کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بێ بازاری لە رۆژهەلاتی کوردستان

20:19 - 1 جۆزەردان 2715

دوای دانوستانە ئەتۆمیەکەی ئێران لەگەل ولاتانی پێنج کۆ یەک و واژۆکردنی دولایەنەی پرۆتۆکۆلێکی لێک تێگەیشتن ، چاوەروان دەکرا بازاری ئێران ئالوگۆرێکی بەرچاوی بەخۆیەوە ببینێ و بەڵام بە پێچەوانە ئەوەی ئێستا لە بازار دەبینین و لە زاری کاسبکاران دەیبیسین نەک باشتر نەبوە بگرە خراپتریش بوە . چەند نیشانەیەکی زۆر روون و ئاشکرا هەن کە ئەوە دەردەخەن ئاوسانی ئابوری بەرەو خراپتربوون دەچێ. گرانبوونی قیمەتی زێر و زیوەر و هەروەها دانەبەزینی نرخی دۆلاری ئەمریکی لەبەرانبەر تمەنی ئێران و هەروەها راوەستانی بازاری کرین و فرۆشتنی ئوتۆمبێل و خانو و زەوی، نیشانە بەرچاوەکانی بێ‌کاریگەریی ئەو دانوستانەن. ئێستاش بە گوێرەی قسەی کاسبکاران و خەلکی شارەزا بازارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان بازار تەواو داروخاوە و بێهیوایی زاڵە بەسەر سیستمی ئابوری دا. رۆژ نیە خەبەری مانگرتنی کرێکاران و کارمەندی دەولەتی و کەرتی تایبەت لە ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان بلاونەبێتەوە کە هەقدەستی چەندین مانگیان پێنەدراوە. ئەوەی لە تۆرەکۆمەلایەتیەکانیش دا باسی لەسەر دەکرێ جێی سەرنجە کە خەلکی رۆژهەلاتی کوردستان لە قەیران دان بەدەست گرانی و هەڵکێش داکێشی بازاری دراو و کرین و فرۆشتن. قسەم لەگەل چەند معاملەچییەک کردوە لەمبارەوە کە گشتیان نوسراوەکەی من پشتراست دەکەنەوە. بازاڕی کرین و فرۆشتنی خانو و زەوی و زار زۆر راکیدە و رادەی کڕین و فرۆشتن لە نەورۆزی ئەمسالەوە یان هەر نەبووە یان بەزەرد و بەقەرز بووە. بازاڕی زێرنگەری زۆر کەمە و بازار تا بلێی کەسادە، ئەو معامەلانەی هەیە بە قەرزە و زۆربەی زێڕینگەرەکان کە ناوێرن زێڕ بە قەرز بدەن ئاستی فرۆشیان زۆر دابەزیوە. مسقاڵی زێر بەیانی بە ٥٠٠ هەزارە پاشنیورۆ بە ٤٥٠ هەزارە ، بۆ سبەی بەیانی ٥٥٠ هەزارە ئیدی سەر لە ئینسان دەشێوێنێ... پارچەفرۆش جاری وایە بە دو رۆژیش مەقەس دەبەر پارچە نانێ، گیرفانی خەلک چی تێدانیە هەربەراستی ،ماڵێکی زۆر بەسەر بەزازەکانداماوەتەوە و لەقەیران دان... ماموستایەکی ئابووریی زانکۆی ورمێ لەوبارەوە دەلێ چەند هۆکارهەن بۆ ئەو قەیرانە ، دەلیلی هەرە گەورە تەحریمی ئابوری ئێرانە لەلایەن ئەوروپا و ئەمریکا و ئەوەیتریش ناشارەزایی و ناپسپۆری بەرپرس و لێپسراوانی ئابوری ئێرانە کە ئەوەی دەیکەن قەت زانستی نیە و پاشانیش قەیرانی سیاسی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراستە کە تا دێ خراپتر دەبێ و ئێرانیش لەجیات باشتر کردنی ئاستی ئابوری و گوزەرانی خەلک لە هەموی ئەو قەیرانانەدا خۆی کردۆتە بەشیکی کێشەکە . خوێندکاری دەورەی دوکتۆرا لە بەشی ژئۆپۆلۆتیک لە یەکێک لە زانکۆکانی ئێران دەلێ، خەڵک بێ‌هیوایە بۆیە بازار ئاوایە، فەقیر کە نیەتی و پالیداوەتەوە و دەولەمەندیش ناوێرێ پوڵ دەبازار بکا لەترسی ئەگەری روداوی چاوەروان نەکراو، کەس نایهەوێ سەرمایەی خۆی دەخەتەر باوێ ، خەلک دەترسێ و بەردەوام چاوەروانی روداوێکن روداوی وەک سەرهەلدان، وەک ئەو روداوەی هوتێلەکەی مهاباد، لە ترسی هەلایسانی شەر لە ئێران ، توندتربونی تەحریمەکان لە جیات لاچونیان.... دەلیل زۆرن بەلام روون نیە ئەو خەلکە چۆن تەحەمولی دەکەن و تاکەی . ئەوەی جێگای سەرنج و سەرسۆرمانە وێرای داروخان و بەسەریەکدا تەپیوی سیستمی ئابوری ئێران بە پێی هەمو پێوەرە زانستی و سیاسی و بەرچاوەکان رێبەران و لێپرسراوانی ئێرانی قەت دان بەوراستیەدانانین و بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خەلکی ئێران لەوپەری تێر و پری و خۆشگوزەرانی دادەژین و تەحریمەکانیش قەت نەیانتوانیەوە کاریگەری لەسەر باری ئابوری خەلکی ئێراندانێن.