کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رقی پیرۆزی مەهاباد، لە میدیا جیهانیەکاندا

22:22 - 30 بانەمەڕ 2715

جاناتان رەنداڵ لە کتێبی قاسملووی کوردان دا دەلێ: «مهابادێك سێمبولی‌ ناسیۆنالیزمی‌ كوردی‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدایە» ئەمە وتەی نوسەرێکی ئەمریکاییە کە ئاوا باس لە مەهاباد دەکات. ئەگەر باس لە ناسیۆنالیزمی کوردی دێتە پێش یەکەم جار ناوی مەهاباد دێت، کاتێک کە باسی سەرکردە ناسیۆنالیستەکان دەکرێ شاری مەهاباد پشکی شێری بەردەکەوێ، کاتێک باس لە بەرخۆدان و رقی پیرۆز دەکرێ دوبارە شاری مەهاباد دەبێتە ناوەندی ئەو ڕاسان و راپەرینانە، بەدرێژایی سەدەی رابردوو زۆربەی هەرە زۆری شۆرش و جووڵانەوەی کورد کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەری‌هەوڵداوە بەشی زۆریان لە ناوچەی مەهاباد بوون، لە جووڵانەوەی مەلا خەلیل رابگرە تا دەگاتە ژێکاف و کۆماری کوردستان، ئەمانە نموونەی خەروارێک لە خەبات تێکۆشانی ئەو شارەن. کەباس لە پێشمەرگە و شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ مەهاباد پشکی شێری بەردەکەوێ بە هەزاران شەهید و بە هەزاران پێشمەرگەی ناوچەی مەهاباد لە ریزی هێزەکانی رۆژهەڵاتی و بگرە بەشەکانی دیکەش دا بوونیان هەیە، ئەو ئامارانە بۆ شارێکی نەچەندان گەورە لە حەشیمەت دا بەڵام گەورە لە بەخشەندەیدا بەردەوام ناوەندی سەرنجی میدیایەکانی درەوە بووە. رۆژی ١٣ی بانەمەڕ، کات ٤ی ئێوار شوێن شاری مەهاباد «هوتێل تارا»، گیان لەدەست دانی «فەریناز خوسرەروانی» لەروداوێکی دڵتەزین دا ، خەڵکی مەهاباد رۆژی دواتر دەستی تاوان بۆ کاربەدەستێکی حکوومەتی و خاوەنی هوتێل رادەکێشن. رۆژی ١٥ی بانەمەڕ خەڵکی خوێن گەرمی مەهاباد دوو رۆژ دوای ئەم تاوانە کە دەبینن خەریکە مەرگی کچێکی کورد پەردەپۆش دەکرێت، بریار دەدەن کە نارەزایەتی خۆیان بە گوێی حکوومەت بگەیەنن. رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، خەڵکی شاری مەهاباد دەرژێنە سەر شەقام بە نیشانەی نارەزایەتی دەچنە بەردەم هوتێل تارا، خۆپێشاندانێک کەدەتوانی پێناسەی بکەین بەوەی کە مەهابادییەکان بۆ پارێزگاریی لە کەرامەتی ژن ڕاپەرین. بەداخەوە هەروەک چاوەروان دەکرا، نارەزایەتی خەڵکی مەهاباد بۆ ئەنجام دانی عەداڵەت بە چەک و توندوتیژی وەڵامدارایەوە. ڕاسانی ئەوجارەی خەڵکی مەهاباد لەدوای ماوەیەکی زۆر کپ و بێ دەنگی گۆمی ئارامی ئەو ناوچەیەی شڵەقاند، کە ماوەی چەندین ساڵە باڵی بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان دا کێشاوە، ئەو بێ دەنگیە بەشێوەیەک بوو کە زۆر لە سیاسییەکوردەکانی پارچەکانی دیکە بە ئاشکرا دەیانگوت کە شۆرش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نەماوە، بەڵام رقی پیرۆزی مەهابادییەکان وەڵامێک بوو بۆ هەموو ئەو کەسانە کە پێیان وایە بەرخۆدان و خۆراگری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نیە. بەڵام گرینگی نارەزایەتی مەهابادییەکان کاتێک دیار کەوت کە چەند کاتژمێرێک داوی سەرهەڵدانەکە بە دەیان کاناڵی راگەیاندنی جیهانی هەواڵی ئەو نارەزایەتیەیان بڵاوکردەوە، چەندین کەناڵی راگەیاندنی ئەوروپایی و ناوچەکە سەدرێری هەواڵەکانیان لە سووریە و یەمەنەوە کردە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری مەهاباد. کەناڵی (الجزیرە) یەکێک لە گەورەترین کەناڵەکانی جیهان لە هەردوو کەناڵی خۆیەوە (عەرەبی و ئینگلیزی) ئاوا باسی ڕاسانی مەهاباد دەکات: «نارەزایەتییەکانی کوردەکان لە ئیران بەهێز وەڵامدراوە». ئەلجەزیرە لە چەند گەشتی هەواڵی داو لە راپۆرتێکی دوردێژدا باسی نارەزایەتی کوردەکان دەکات دژ بەحکوومەتی ئێران و شاری مەهاباد بە ناوەندێکی گەورەی شۆرش لە کوردستانی ئیران پێناسە دەکات. کەناڵی (الجزیرە) لە وتوێژێک لەگەڵ بەرێز خالیدی عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان گرینگیەکی تایبەتی دا بەو رووداوانە، کاک خالید لەو دیمانەیەدا گوتی: بۆ ئێران ئاسان نییە هەیمەنەی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ. کەناڵی CNNبەشی عەرەبی لە چەند راپۆرتی جۆراوجۆردا بەم شێوەیە باسی لە رووداوەکانی مەهاباد کرد: خۆکوژی کچێکی کورد فریناز خوسرەوانی «بوعزیزی مەهاباد»، CNN فرینازی بە محەمەد بوعزیزی تونسی بەراورد و دەڵێ ئەگەر لە تونس لەسەر خۆسوتاندنی لاوێک بەهاری عەرەبی دەستی پێکرد، ئێستا لە ئێران کچێکی کورد بە ناوی فریناز خوسرەوانی بۆ دیفاع لەوەی کە کاربەدەستێکی حکوومەت دەستدرێژی نەکاتە سەری خۆی دەکوژێ (٢). لەراپۆرتێکی دیکەی کەناڵی CNN لەسەر رووداوەکانی مەهاباد ، دەلێ: «رووداوەکانی مەهاباد برینی کوردەکانی ئیرانیان نوێ کردوە». لە راپۆرتەکەدا باس لە پێشینەیەکی مێژووی دەکات کە کوردەکان چۆن بوونە قوربانی دەستی حکوومەتی مەرکەزی، کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا وەک نموونە دێنێتەوە و دەلێ رووداوەکانی مەهاباد برینی کوردەکانیان سەر لەنوێ تازە کردوە. کەناڵی سکاڵی نیوز ( SKY NEWS) بریتانیایی لە چەندین راپۆرتی وێنەیی و ڤیدیۆیی دا گرینگیەکی تایبەتی دا بە خۆپێشاندانی مەهابادییەکان، لەو پەیوەندیەدا لە یەکێک لەراپۆرتەکانی دا ئێشارەی بەوە کرد کە ٣٠٠ کەس لە خەڵکی مەهاباد بەدەست هێزە ئەمنیەتییەکانەوە گیراون. ئەو کەنالە لەگەڵ ئەوەی باسی کرد کە کوردەکان کەمە نەتەوەن لە ئێراندا بەڵام تا ئیستا هەر وەک هاووڵاتی پلەدوو سەیر دەکرێن و داواکاری کوردەکان لەلایەن حکومەتی تارانەوە بە گیران و ئێعدام وەڵامدراوەتەوە. هەرەها لە راپۆرتێکی دیکە دا کەناڵی سکاڵی نیوز (SKY NEWS) هەولێ داوەکە رووداوە مێژووییەکان بەیەکەوە گرێ بداتەوە، ئەو دەنووسێ ئەو شارەی کە یەکەم سەرۆک کۆماری کوردی لێ لە سێدارە درا ئەورۆ دوای ٧٠ ساڵ لەهەمان شار خەڵک دژی دەسەڵات دووبارە ڕاپەریونەوە. رۆژنامەی Aftenposten سوێدیی لە راپۆرتێکی رۆژنامەیی و ڤیدیۆیی دا تیشکی خستە سەر ڕاسانی خەڵکی مەهاباد و شاری مەهاباد وەک پایتەختی کوردستان دەست نیشان دەکات و دەلێ کچێکی کورد بۆ پاراستنی ژیانی خۆی لە ترسی دەسترێژی کاربەدەستێکی حکوومەتی خۆی لە تەبەقەی ٤ی هوتێل تارا را دەخاتە خوارەوە. دەنگدانەوەی ئەو رووداوانەی مەهاباد بە جۆرێک بوو کە رۆژنامەکانی تاران نەیانتوانی ئەو کارەساتە وەک کارەساتەکانی تر پەردەپۆش بکەن و بەشی زۆیان رۆژی ١٨ی بانەمەڕ لە لاپەرەی یەکەمەکانیان دا ئێشارەیان کردبوو بە ڕاسانی خەڵکی مەهاباد. لە ماڵپەرە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبووک و تویتێر کە ماتۆری وەرێخستنی ئەو نارەزایەتیانە بوو، بەدەیان هەزار پۆست بە دەیان زمانی جیاواز لەسەر رووداوەکانی مەهاباد بڵاوبۆوە، گرینگی ئەو کارە لە حالێکدا دیار دەکەوێ کە سەفیری هولەند لە تاران یوس دوما (JOS DOMA) لە تویتێری خۆی کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بەو رووداوە و گیان لەدەست دانی فەریناز. فشارەی میدیا جیهانییەکان لەسەر ڕاسانی مەهاباد بە شێوەیەک بوو کە کۆماری ئیسلامی دژکردەوەی نیشاند بدات و هێزێکی زۆر رەوانەی کوردستان بکات و هەر ئەمەش وایکرد کە Amensty internatinal لەبەیانامەیە دا داوای لە حکوومەتی ئێران کرد کە نابێ هێز بەکار بهێنێت دژی خۆپێشاندەران . ئەوانە چەند نموونەیەک بوون لە سەرنجی میدیا جیهانییەکان بە رووداوەکەی مەهاباد. بە پێ ئامارەکانی ماڵپەری گوگل Google تەنها لە ماوەی ٣ رۆژدا زیاتر لە ٣٥٠٠ جار ناوی مەهاباد لە کەناڵەکانی راگەیاندنی جیهانی دا نوسراوە و بڵاوکراوەتەوە. کوردکاناڵ وەک تاکە کەناڵی کوردی رۆژهەڵات و تلویزیۆنی رووداو وەک کەناڵی باشووری کوردستان ئەو رووداوانەیان راستەوخۆ بڵاودەکردەو بەشی زۆری ئەو هەواڵانەی کە لەکورد کاناڵ و رووداو دا دا بڵاو دەبوونەوە، لەلایەن کەناڵە خاریجیەکانەوە وەردەگێراوە سەر زمانەکانی دیکەی جیهان و بۆ خوێنەرانی خۆیان بڵاو دەکردەنەوە. هەرلێرەدا پێوێستە بگوترێ کە جێگای کەناڵی راگەیاندن بەزمانی ئێنگلیزی لە نێو ئێمەی کوردا خاڵیە، بوونی وەها کەناڵێکی راگەیاندن بە زمانی ئینگلیزی دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهان بە شێوەیەکی تر لە کوردەکان بڕوانێت. رووداوی مەهاباد هەرچیەک بوو ئاوا بەو ئاسانیە دامرکاندانەوەی لەلایەن حکوومەتی تارانەوە ئاسان نیە. هەربۆیە پێویستە کە ئەو هەواڵانە بە میدیایی بکردرێت.

سەرچاوە: 1- http://www.aljazeera.com/news/2015/05/150507171113919.html 2- http://arabic.cnn.com/world/2015/05/10/iran-kurds-ptotests 3- http://arabic.cnn.com/world/2015/05/11/mahabad-iran-kurds 4- http://www.skynewsarabia.com/web/article/ 5- http://www.skynewsarabia.com/web/video/744599 6- http://www.aftonbladet.se/nyheter/article20757810.ab 7- Twiter, Facebook 8- Www.kurdistnukurd.com

ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٦ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە