کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی پارێزگای سنە لە مەجلیس: سەفەری جێگری سەركۆمار تەشریفاتی‌و بێ دەسكەوتە

12:48 - 5 جۆزەردان 2715

كۆمەڵێك لە نوێنەرانی پارێزگای سنە لە مەجلیس، سەفەری جێگری سەركۆماریان بۆ ئەم پارێزگایە بە سەفەرێكی تەشریفاتی ناوبردوه‌و ده‌ڵێن ئەم سەفەرە، سەردانێكە كە زیاتر لایەنی سیاسی‌و تەشریفاتی هەی‌ و هیچ ئاكامێكی له‌ قازانجی خه‌ڵکدا لێ ناکه‌ویته‌وه‌. سەید محەممەد بەیاتییان، نوێنەری بیجار لە مەجلیس ده‌ڵێ سەفەری جەهانگیری بۆ پارێزگای سنە زۆرتر لایەنی سیاسی هەیە‌و بێ گومان هیچ خێر و بەرەكەتێكی تایبەتی بۆ ئەم پارێزگایە نابێ. ئه‌و ده‌ڵێ سەردانی جەهانگیری لەم قۆناغەی ئێستادا، شاردنەوەی خۆدزینه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌رک‌و‌ به‌رپرسایه‌تییه‌کان‌و ئەم كەمتەرخەمییانەیە كە بە نیسبەت ئەو پارێزگایە کراوه‌. بەیاتییان ده‌ڵێ: پارێزگای سنە لەگەڵ دنیایه‌ک گیروگرفت، قەیران‌و كەمایەسی بەرەوڕوویەو دەبوایە زۆر زووتر لەوانە سەركۆمارو هەیئەتی دەوڵەت سەردانی ئەم پارێزگایەیان كردبا. ناوبراو لە درێژەدا ده‌ڵێ بڕیارە لەم سەفەرەدا جەهانگیری سەردانی چەند پرۆژەیەك بكا كە پێشتر دەستیان بە كار كردووەو ئەوەش هیچ دەردێك له‌ خه‌ڵکی ئەم پارێزگایە دەرمان ناكا. بەیاتییان هەروەها ئاماژەی بە شكاندنی بەڵێنیی سەركۆمار لە بابەت جێبەجی كردنی بەیاننامەی ژمارە ٣ی نەتەوەو ئایینەكان كردوه‌و ده‌ڵێ: بە داخەوە بە پێچەوانەی ئەم بەڵێنەی كە سەركۆمار بە خەڵكی پارێزگای سنەو کوردستانی دابوو، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ كام لە بەند‌و خاڵه‌کانی ئەم بەیاننامەیە جێبەجی نەكراون. نوێنەری خەڵكی شاری بیجار لە مەجلیس ڕه‌خنه‌ی له‌ تێڕوانینی ده‌وڵه‌ت بۆ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردسان له‌ مه‌جلیس گرتوه‌و ده‌ڵێ هه‌ر بە هەمان شێوە كە دەوڵەت ئاوڕی لە خەڵك نەداوەتەوە، لە بابەت نوێنەرەكانیشیان لە مەجلیس خەمسارد بووەو بە شێوەی پێویست گوێی لێ ڕانەگرتوون. بەیاتییان لە درێژەدا ده‌ڵێ زۆر جێگای داخە كە ئەوە یەكەم جارە جێگری سەركۆمار چاوی بە نوێنەرانی پارێزگای سنە لە مەجلیس دەكەوێ، ئەوەش شتێك نییە كە بتوانێ پاساوی بۆ بێنێتەوە. لە لایەكی دیكەشەوە، سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شارەكانی سنە، دیواندەرە‌و كامیاران گوتوویەتی، سەفەری جێگری یەكەمی سەركۆمار بۆ سنە، سەفەرێكی تەشریفاتییە‌و هیچی لێ شین نابێ. سەید ئەحسەن عەلەوی وێڕای دانە بەر ڕەخنەی سەفەری جەهانگیری بۆ پارێزگای سنە ڕایگەیاند: زۆر جێگای داخە كە كاربەدەستان بۆ ئیفتتاح کردن‌و ده‌سبه‌کاربوونی نانەواخانەیه‌ک سەردانی ئەم پارێزگایە دەكەن. نوێنەری شارەكانی سنە، دیواندەرە و كامیاران لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی ده‌ڵێ ڕۆژێك پێش ئەم سەفەرە پێیان راگه‌یاندوون كە جێگری سەركۆمار بە مەبەستی كردنەوەیکارگایه‌کی نانی سەنعەتی‌و كارگایەكی دروستکردنی بەستەنی و ئاژەڵدارییەك سەردانی سنە دەكا. عەلەوی لە درێژەدا گوتی: لە پارێزگاكانی دیكە ڕۆژ نییە ئه‌م کارگه‌ بچووكە پیشەسازییانە ده‌ست به‌کار نه‌ببن‌و ئەوە بۆتە كارێكی زۆر ئاسایی و هیچ پێویستیی بە هاتنی جێگری یەكەمی سەركۆمارو بەرپرسانی پلەبەرزی وڵات نه‌ده‌کرد، هەر بۆیە ئەم سەفەرە زیاتر لایەنی تەشریفاتی هەیە‌و هیچ دەسكەوتێكی بۆ خەڵك نابێ.