کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەمەنی ئیعتیاد لە ئێران گەیشتۆتە ١١ ساڵ

14:18 - 3 جۆزەردان 2715

كاربەدەستێكی ڕێكخراوی بێهزیستیی دەڵێ تەمەنی ئیعتیاد لە ئێران گەیشتۆتە ١١ ساڵ‌و ڕێژەی ژنانی موعتادیش دوو هێندەی پێشوو زیادی كردوە. مورتەزا مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگای فارس ڕۆژی شەممە 2ی جۆزەردان ڕایگەیاند كە ئامارەكان لە بابەت ڕێژەی تووشبووان بە ماددەی هۆشبەر جێی نیگەرانین. بەپێی قسەكانی ئەم كاربەدەستەی ڕێكخراوی بێهزیستی ئولگووی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە ئێران لە مادە سوننەتییەكانی وەك تریاك تێپەڕیوەو بەرەو هۆشبەرە سەنعەتی‌و ڕەوان گەردانەكان لە حاڵی گۆڕان دایە. مووسەوی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی شێوازەكانی ڕووبەڕوو بوونەوە لە بەرامبەر زیانەكانی ئیعتیاددا چی دیكە وڵامدەر نین. ئەوە لە حاڵێك دایە كە عەلی موئەیدی، سەرۆكی پۆلیسی بەربەرەكانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەكانی ئێران پێی وایە دەبێ سزای بازرگانان‌و توشبووانی مادە هۆشبەرەكان لەوەی ئێستا قورستر بكرێ. بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان هەرنەبێ سەدی ١ی حەشیمەتی ١٣ میلیۆنیی قوتابییانی ئێران گیرۆدەی مادە سڕكەرەكان بوون. بەڵام ئەم سەدی یەكە تەنیا قوتابییانی بە تەواوی موعتادە و ئەم قوتابییانە ناگرێ كە بۆ كەیف خۆشی مادەی هۆشبەر بەكار دێنن. ئاماری گشتیی تووشبووان بە مادەی هۆشبەر لە ئێران، بە شێوەی ڕەسمی میلیۆن و نیوێک ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەڕای كارناسانی سەربەخۆ ژمارەی ڕاستەقینەی موعتادانی ئەم وڵاتە زۆر لەم ئامارە زیاترە. هەروەها ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە سەدی ١٠ی موعتادانی ئێران لە ژنان پێك هاتوون. ئەم ڕێژەیە ساڵی ٨٥، سەدی ٥ بووە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم ئامارە دوو هێندەی ئێستا زیادی كردووە.