کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات تەوەری: تێکشاندنی تەلیسمەکان

22:51 - 30 بانەمەڕ 2715

چەمکی ڕۆژهەڵات تەوەری و شکڵ گرتنیی بۆ هاوینی پار ڕاست بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە داعش پەلاماری شەنگال و ناوچەکانی دەورووبەری دا و شەڕێکی نەخوازراو و خوێناوی بە سەر باشووری کوردستاندا سەپاند. لەوە گەڕێین کام حیزبی ڕۆژهەڵات داهێنەر و داڕێژەری ئەو چەمکەیە و هەروەها قووڵ بوونەوە پەرەگرتنی چەندە خزمەت بە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکات، بەڵام حاشا هەڵنەگرە هێنانە گۆڕ و هەوڵ بۆ بەڕێژەو کردنی لێکدانەوەی دروستی بارودۆخی ناوچەیی و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و گرتنەبەری جۆر و شێوەی دیکەی تێکۆشان و تێکشکانی تەلیسمەکانی بەردەم خەباتی ڕەوای کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە. کەواتە، ڕۆژهەڵات تەوەری چۆن قووڵ دەبیتەوە ؟ چۆن دەتوانێ تەلیسمەکان تێک بشکێنێ؟ ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی دەسەڵاتی نامەشرووعی ٣٦ ساڵەی بە سەر نەتەوەوەکەمان دا، تێکڕای کوردستانی میلیتاریزە کردوە، دەیان و سەدان هەڵکەوتە و چالاکی سیاسی و رووناکبیری دە قوژبنی گرتووخانەکانی ئاخنیوە، هیچ چەشنە بوار و بەستێنێکی بۆ دەنگ هەڵبڕین و خۆ نواندنی کورد نەهێشتۆتەوە، بێ سڵ کردنەوە ساڵانە دەیان لاوی کورد لە سێدارە دەدا – چەندی بە ئاشکرا، ئەوەندیش بە نەهێنی- پەرە و برەو دان بە بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر و هەوڵ بۆ گیرۆدە بوونی لاوانی کورد دوژمنایەتی زەقی رێژیم لە ئاست خەڵکی کوردستان و لاوەکانی دایە، هەروەها ساڵانە کوشتنی دەیان کۆڵبەری کورد و بە تاڵان بردنی بار و کۆڵەکانیان، دەست وەشاندن لە خەڵکی ناڕازی و گۆڕەوشار و کوشتن و بڕینیان، کوشتنی گوماناوی و نەخشە بۆ داڕێژراوی کوڕ و کچانی کورد و هەوڵی چڕ وپڕی دام ودەزگای دەوڵەتیی بۆ بەلاری بردن و لە داو خستنیان بە مەبەستی چاوترسێن کردن و تواندنەوەی خەباتی نەتەوەیی کورد و نیشتمانی کوردستان، ڕاستییەکن لە کەس و تەنانەت لە بیروڕای نێودەولەتیش شاراوە نین. ترۆری ڕێبەرانی کورد د.قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی لە پێتەختی پێشکەوتووی وڵاتانی ئووروپا، ترۆری خەباتگێڕانی شۆڕشی کوردستان بە تایبەت لە باشووری کوردستان و تورکیە، پێناسەی ترۆریزمی یاغیی نێودەوڵەتی بە رێژیمی ئێران بەخشیوە. ئەو ڕێژیمە، دەستی لە دەیان ترۆری گەورەی دیکەی نێو دەوڵەتی دا هەبووە، دەستی لە پڕ چەک کردنی تاقم و گرووپە توندڕەوەکانی سەربەخۆی نەگێڕاوەتەوە. عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنانی کردوون بە مەیدانی تەراتێنی سەربازانی ئیمام زەمان و بە دنەدان و پشت گرتنی تاقم و دەست و پێوەندەکانی، ئاڵۆزی و پاشان قەیران دەخولقێنێ. بۆیە لە هەر کوێیەک شەڕ، ئاژاوە و ماڵ وێرانی هەبێ نێوی ئێرانیش لەوێ هەیە. گیان لە دەست دانی کچە کورد، فەریناز خوسرەوانی لە مهاباد و رووداوەکانی تایبەت بەو کە ڕاستەخۆ ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی لێی بەرپرسە ، ئەو دەرفەتەی بۆ پێک هێناوین، قووڵتر لەو چەمکە بەبڕشتە بڕوانرنین و لێکدانەوەی شێلگیرانەتر بۆ بیچم گرتن و شكل گرتنی بخەینە ڕوو؛ رۆژهەڵات تەوەری، نابێ تەورەی سیاسی و ئامانجی تەنیا حیزبێک بێ، بەڵکو دەشێ ئامانجی هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بە ورد و دڕشتەوە بێ و، هەموو لایەک پێکەوە بیرێکی نوێ، ڕێگا و شیوازی گونجاوتر بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئامانجەکانی کورد ببیننەوە. کوردستان و خەڵکەکەی کە لە بارو دۆخێکی دژوار و دڵتەزێن دایە پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانەی هەموو لایەک هەیە و شۆڕش و تێکۆشان بەشی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کوردستان، بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، کەمتر کاری لە شۆڤنیزمی میللەتی دەسەڵات دار کردوە و ، کەمتر بەرپەرچی چاونزێری و حەزیای بێ سنووری پان ئێرانیزمی داوتەوە، ئەمە کارێکی کردوە هەڵکەوتەو و ڕووناکبیری کورد- نەک هەمووی- بکەونە بن شەپۆلی بێ ئامانی بیری داپەلۆسێنەرانەی پان ئێرانیزم و ئێرانی بوون لە کورد بوونی بشواتەوە. گۆڕەوشار دانی بیری پان ئێرانیزم و ئاشنا کردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە مافەکانیان وەک نەتەوەی خاوەن خاک و ناسنامەی تایبەت بە خۆی، بەوە بەستراوتەوە کە ئاخۆ هێزە خەباتگێڕەکانی کورد دەتوانن پێکەوە کار بۆ گۆڕینی بیر و چۆنییەتی ڕوانگەی کۆمەڵگەی کوردستان و لەوەش گرینگتر ئامادەن کار بۆ بنکۆڵ کردنی بیری پان ئێرانیزم و ڕەواندنەوەی کارتێکەرییکەی لە سەر کۆمەڵگەی کوردستان بکەن. لیرەدا ئەوە زۆر گرینگە، رۆڵەکانی کورد ڕاست شانازی بە کورد بوون و کوردستانی بوونی خۆیان بکەن نەک شانازی بە تراویلکەی شتێک کە بە درێژایی مێژوو کوردی گورچ و بڕ کردوە. ڕاستە رێژێم، تاکوو ئێستا وەڵامی گشت داوکارێکی خەڵک بە گوللە و زیندان و شکەنجە داوەتەوە و دەستی لە هیچ جنایەتێک نەگێڕاوەتەوە. بەڵام ئایا شیاوە بەو پاساوە کۆمەڵانی خەڵک و ئازادیخوازان لە سەر خۆ وە دەنگ هاتن و لە هاتنە سەر شەقام بترسێنین؟ ئەو ڕێژیمە زەندەقی لە چەغماغەی دەنگی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان چووە، دەنا بۆ خۆشی چاک دەزانێ ئەگەر زۆری بۆ هات ناچارە لە بەرامبەر ئیرادەی یەکگرتووی خەڵک پاشکەشە بکات. گرینگە، چلۆنایەتی ڕوانگەی بەرەنگاربوونەوەی دژ بەو ڕێژیمە ڕێنسانسێک لە خۆی دا پێک بێنێ، چونکە دەسەڵاتی ڕەش و خوێناوییەکەی هیچ سەناریۆیەکی بێ ئەگەر نەهێشتۆتەوە. هەر لە سۆنگە دا، وەنەبێ، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە گژ سیاسەتی ڕەشەکوژی و سەرکوتی ڕێژیم دا نەچووبێتەوە. لەو چەند ساڵەی دواییدا لە سەردەشت، سەقز، مەریوان، سنە، مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، خۆپێشاندانی بەرینی خەڵک بە دژی دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی وەڕێ خراوە. ئەوە دەری دەخات، خەڵک ملی بۆ ئەو ڕێژیمە نەوی نەکردوە، بەڵام لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی حیزبەکانی بێ بەری بووە و لانی کەم چاوەڕی بوونە هەموو پێکەوە بتوانن دەرفەت و هەلەکان بە باشترین شێوە بقۆزنەوە و سێبەری شوومی سەرەڕۆیی رێژیم لە سەر ژیانیان کەم بکەنەوە. رۆژهەڵات تەوەری بۆ ئەوەی تەلیسمەکان بە چاکی تێک بشکێنێ، لە سەرێتی شێوە وقۆناغی خەبات بە باشترین شێوە لێک داتەوە و هەر بە پێی ئەو ڕاستییە و ڕاستییەکانی لە سەرەوە قامکمان لە سەر دانان، کەڵک لە هەموو جۆرەکانی خەبات وەرگرێ، جا ئەو خەباتە، قووڵ کردنەوەی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆ و هاوکات پەرەدان بە خەباتی دیپلۆماسی، میدیایی و تەنانەت خەباتی چەکداری بگرێتەوە. تێکڕای جۆر و شێوەکانی خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە یاغی و سەرەڕۆیە، ڕەوا و پیرۆزن. خەباتی سەدەی ٢١ی کورد شیاوی ئەوەیە، هەموو هێزە شۆڕشگێر و تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان پێکەوە لە ژێر بەیداغی شۆڕشی تەوەر نەتەوەیی رۆژهەڵات لێک گرێ بدرێن و هەتا چاو هەتەرە دەکات لە دەسەڵاتی پاوانخوازانەی ریژیمی ئێران و شۆڤنیزمی چاوچنۆکی ئیران بدات. ئەو کاتە تیری رۆژهەڵاتتەوەری چاک بڕ دەکات، بەو ئامانجە دەڵین؛ سیاسەتی هونەری مومکین. ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٦ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە