کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆنامی نوێی بێكاری لە ئێران‌و بێ بەرنامەیی دەوڵەتی ڕۆحانی

06:09 - 1 جۆزەردان 2715

بە پێی نوێترین قسەكانی وەزیری كاری ئێران بەم زووانە سۆنامییەکی نوێی بێكاری ئێران دەگرێتەوە. ئابووریناسان دەڵێن دەوڵەتی ڕۆحانی هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەر یان لانیكەم بۆ كەمكردنەوەی بێكاری هەڵنەهێناوەتەوە. عەلی ڕەبیعی، وەزیری كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین قسەكانی خۆیدا باسی لە قەیرانی بێكاری كردوەو بە هۆکارەکەی لە وەدینەهاتنی بەڵێنییەكانی دەوڵەت لە پێدانی یارانە بە بەشی بەرهەمهێنان دەزانێ. كارناسانی بازاڕی كار دەڵێن لە سەرەتای دەسپێكی دەوڵەتی حەسەن روحانی، لانیكەم 300 هەزار شوغل فەوتاون و دەوڵەت نەتەنیا پڕۆژەی نوێی بۆ پێكهێنانی هەلی كار نەبووە بەڵكوو بەم سیاسەتەی تەنانەت نەیتوانیوە ئەم شوغڵانەی كە هەشن بیانپارێزێ. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ئێران لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا، لە بری پێكهێنانی هەر دوو شوغڵ شوغلێكی دیكە فەوتاوە. عەلی ڕەبیعی، وەزیری تەعاون، كارو خۆشبژیویی كۆمەلایەتی دەڵێ لە ساڵی 1389 بۆ ئەم لاوە تەنیا لە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەدا 500 هەزار كەس بێكار بوون و ئەمە ئاكامی فشار تێچووی پێدانی یارانە نەغدییەكان لەسەر سامانەكانی ئاوەدانكردنەوەیە. حەمید حاجی ئیسماعیلی، كارناسی بوارو بازاڕی كار بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاندوە كە دەوڵەت هیچ بەرنامەیەكی ڕوونی بۆ پێكهێنانی شوغڵ نییە، و كەس نازانێ بە چ بەرنامەیەك بێكاری كۆنتڕۆڵ دەكا. جەمشید ئەسەدی، ئابووریناس دانیشتووی پاریس بە بەشی فارسیی ڕادیۆ نێودەوڵەتیی فەرانسەی گوت هۆكاری چارەسەرنەكرانی گیروگرفتی بێكاری ئێران ئەوەیە كە دەوڵەتی ڕۆحانی هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەری هەڵنەهێناوەتەوەو چاوەڕوانی ئەوەش دەكەن كە ئاستی بێكاری دابەزێ . ناوبراو ڕوونی كردۆتەوە كە نزم بوونی ئاستی بەرهەمهێنان، بۆتە هۆی دانەمەزاندنی هێزی زیاتر و بەرز بوونەوەی ڕێژەی بێكاریی لێ دەكەوێتەوە، كەوابوو بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی بێكاری دەبێ بەرنامەی سەرەكی دەوڵەت بەرز كردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان بێ. ئەم ئابووریناسە پێداگری كردووە كە پێویستە کێشەی ئەتومیی ئێران چارەسەر بكرێ تا بارودۆخی ئابووری باشتر بێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دەوڵەت بە جیددی بەگژی گرفتە ئابوورییە نێوخۆییەكانی وەك گەندەڵی‌و "رانت خۆری"دا بچێتەوە.