کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت پێوەندی بە كڕیارانی پێشووی دەگرێ

14:20 - 3 جۆزەردان 2715

كاربەدەستانی وەزارەتی نەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی گەڕانەوە بەرەو بازاڕەكانی فرۆشی نەوت، پێوەندی بە كڕیارانی پێشووی خۆیانەوە دەگرن و بەنیازن پاش ڕێككەوتنامەی ناوكی و دوا بەدوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان، هەناردەی نەوتی خۆیان بەرز بكەنەوە. مۆحسێن قەمسەری بەڕێوەبەری نێودەوڵەتیی شیركەتی میللیی نەوتی ئێران باسی لەوە كردووە كە پێوەندی بە كاربەدەستانی چەند پاڵاوگە لە وڵاتە جۆراوجۆرەكانی جیهان وەك ئافریقای باشوور، سێنگاپوور، هیند، پاكستان، سریلانكا و چین گرتووە و لە بابەت دەست پێكردنەوەی خێرا و دەستبەجێێ هەناردەی نەوت پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان دانووستانی لەگەڵ كردوون. هەر لەم پێوەندییەدا ڕوكنەدین جەوادی، جێگری وەزیری نەوتی ئێرانیش كە هەر بۆ ئەم مەبەستە سەردانی مالیزی كردووە، لە كوالالامپوور بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند ئێران ٤ مانگ پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان دەتوانێ بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لە ڕۆژدا بۆ سەرووی ٢ میلیۆن بۆشكە بەرز بكاتەوە. ناوبراو هیوای ئەوەی خواستووە کە ئۆپێك لە كۆبوونەوەی مانگی ژوئەندا ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی كەم بکاتەوە تا لە بازاڕەكانی جیهاندا جێگە بۆ نەوتی ئێرانیش بكرێتەوە، بەڵام چاوەدێرانی سیاسی‌و ئابووری پێیان وایە عەرەبستان و ڕووسیە ئامادە نابن بەرهەمهێنان و هەناردە كردنی نەوتی خۆیان لە بەرژەوەندیی ئێراندا كەم بكەنەوە.