کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی ڕەسمیی ئێران بە پشتیوانی كردنی لە حوسییەكانی یەمەن

14:40 - 4 جۆزەردان 2715

ئیسماعیل قائانی، جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دانی بە پشتگیریی نیزامی، فێركاری، پەرورەدەیی‌و لۆجێستیكیی حوسییەكانی یەمەن‌دا هێناوە. ناوبراو دەڵێ هەر كەس لەگەڵ ئێمەیە ئەوا لەژێر ئاڵای كۆماری ئیسلامی دایەو ئەوەش سەلمێنەری دەسەڵاتی ئێمەیە. پارێزەرانی یەمەن لەژێر ئەم ئاڵایەدا پەروەردە بوون‌و نەیاران ناتوانن بەرەوڕوویان ببنەوە. ئیسماعیل قائانی، جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپا ڕایگەیاندووە كە پارێزەرانی یەمەن دەست پەروەردەی ژێر ئاڵای كۆماری ئیسلامین. بەپێی ڕاپۆرتی مەشرێق، قائانی گوتویەتی توانای مووشەكیی ئێران لەم ناوچەیە گرینگییەكی تایبەتی هەیەو كۆماری ئیسلامی لەڕووی نیزامییەوە زۆر بەهێز بووە. هەر ئەم فەرماندەی سپای قودس لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووشدا گوتبووی خەریكی گرتنەوەی ئەو وڵاتانەین ژێرچەپۆكەی دەسەڵاتی داگیركەرن. ئەفغانستان، عێراق، لوبنان، سووریە و فەلەستین لە نموونەی ئەم وڵاتانەن كە ئەم فەرماندەی سپا، ئیدیعای كردووە كۆماری ئیسلامی دەستیان بەسەردا دەگرێ. فەرماندە نیزامییەكانی ئێران پاش سەرهەڵدانی گرووپی داعش و چڕ بوونەوەی كۆمەڵە مەترسییەك لەسەر كۆماری ئیسلامی دەڵێن: سنوورەكانی ئەم وڵاتە دڵی ئافریقاش دەگرێتەوە. ئەوان بەم قسانە ڕاشكاوانە هەڕەشەیان لە ڕۆژاواو دژبەرانی خۆیان كردووە بێتوو بەدژی كۆماری ئیسلامی هەنگاو هەڵێننەوە، ئەوا بە چەندین كیلۆمیتر دوورتر لە سنوورەكانی ئێران وڵامیان دەدرێتەوە.