قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەڵێ دەبێ لاپەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبدرێتەوە.
قادر وریا لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "باس"دا کە بۆ باس لەسەر گۆڕانکارییەکانو هەلومەرجی سیاسیی ناوچەو ئەگەری هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان کراوە، دەڵێ حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ساڵانی رابردووشدا هەوڵی داوە لەڕووی ئامادەبوونی تێکۆشەرانو کادرو پێشمەرگەکانی لەنیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکتر لە رابردوو بێ. دیارە ئەسل بۆ حیزبی ئێمە بوونمان لەنیو خەڵکی خۆمان و چالاکبوونەوەمان لە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە، جا مەرج نییە تەنیا بۆ کاری چەکداری بێ. ئێمە پێمان وایە دووربوونی دریژخایەنی تیکۆشەرانی حیزب لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیانی گەورەی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێرانەی کورد لەم بەشەی کوردستان دەبێ؛ بۆیە بە نۆرەی خۆمان هەوڵمان داوە لەنێو ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، زیاتر ئامادە بێ.
ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەڵێ پێداگرتنی حیزبی ئێمە لەسەر ڕۆژهەڵات تەوەری لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە لەگەڵ دووربوونو دوورەپەرێز بوونی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی لەنێو خەڵکی خۆیاندا نین. بۆیەش دەبێ لاپەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبدرێتەوەو چوونەوەو مانەوەی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لەنێو خەڵکی خۆیان، وەک شتیکی ئاسایی سەیر بکرێ، نەک دووربوونیان لەوێو نەگەڕانەوەیان بۆ زێدو نیشتمانی خۆیان.
قادر وریا لە درێژەدا دەڵێ: گوڕانکارییەکان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتو ئیران و ناوچەدا، پێویستیی نزیکبوونی ئەو حیزبانە لەنێو خەڵک و نیشتمانی خۆیان زیاتر سەلماندووە. ئەگەر ئەم حیزبانە لە خەڵکەکەی خۆیان دوور بنو نەتوانن لە کاتی خۆیدا لە سەر رووداوەکان شوین دابنێن، لایەنی دیکە دەرفەتەکان بە زیانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی دەقۆزنەوە.
قادر وریا دەڵێ: ئەگەر هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتو تیکۆشەرانی دیموکرات و پارتەکانی دیکە، لە سنوورەکانی وڵاتی خۆیان نزیک بن، ئەگەر ئەو حیزبانە پتر لەنێو خەڵکی خۆیان و لەسەر خاکی خۆیان بن، هەم لاوانی کوردی ڕۆژهەڵات ناچار نابن بەملاوبەولادا بڕۆنو هێندێک لایەن بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان بەکاریان بێنن، هەم هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە دەست ئاوەڵا نابن کە بە هاسانی گیانی لاوەکان و خەڵکی بیتاوان بستینن. بە کورتییەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبێ بزانن هیزی پشتو پەنای ئەوان، لییان نزیکەو لەنێویان دایەو ئەوانی لەبیر نەچۆتەوە.
هەموو ئەو وتووێژە لەو لینکەدا ببینە: