کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆباما: سپای پاسداران لە سۆنگەی گەمارۆكانەوە توانیویەتی هێنان‌و هاوردەی ئێران بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە

14:16 - 2 جۆزەردان 2715

باراك ئۆباما سەركۆماری ئامریكا لە لێدوانێكدا بۆ بڵاڤۆكی ئامریكایی ئاتلانتیك بەرگریی لە ڕێككەوتنامەی ناوكی لەگەڵ ئێران كردووەو گوتوویەتی مەسەلەی ئەم ڕێككەوتنە به‌ جۆرێک بۆ ئه‌و بۆته‌ حەیسییەتی. ئۆباما گوتوویەتی: ئەگەر خودا بیهەوێ ٢٠ ساڵی دیكەش دەژیم‌و ئەگەر ئێران دەستی به‌ چەكی ناوكی ڕابگا، ئەم مەسەلە به‌سه‌ر مندا ده‌شكێته‌وه‌و من ده‌بێ پێش به‌وه‌ بگرم. سەركۆماری ئامریكا وێڕای ئاماژە بە بەستراوە بوونی ئەم مەسەلە بە ئابڕووی خۆیەوە ده‌ڵێی جگە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئامریكا، من بە هۆكاری شه‌خسیش پێم خۆشە ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی بگرم. ناوبراو لە وڵامی ئەم پرسیارەدا كە چ گەرەنتییەك بۆ ئەم مەسەلە هەیە كە ئێران پارەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان خەرجی بەرنامەی ناوكیی خۆی نەكا، ده‌ڵێ: حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێرا‌ و خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بەڵێنییان بە خەڵكی ئێران داوە بارودۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە باشتر بكەن‌و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی ئێرانیش بۆ ڕێكخستنەوەی بارودۆخی ئابووریی خۆیان‌و وڵات یەكجار زۆرە. ئۆباما لە بابەت ئەوەش كە ئایا چ گەرەنتییەك هەیە پاش ئازاد كرانی سەرچاوە ماڵییە ڕاگیراوەكا‌و هەڵوەشاندەوەی گەمارۆكان، ئەم پارەیە نەگاتە دەستی سپا، دەڵێ هەر ئێستاش بە سەرنجدان بەم ئاستەنگانەی بە هۆی گەمارۆكانەوە تووشی كۆماری ئیسلامی بووە، سپای پاسداران توانیویەتی هاوردە‌و هەناردەی كاڵاكان لەم وڵاتە بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە.