کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەو جیهان دژی رژێمی ئێرانە

14:06 - 28 بانەمەڕ 2715

کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە، باوەری بەهەناردەکردنی ئینقلابەکەی هەبوو، ئینقلابێک کە لەگەلانی ئێران دزرا و حکومەتێکی دیکتاتۆرو پاوانخوازی شیعەی ئەسنا عەشەریان بونیادنا. هەر لەو کاتەوەش خومەینی وەکوو کەسی یەکەمی ئەو پاوانخوازییە رایگەیاند کە ئەوان نەک حکومەتە شیعییەکەیان دەپارێزن، بەڵکو بۆ ناوچەکەو بگرە بۆ جیهانیشی هەناردە دەکەن. هەر لەو کاتەوە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوڵاتانی ناوچەو بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ژمارەیەک شیعەی تێدابێت، دەستی پێکرد. سەرەتا لە لوبنان لە رێگای تاقمی توندرەوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵاوە دەستی پێکرد، دواتر لە فەلەستین دارودەستەکانی وەکوو حەماس ئاگرەکەی ئێرانیان گەشاندەوە. دوای ئەوانەش لە سوریەو عێراق و بەحرەین و ئێستاش لە یەمەن. جا هاوردەکەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو ئەو وڵاتانە لە کاولکاری و کوشتوکوشتار زیاتر نەبووە. دەستێوەردانی ریژێمی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان وایکرد کە دوژمنایەتی نێوان لوبنان و وڵاتانی ناوچە پەرەبستێنێت، و لەوەش کارەساتبارتر لوبنان تووشی شەرێکی ناوخۆی کارەساتبار بوو. لەفەلەستینیش ریژێمی ئێران گەورەترین بەربەستی پێکنەهاتنی ئیسرائیل و فەلەستینە، چونکە هەتا گفتوگۆکان لەئەنجام نزیک دەبنەوە، حەماس بە ئەمری ئێران تێکیدەدات. لەو ساڵانەی دواییشدا شوێن پێکانی رێژیمی تاران لە سوریە بەروونی دەبینرێت، بەرهەمی پێداگری ئێران لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەدیش کوشتاری زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی بێ تاوانی ئەو وڵاتە بووە. لە عێراقیش هەتا گفتوگۆی ئاشتی نێوان شیعەو سووننەو کوردەکان گەرم دەبێت، سوپای قودس بۆ تێکدانی ئامادەیەو رێگە نادات پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لەیەک تێبگەن و رێکبکەون. لەچەند حەفتەی رابردووش ترۆپکی دەسەڵاتخوازی دەسەڵاتدارانی ریژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەمەن دەبینرێت، گروپێکی نارازیی لەحکومەتی یەمەن بەناوی حوسییەکان لەرێگەی حکومەتی ئێران و سوپای پاسدارانەوە پرچەککراون و دەستیشیان بەسەر نیوەی یەمەندا گرتووە،و رۆژانە بەسەدان هاووڵاتی هەژارترین وڵاتی ناوچە تێدادەچن. هەموو ئەو سەرەرۆیانە لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی روون و ئاشکران، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا دۆسییەکی گرنگی وەکوو گفتوگۆ ئەتۆمییەکانیان لەگەڵ تاران هەیە، هەربۆیەش کەمتر پڕژاونەتە سەر ئەو پاوانخوازییە ناوچەییەی رژێمی ئێران، بەڵام وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی کەنداو بەسەرکردایەتی عەرەبستانی سەعودی لە یەمەنەوە ستۆپێکی بە کۆماری ئیسلامی ئێران لێداوەو بەئاشکرا شەری ساردی لەگەڵ تاران راگەیاندووە، شەڕێک کەهەتا لێواری تەقینەوە چووەو ئەگەری کارەساتی گەورەو بگرە شەڕێکی گەورەی ناوچەیی لێدەکرێت. جگە لەوەی سەعوودی بەئاشکرا لەرێگەی فرۆکە شەڕکەرەکانی یەوە لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لەناوچە دەدات، هاوکات هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتە زلهێزەکانیشدا سەپاندووەو مەلیک سەلمانی سەعودی بانگهێشتنامەکەی باراک ئۆبامای بۆ کەمپ دەیڤید رەتکردەوەو وەلیعەهدی خۆی نارد. ئەوەش وەکوو نارەزاییەک بەرامبەر بەگوتەی ئەوان ئەو نەرمی نواندنەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەیکات، بەڵام لە بەیاننامەی کەمپ دەیڤیددا ئەمریکا بەڵێنی پاراستنی ئەو وڵاتە عەرەبانەی لەبەرامبەر ئێران پێداون و تەنانەت لەبڕگەیەکی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمریکا لەکاتی پێویست لەبەرژەوەندی وڵاتە هاوپەیمانە عەرەبەکانی شەڕیش دەکات. ئەوەش هەرەشەیەکی ئاشکراو روون بوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەهاوکێشە ناوچەییەکاندا بەتەنیا بمێنێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران دوای زیاتر لەسێ دەیە هەناردەکردنی تیرۆر بۆ وڵاتانی ناوچە بەپاساوی ناردنی شۆرشی ئیسلامی و بەگوتەی خۆیان پاراستی وڵاتە زوڵملێکراوەکان لەلاوازترین و بێدەرەتانترین قۆناغەکانی ژیانیدایە، لەرووی سیاسیی لەهەموو کات زیاتر لەپەراوێزدایە، لەرووی ئابووری بەتەواومانا مایەپووچ بووە، بەشێوەیەک کە سەرفیترەی کۆمیتەی ئیمدادیشیان لەبڕی ئەوەی بیدەن بە هەژاران لەپرۆژە عومرانییەکانیاندا خەرجی دەکەن، لەهەمووشیان گرنگتر خۆفی تیرۆری ئێران لەلایەن گروپێکی تیرۆریستی تووندتر لەخۆی بەناوی داعش شکاوە. لەو حاڵەتەدا خەڵکی ئێران بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت دەبێ وشیاربن. راستە دیکتاتۆرەکان کەهەست بەمەترسی دەکەن، هیستریا دەیانگرێت و دەست لەکەس ناپارێزن، بەڵام رۆژ لەگەڵ رۆژ لەتەمەنیان کەم دەبێتەوەو ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە لەسەر کاغەزو لەسەر واقیع دژی ئەو ریژێمەن، و دەکرێ نوخبەی سیاسیی و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باشترین کەڵکی لێوەربگرن.