کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە پشكنینی ناوەندە نیزامییەكانی خۆی قایل بووە

14:36 - 4 جۆزەردان 2715

پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵگای جیهانی بەردەوامەو ڕێژیمی ئێران قەبووڵی كردووە ڕێگە بە پشكێنەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بدا كە بنکە نیزامییەكانی ئەم وڵاتە بپشكنن. سەرەڕای دژایەتیی توندی فەرماندەكانی سپای پاسداران‌و كاردانەوەی كۆمەڵێك لە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی، عەبباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەو ئەندامی پایەبەرزی شاندی دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاندووە كە دەوڵەتی ئێران قەبووڵی كردووە ڕۆژاوا بتوانێ چاوی بە ناوەندە نیزامییەكانی ئەو رێژیمە بكەوێ. جەواد قودوسی، ئەندامی كۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ئێران دەڵێ پشكنینی ناوەندە نیزامییەكان‌و دەستڕاگەیشتن بە زانا ناوكییەكان لە چوارچێوەی پەیماننانەمەی "PMD" دایە و ئەوە هەمان بەرنامەی نیزامیی لایەنی ڕۆژاواییە كە دەڵێ ئێران ئەم بەرنامە نیزامییەی هەبووە و پێیان وایە كە بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستگۆیی ئێران دەبێ چاویان بەم ناوەندانە بكەوێ. قودوسی دەڵێ ئێمە ڕێگەمان پێداون كە ناوەندە نیزامییەكانی ئێران بپشكنن‌و، لە بابەت دەستڕاگەیشتن بە زانا ناوكییەكانیش هەرچەند لایەنی بەرامبەر ناوەكانیانی بە ئێمە داوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان قەبووڵ نەكردووە كە ئەوان ئاسان دەستیان بەم زانایانە ڕابگا. عێراقچی لە بابەت هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان گوتوویەتی، لە بەشی ئابووریدا قسە لەسەر ئەم مەسەلەیە دەكرێ تا لایەنی بەرامبەر بە بڕیارێک ڕابگەیەنێ كە ئەگەر ئێران بەڵێنییەكانی خۆی بەجێ بگەیەنێ ئێمە گەمارۆكان هەڵدەوشێنینەوەو پاش ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی ئەم بەڵێنییانەی جێبەجی كرد، ئەوانیش گەمارۆكان هەڵپەسێرن.