کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان: سیاسەتی دەستوەردانی پ ک ک لە کۆنەوە سەرچاوەی گرژی و ناکۆکی بووە

03:46 - 4 جۆزەردان 2715

حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی لە بارەی تێکهەڵچوونی پ ک ک لەگەڵ هێزێکی ڕاگەیاند. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەڵێ شەڕ‌‌و تێکهەڵچوون لە نێوان هەر هێز‌و لایەنێکی کوردیی نێو بزووتنەوەی کورد بە زیانبار بۆ بزووتنەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆی‌دا دەزانین. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، وێڕای بە داخبوونمان لە هێرشی گریلاکانی پێ کاکا بۆ سەر پێشمەرگەکانی حدکا‌و مەحکوومکردنی، داواکاری ڕاوەستانی دەستبەجێی ئەم تێکهەڵچوونە‌و چارەسەری گرژی‌و ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژو دانیشتنی هێمنانەوەین. لەو بەیاننامەیەدا هاتوە کە پ ک ک هێزێکی سیاسیی باکووری کوردستانە‌و، چالاکیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات‌و بوونی هێزەکانیان لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، نە هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیی ڕەوای پ ک ک و باکووری کوردستان، نە پێشگیری‌و دژایەتی لە گەڵ ئەم جۆرە چالاکی‌و تێکۆشانەش، دەچێتە خانەی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی. حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێ سیاسەتی دەستوەردانی پ ک ک لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر لە کۆنەوە، سەرچاوەی گرژی‌و ناکۆکی لە گەڵ هێزەکوردییەکان بووەو داوا لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین بە ڕاشکاوی دژی ئەم دەستوەردانانە‌و پەنابردن بۆ چەک بۆ خۆسەپاندن بەسەر هیزە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان‌دا، دەنگی نارەزایەتی هەڵبڕن. لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا باس لە نیگەرانیی جموجۆڵی‌ هاوکاتی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و پیلانگێڕییان لە دژی هیزە سیاسییەکانی ئەو بەشەو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێ داوای وشیاری‌و لەسەر هەستبوون لە هەموو لایەنەکان بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی نیاز‌و پیلانە شوومەکانی ئەو ڕێژیمە دەکەین. لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان لە گەڵ بنەماڵە‌و هاوسەنگەرانی قوربانییەکانی ئەم شەڕو تێکهەڵچوونە داخاوییەوە، هیوا دەخوازین بە هەوڵی هەموو لایەک هەر چی زووتر بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە‌و بە لێک تێگەیشتن‌و هاوکاری، ڕێگاچارە بۆ گرفتەکانی لەمەودوا بدۆزرێتەوە. هیوادارین سەرکردایەتیی پێ. کا.کاش هاوکار‌و یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دووپات نەبنەوە‌و بزووتنەوەی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سۆنگەی ئەم جۆرە ڕووداوانە زیانی زیاتر نەبێنێ.