کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ساڵ بەدواداچوونی كرێكارانی خشتەی "شیل"ی سنە بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان بێ ئاكام مایەوە

16:16 - 9 جۆزەردان 2715

كرێكارانی دەركراوی كارخانەی خشتەی ماشێنیی "شیل" لە سنە، سەرەڕای٣ ساڵ هەوڵ‌و تەقەلا بۆ وەرگرتنی مووچە دواكەوتووەكانیان بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتوون. ١٨ كرێكاری گرێبەستی كارخانەی خشتەی ماشێنیی "شیل" كە لە ساڵی ٩١ەوە، هاوكات لەگەڵ داخرانی ئەم كارخانەیە لە سەر کار دەركراون، هەروا لە سەرلێشێواویدا ماونەتەوەو تا ئێستا چەندین جار سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەكانیان لە پارێزگاو لەنێو شاردا كردووە، بەڵام تا ئێستاش ئەم هەوڵانەیان بێ ئاکام ماوەتەوە. ئەم كرێكارانە ڕایانگەیاندووە پاش ئەوەی كارخانەی خشتەی ماشێنی شیل بەهۆی گیروگرفتی بەڕێوەبەرایەتی داخرا، ٣٥ كرێكاری گرێبەست‌و ١٥٠ كرێكاری وەرزی لە كارەكانیان دەركران. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پاش ئەوەی ئەم كرێكارانە لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٩١ لە لای ئیدارەی كاری سنەوە سكاڵایان تۆمار كرد، بەڵام خاوەنكار گوێی بە حوكمی ئیدارەی كار لە بابەت پێدانی مووچەی ئەم كرێكارانە نەداو پەروەندەكە ڕادەستی دادسەرای سنە كرا. ئەم كرێكارانە دەلێن دوای ناردنی پەروەندەی كرێكارانی خشتەی شیل بۆ دادسەرای سنە، لە بەرژەوەندیی كرێكاراندا دەست بەسەر بەشێك لە داراییەكانی ئەم كارخانەیەدا گیرا، بەڵام پاش ساڵێك، تەنیا ١٧ كەس لە كرێكارە گرێبەستەكان توانیان لە ڕێگەی فرۆشتنی ئەم داراییانە بە مووچەكانی خۆیان بگەن، ئەوە لە حاڵێك دایە كە ١٨ كەسی دیكە لەم كرێكارانە ئێستاش نەیانتوانیوە مووچەكانی خۆیان وەربگرن‌و چارەنووسییان هەروا ناڕوونە. ئەم كرێكارانە دەڵێن لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە بەردەم ئەم كارخانە داخراوەو ناوەندە دەوڵەتییە جۆراوجۆرەكاندا كۆ بوونەتەوە، بەڵام دەنگیان بەهیچ كوێ نەگەیشتووەو هیچ كاربەدەستێك گوێی بۆ داواكانیان ڕانەگرتووە.