کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌ دوایی ژنە مامۆستایەکی سەردەمی کۆماری کوردستان لە بۆکان

15:30 - 9 جۆزەردان 2715

ژنە مامۆستایەکی سەردەمی کۆماری کوردستان لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان‌و کورد میسری خوسرەوی ناسراو بە خانمێ، کە یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانە لە سەردەمی کۆماری کوردستان بوو، بەهۆی پیری‌و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد. میسری خوسرەوی ساڵی ١٣٠٤ لە ئاوایی "بەسرێ"ی سەر بە شاری مهاباد لە دایک بووەو تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە. لە سەردەمی کۆماردا مامۆستا بووەو هەر لەو سەردەمەدا لێی دەپرسن کە بابەتی وانەگوتنەوە چەندە مووچە وەردەگری؟ لە وڵامدا دەڵێ: "من بۆ مووچە کار ناکەم و تەنیا مەبەستم خزمەت بە نەتەوەکەمە". ئەو خاتوونە یەکەمین ژنی سەردەمی کۆمار بووە کە بە دەستووری قازی محەممەد لە بۆکان مامۆستا بووەو دەرسی بە مناڵان گوتۆتەوە. شایانی باسە ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە 7ی جۆزەردان بەهۆی جەڵتەی دڵ لە بۆکان کۆچی‌دوایی کرد.