کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران نەخۆشیی دەرونییان هەیە

15:12 - 3 جۆزەردان 2715

١٢ میلیۆن کەس لە ئێران تووشبووی نەخۆشییە دەرونییەكانن‌و سەدی ٢٨ ی حەشیمەتی ئێرانیش مەترسیی توشبوون بە نەخۆشیی دەرونیان لەسەرە. ئەحمەد ئاریایی نژاد، ئەندامی كومیسۆنی بێهداشتی مەجلیس، ڕۆژی شەممە ٢ی جۆزەردان رایگەیاند لە ئێراندا ١٢ میلیۆن کەس تووشی نەخۆشییە دەرونییەكان هاتوون‌، ئەوە لە حاڵێک دایە کە بۆ چارەسەری پزیشكی ئەو ١٢ میلیۆن نەخۆشە دەرونییە لە بواری دەرونناسیدا نەخۆشخانەكانی ئێران تەنیا ٤٠ هەزار تەختیان هەیە. ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژە بە ڕوو لە زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیە دەرونییەكان لە ئێران رایگەیاندووە: تاكوو ئێستا لە ئێراندا بەدواداچوونێك بە مەبەستی دۆزینەوەی هۆكاری تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییە دەرونییەكان نەكراوە. ئەو دەڵێ ژمارەیەك لەو خەڵکەی كە تووشی نەخۆشیی خەمۆكی‌و باقی نەخۆشییە دەرونییەكان هاتوون بە هۆی گرفتی ئابووری‌و هەروەها نەبوونی بیمەوە لە چارەسەری پزیشكی خۆیان دەبوێرن. شایانی باسە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بەرپرسی زانستگای زانکۆی زانستە پزیشكییەکانی كرمان رایگەیاندوە کە ژمارەی خەڵکی تووشبوو بە نەخۆشییە دەرونییەكان لە ئێراندا سەدی ٨ لە نێونجی جیهانی زیاترە.