کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: ئامریكا سەلاحییەتی قسەکردن لەسەر ئەمنیەتی ناوچەدا نییە

14:50 - 27 بانەمەڕ 2715

دوو ڕۆژ پاش كۆبوونەوەی سەركۆماری ئامریكا لەگەڵ ٦ وڵاتی ئەندامی شورای هاوكاریی كەنداو، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی كردەوە كە ئامریكا سەلاحییەتی ئەوەی نییە قسەلەسەر ئەمنیەتی ناوچە بکا. لەم حاڵەدا حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێرانیش بە لاتاو بە گوێی وڵاتانی ناوچەو دراوسێیەكانی داداوەو دەڵێ باشتر وایە پەنا بۆ كەمپی پێغەمبەرو قورئان بەرن تا ئەوەی ڕوو لە كەمپت دیوید بکەن. عەلی خامنەیی ڕۆژی شەممە، لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كۆمەڵێك كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی‌و باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە كە ئەمنیەتی كەنداو پێوەندیی بە وڵاتانی ناوچەوە هەیە كە بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ یەکتر هەیە نەك ئامریكا. باراك ئۆباما، سەركۆماری ئامریكا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ بانەمەڕ پاش كۆبوونەوەی هابەش لەگەڵ ڕێبەران‌و نوێنەرانی ٦ وڵاتی ئەندامی شورای هاوكاریی كەنداو لە كمپ دیوید گوتبووی ، ئامریكا لە بەرامبەر هەر هێرشێكی بیانیدا لەگەڵ هاوپەیمانانی عەرەبیی خۆیدا دەمێنێتەوەو پشتیان دەگرێ. ڕێبەری ئێران لە قسەكانی خۆیدا ئالی سعوودو ڕێبەرانی عەرەبستانی بە كافرەكانی مەككە شوبهاند. خامنەیی وێڕای ئاماژە بە هێرشەكانی عەرەبستان بۆسەر یەمەن گوتی، لە مانگی حەرامدا، كافرەكانیش لەگەڵ موسلمانان شەڕیان ڕادەگرت، بەڵام ئەوان لە كافرەكانی ئەو كاتی مەككە خرابترن، ئەمڕۆ كەسانێك هەن كە لە مانگی حەرام‌دا بۆمب بەسەر وڵاتی یەمەن‌دا دەبارێنن. شایانی باسە كە گرژیی نێوان ئێران و عەرەبستان پاش هێرشی عەرەبستان بۆسەر یمەن قووڵتر بۆوەو تەنانەت ئێران لە شورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان شكایەتی لە وڵاتی عەرەبستان كردووە.