلیس كردووە. بەم جۆرەی كە لە ڕاپۆرتی ئەم سایتەدا هاتووە ئەگەری ناسێندرانی ڕەحمانی فەزڵی بۆ پۆستی جێگریی پارلمانیی سەركۆماریش لە ئارا دایە. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، باس لەوەش كراوە مەجید ئەنساری، جێگری پارلمانی دەوڵەتیش وەك یەكێكی دیكە لە بەربژێرەكانی وەزارەتی نێوخۆ دابندرێ. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باسی لە عەلی عەبدولعەلی زادە كردووە كە لەوانەیە وەك جێگری عەبباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگەوبان و شارسازی ناوی بێتە نێو ئەم لیستەوە. سایتی ئیدارەی سیاسیی سپای پاسداران لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێ كە ڕەنگە كەسانێكی وەك كیوومەرس هاشمی، مۆحسێن مێهرعەلیزادە و محەممەد شەریعەتمەداری لە جێی مەحمود گوودەرزی وەزیری وەرزش دیاری بكرێن. هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سایتە وێدەچێ لە نێو جەعفەر تۆفیقی‌و عەلی عەبباسپووردا یەكێكیان لە پۆستی عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیدا دابندرێن.