کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی پارێزگای ورمێ بە ٥ هەزار پۆلی نوێی دەرس خوێندن

14:27 - 3 جۆزەردان 2715

پارێزگای ورمێ پێویستی بە 5 هەزار پۆلی نوێی دەرس خوێندن هەیە. فەریبۆرز ئسماعیلزادە، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنكردنەوەو پۆشتە كردنی خوێندنگەكانی ورمێ دەڵێ: لە حاڵی حازردا ئەم پارێزگایە لەگەڵ كەمیی پۆلەكانی خوێندن بەرەوڕویە و بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم بۆشاییەش پێویستیی بە 5 هەزار پۆلی نوێی دەرس خوێندن هەیە. ناوبراو کە سەردانی پڕۆژەکانی پەروردەی شاری خۆی کردوە، وێڕای ئاماژە بەم بابەتە كە لە بواری نێونجیی پۆلەكانی فێركاری و كەمیی شوێنەكانی خوێندن لە ڕیزی پارێزگا هەرە دواكەوتووەكانی ئێران دایە، گوتی: بەداخەوە بەهۆی كەمیی بودجە و ئیعتیبار نەمانتوانیوە بەڵێنییەكان بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی خوێندنگەكانی ئەم پارێزگایە ببەینە سەرێ. ناوبراو گوتی هەر ئێستا لە ٤ هەزار و ١١ پۆلی دەرس خوێندنی ئەم پارێزگایە کە پێویستییان بە چاککردنەوەیە، تەنیا ٨٦٠ پۆل نۆژەن کراونەتەوە و بۆ ئەوانی دیكە چاوەڕێی تەرخان كردنی بوودجەی پێویستین. ئیسماعیلزادە وێڕای ئاماژە بە تەرخان‌نەكرانی ئیعتیباری دەوڵەتی بۆ دروستكردنی قوتابخانەكان، باسی لە بەشداریی چالاكانەی خێرخوازان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم كەمایەسییەی پارێزگای ورمێ كردووە و گوتوویەتی لە ئێستادا بە هەوڵ‌و هیممەتی ئەم خێرخوازانە خەریكی دروستكردنی زیاتر لە سەدی ٣٢ی پۆلەكانی دەرس خوێندنن. كەمیی شوێن‌و کەشی پەروەردەیی‌و فێرکاری لە پارێزگای ورمێ لە حاڵێك دایە كە ئەم پارێزگایە وێڕای پارێزگاكانی سنە، سیستان و بەلووچستان و كرمان زۆرترین ڕێژەی كەسانی نەخوێندەواری لەخۆ گرتووە. بەپێی ئاماری ڕەسمی لە حاڵی حازردا لە پارێزگای ورمێ پتر لە ١٨٣ هەزار كەس نەخوێندەوارن.