کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای سووریە لە ئێران بۆ پێدانی یارمەتییەكی یەک ١ میلیارد دۆلاری دیکە

06:07 - 1 جۆزەردان 2715

سووریە هیوادارە، ڕێژیمی ئێران بڕی ١ میلیارد دۆلاری دیكەشی وەك یارمەتی بداتێ. جێگری وەزیری ئابووریی سووریە دەڵێ ئەم وڵاتە هیوادارە، هێڵێكی نوێی ئیعتیباریی ١ میلیارد دۆلاری بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆی لە ئێران وەربگرێ. ئەم قسانە ڕۆژێك پاش سەفەری عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ڕاوێژكاری پلەبەرزی خامنەیی بۆ دەمێشق و دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەركۆماری سووریە هاتۆتە بەر باس. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، حەیان سەڵمان، جێگری وەزیری ئابووریی سووریە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی كە هێڵی ئیعتیباریی ٣ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دۆلاریی ئێران بۆ ئەم وڵاتە خەریكە تەواو دەبێ، هیوای خواست بە پێدانی ئەم هێڵە ئیعتیبارە نوێیە لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە، سووریە بتوانێ بەپێی ئەولەڤییەتە دیاریكراوەكانی، پێداویستییە سەرەتاییەكانی دابین بكا. ڕاگەیەنە دەوڵەتییەكانی سووریە باسیان لە ئیمزا كردنی ڕێككەوتنامەكانی نەوت، بەرق، پیشەسازی و سەرمایەدانانی نێوان ئێران و سووریە لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا كردووە. شایانی باسە چەند ڕۆژ لەوە پێش بەشار ئەسەد ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران‌و یارمەتییە ماڵی‌و نیزامییەکانی نەبوایە ڕێژیمەکەی نەیدەتوانی لە سووریە خۆی ڕابگرێ‌و تا ئێستا لە مێژبوو ڕووخابوو.