کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ئاماری ئیعتیاد لەنێو ژنان لە پارێزگای ورمێ‌دا

18:59 - 7 جۆزەردان 2715

ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن توشبوونی ژنان‌و كچان بە مادەی هۆشبەر لە پارێزگای ورمێ هەر دێ‌و زیاد دەکا. موژگان ڕادفەر، پسپۆڕی ئیعتیاد لە ڕێكخراوی بێهزیستیی ورمێ وێڕای ئاماژە بەم بابەتە گوتی ژنانی موعتاد لەم پارێزگایە زیاتر كەڵك لە مادەی سەنعەتی‌و شیشە وەردەگرن. ناوبراو دەڵێ لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا ١٠٧ كەس بۆ وازهێنان لە مادەی هۆشبەر ڕوویان لە كەمپەكانی بێهزیستی كردوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە زۆربەی ژنانی توشبوو بە مادە هۆشبەرەکان، ئیعتیادی خۆیان دەشارنەوە. رادفەر وێڕای ئاماژە بەوەی كە زۆربەی ژنان توشبوو لە ڕێگەی مێردەکانیان یان یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەكانیانەوە تووشی ئێعتیاد دەبن. ناوبراو هەروەها وەبیری هێنایەوە كە ئیعتیاد لەگەڵ هەژاری، بێكاری، لەبەردەستدابوونی هەرزان‌و زۆرو زەوەندی ماددەی هۆشبەر، کێشەی بنەماڵەیی‌و جیابوونەوەی دایك‌و باوك پێوەندیی چڕپڕیان لەگەڵ یەکتر هەیە. ناوبراو لەسەر ئەم بڕوایەیە كە لە قوتابخانە‌و زانكۆكان دەبێ وەک دەرس دەرەنجامەكانی مادەی هۆشبەر لە قوتابخانەکاندا بگوترێتەوە. كۆمەڵناسان دەڵێن دەوڵەمەندیی عاتفیی بنەماڵەیی، لە کەمیدانی کێشەی ماڵی، چارەسەریی قەیرانی بێكاری‌و باشبوونەوەی بارودۆخی ژیانی خەڵك دەتوانێ شوێندانەریی زۆری لەسەر دابەزینی ڕێژەی تووشبوون بە مادەی هۆشبەر هەبێ.