کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقە سینەمای ئیلام بۆتە پارکینگی ماشێن

18:58 - 7 جۆزەردان 2715

تاقە سینەمای شاری ئیلام کراوەتە پارکینگی ماشێن. لە حاڵێكدا كە قەراربوو بە تێكدانی سینەمای قودسی ئیلام وەک تاقە سینەمای ئەم پارێزگایە، ئەم ناوەندە هونەرییە نۆژەن بكرێتەوەو دەسبەکار بێتەوە، بەڵام پاش ساڵێک لە داخرانی تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ هەنگاوێك بۆ ئەو مەبەستە هەڵنەهێندراوەتەوەو ئەو شوێنە بۆتە گاراجی گشتیی ماشێن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، پارێزگای ئیلام بە ٥٥ هەزار حەشیمەتەوە سینەمای نییەو ئەمە بەم مانایەیە كە بارودۆخی ئیمكاناتی فەرهەنگیی ئیلام لە ئاستێكی زۆر لاواز دایەو لە لایەكی دیكەشەوە ئەم پارێزگایە لە لایەن كاربەدەستانی حكومەتەوە تەریك كەوتۆتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سینەمای قودسی ئیلام لە دەیەی ٥٠ دروست كراوە، ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی نۆژەنكردنەوە تێك دراوەو قەراربوو بە خێرایی بكرێ بە ناوەندێكی فەرهەنگی‌و بازرگانی و هەڵبەتە سینەمایەكی زۆر باشی لێ دروست بكرێ، بەڵام لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا سینەمای قودسی ئیلام بۆ بە شوێنی وەستان‌و پارکینگی ئەم شارەو هیچ خەبەرێكیش لە سینەما نییە. چالاكانی مەدەنی دەڵێن هەر ئێستا لە پارێزگای ئیلام تاقە سینەمایەك هەیە ئەویش بەهۆی كێشەی نێوان خاوەنەكەی و دەوڵەت كرا بە پاركینگی ماشێن. سینەمایەكی دیكەش لەم پارێزگایەدا لە شار ئابدانان هەیە ئەویش ساڵانێكە داخراوە هەموو ساڵێ دەكرێ بە تەڕەبار، فرۆشگاو شوێنی مریشك فرۆشتن‌و، سەرەڕای دروشمەكانی كاربەدەستانی ڕێژیم بەڵام تا ئێستا هیچی بۆ نەكراوە. شایانی باسە كە لە زۆربەی شارەكانی پارێزگای ئیلام بە هۆی نەبوونی بوودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی گەڵاڵە فەرهەنگییەكان هیچ كامیان كۆتاییان پێ نەهاتووە‌و بە نیوەچڵی ماونەتەوە؛ بە شێوەیەك كە كۆمەڵەی فەرهەنگی هونەریی شارەكانی دەڕە شارو دێهلۆران پاش چەندین ساڵ هێشتا تەواو نەكراون.