کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردنی سیستماتیکی نەتەوەیی لە ئێران

17:31 - 9 جۆزەردان 2715

بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ، گشت مرۆڤەکان لە هەر رەنگ و نەژادێک بن، خاوەنی مافی یەکسانن. هەر بەپێی ئەم یاسایە، هەموو مرۆڤەکان ئەو هەقەیان هەیە جیا لەوە داکۆکی لە گشت مافەکانیان بکەن، تەنانەت دەتوانن لە پرۆسەیەکدا بە ناوی رێفراندۆم، چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا چ رادەبرێ؟ لەبنەڕەت ڕا دەستووری بنەڕەتی هەر وڵاتێک بەشێوەی دادپەروەرانە لەسەر کاغەز دەنووسرێ. بەڵام ناوەرۆکی قانوونی بنەڕەتی ئێران زۆر نامرۆڤانە و پڕ لە جیاکاری داڕێژراوە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە ئازەری، فارس، کورد، بلووچ، عەڕەب و تورکەمەن پێکهاتەی سەرەکییەکەی پێک دێنن، بەڵام هیچکام لەو نەتەوانە جگە لە فارسەکان مافی خوێندن بە زمانی زگماکییان نییە و هەرچەند جاروبار پێشنیارگەلێک لەو پێوەندییەدا دێتە ئاراوە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی ئەو پلانە لە چەند واحیدێکی ئیختیاری لە چەند زانکۆیەکدا قەتیس و کورتی دەکەنەوە؛ ئەوە جیا لەوەیکە بەشێوەی سیستماتیکیش هەوڵی ئاسیمیلەکردنی کەلتوور و زمانی کوردی و بەلاڕێدابردنی دەدرێ. بێگومان لە ئێراندا و بە بوونی حکوومەتی تەژی لە هەڵاواردن کە دەرهەق بە هەموو نەتەوەکان ستەمکارانە و بەچاوی جیاکاری دەجووڵێتەوە؛ بەڵام ئەو نابەرابەری و ستەمە ئاشکرایەی کە لەلایەن ئەو رێژیمەوە بە نەتەوە غەیرەفارسەکان دەکرێ، زۆر بەرچاو و نامرۆڤانەیە. بۆ وێنە مرۆڤی کورد لە ئێراندا هەم بەهۆی کورد بوون و هەمیش بەهۆی ئایینییەوە دەخرێتە بەردەم تیغی هەڵاواردن و جیاکاری. لە ئێراندا مرۆڤەکان لەباری هاووڵاتی بوونەوە پلەبەندی کراون و کوردەکان لەناو ئەم پلەبەندییەدا لە پلەی ٢ و ٣ دان و هەر بەم پێودانگە نەتەنیا ناتوانن ببنە سەرۆکی هیچکام لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، راپەڕاندن و قەزایی، بەڵکوو تەنانەت پلەی وەزیر و پارێزگاریشیان پێ رەوا نابینرێ. لە هیچکام لە دامەزراندنە دەوڵەتییەکان دا ئەولەوییەتی سەرەکی بە کوردەکان نییە و زیاتر کەسانی ناخۆجێ‌یی لە ناوچە کوردستانییەکاندا پۆستە سەرەکییەکانیان بەدەستەوە. گەرچی لە ناوچە کوردستانیەکاندا ئایین رۆڵی سەرەکی نییە و کوردەکان بە هەموو ئایین و ئایینزایەکەوە لە ئاشتی و تەباییدا پێکەوە دەژین، بەڵام رێژیمی تاران بەشێوەی سیستماتیک لە هەوڵی کەلێن خستنە نێوان سوننی و شێعە و یارسان دایە. کوردەکان تەنانەت لە زۆر مافی سەرەتایی دیکەش وەک ناولێنانی دڵخوازانەی مناڵەکانیان بێبەشن و ئێستاش هەندێ ناوی کوردی ئیزنی تۆمارکردنی پێنادرێ. لە کوردستان زۆر بەکەمی پلان و پڕۆژەی گەورەی ئابووری بەڕێوەدەچێ، ئەگەر جاروباریش کارخانەیەک دادەنرێ، زۆربەی پێرسۆنێلەکەی ناخۆجێ‌یین. جیا لەوانە حکوومەت بەزەیی بە سروشت و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستانیش‌دا نایەتەوە و بەشێوەیەکی بەربڵاو خەریکی دەرهێنان و لەڕاستیدا بەتاڵان بردنی ئەو سەرچاوە و کانزایانەیە بەبێ ئەوەیکە قازانجێک لەو سەرچاوانە بۆ ئاوەدانکردنی کوردستان تەرخان بکرێ. زۆر جاریش بەبیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە، ناوچە لێڕەوار و بەپیت و بەرەکەتەکانی ئەو دەڤەرە وەبەر رەحمەتی بۆمب و گوللە دەکەوێ و دەبێتە سووتماک و رووتەن. جگە لەوانە ئاوی رووبارەکانی وەک زاب و دەیان رووباری دیکەی کوردستان بەرەو ناوچەکانی وەک تەورێز و زەنجان راگواستراون و خەڵکی ناوچەکانی دیکە ئێران سوود و قازانجی لێدەبینن. لە بەرامبەریشدا هەرکات کوردەکان داکۆکییان لە مافەکانیان کردووە وەک جیاییخواز چاویان لێکراوە و تاوانی قورسیشیان داوە، بەجۆرێک کە لە دەیەی ٥٠ و ٦٠ی هەتاوی بەتاوانی داواکردنی مافەکانیان لەلایەن خومەینییەوە دەستووری جیهاد دژی ئەو گەلە درا و هەر رۆژە گرووپێک ئێعدام و لەسێدارە دەدران و ئێستاش پلەی یەکەمی ئێعدام و زیندانی هەر وەبەر رۆڵەکانی ئەو گەلە کەوتووە و رۆژ نییە رێژیمی پەت و سێدارە جینایەتێک نەخوڵقێنێ. بەکورتی کوردستان زیندانێکە بەپێوەری چەند سەد هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە کە رێژیم بە هەموو جۆرێک خەڵکی ئەو ناوچەیە دەچەوسێنێتەوە و هەر لەم سۆنگەیەوە تەنیا بە خەبات و رۆشنگەری بەردەوام دەکرێ پێش بە سیاسەتی هەڵاواردن و چەوسانەوە و سەرکوتی سیستماتیکی ئەو رێژیمە بگیردرێ.