کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونه‌وه‌ی هه‌یئه‌تێکی رێبه‌ریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و پ ک ک

18:22 - 9 جۆزەردان 2715

هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەردانی کۆنسەی سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد. پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردانی١٣٩٤(٢٨ی مای ٢٠١٥)، هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی قادروریا، سەردانی پێوەندییەکانی کۆنسەی سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە بناری قەندیلی کرد. ئەم دیدارە ئەگەر چی لە درێژەی دیدار‌و چاوپێکەوتنەکانی ساڵانی پێشوو دابوو، بەلام بە هۆی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە بە تایبەتی تێکهەڵچوونی نێوان گریلاکانی ئەو پارتە‌و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٤ی ئەم مانگە، زیاتر بۆ باس لەم ڕووداوە‌و دەرکەوتەکانی‌و ئەرکە هەنووکەییەکانی لایەنە پێوەندیدارەکان تەرخان کرا. هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە ئاوڕدانەوە لە پێوەندییەکانی حیزبی دیموکرات لە گەڵ پارتی کرێکاران لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوو‌دا، گەڕایەوە سەر پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ پێ.کا.کا لەم سالانەی دوایی دا‌‌و، رایگەیاند سەرەرای هەبوونی ڕەخنە‌و تێبینیی خۆمان لە سەر بەشێک لە سیاسەت‌و کردەوەکانی ئەو پارتە بە تایبەتی لە پێوەندی لە گەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، هەڵوێستمان بەرامبەر پێ.کا.کا‌و بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان، نەتەوەیی، بەرپرسانە‌و دڵسۆزانە‌و، پیوەندیمان  ئاسایی و دۆستانە بووە. لە پێوەندی لە گەڵ ڕووداوی تێکهەڵچوونی نێوان گریلاکانی ئەو پارتە‌و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەیئەتی حیزبی ئێمە بە داخبوونی خۆی لەم ڕووداوە راگەیاند بە تایبەتی کە ئەوە یەکەم جارە گرژییەک لە نێوان دیموکراتەکان‌و ئەو پارتە‌دا دەگاتە ئاستی تێکهەڵچوون‌و، کوژراو و برینداری لێ دەکەوێتەوە. ڕاشی گەیاند بە باوەڕی حیزبی ئێمە ئەم کردەوەیە جگە لەوەی زیانی بە ئێعتیباری پارتی کرێکاران گەیاندوە، کاریگەریی خراپیش دەکاتە سەر پێوەندیی بزووتنەوەی کورد لە باکوور‌و ڕۆژهەلاتی کوردستان. لە حاڵیک دا سەرکردایەتیی پێ. کا.کا، بە  دانیشتن‌و دیالۆگ لە لگەڵ حدکا دەیتوانی نەهێلێ کار بگاتە ئەو جێگایە. هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان هیوای خواست بە هەوڵی هەموو لا‌و بە ئیستیعدادنیشاندانی پێ.کا.کا، بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و نەک هەر ڕێگە نەدرێ گرژی و ئاڵۆزی پتر تەشەنا بکا، بەڵکوو هەوڵ بدرێ لێک تێگەیشتن و پێوەندیی دۆستانە‌و هاوکاری جێگای ململانێ و لە بەرامبەر یەک دا راوەستان بگرێتەوە. هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان،باسی لەم راستییەش کرد کە تێکۆشان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات‌و هاتوچۆی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی بۆ ئەو سنوورانە، مافی بێئەملاوئەولای حیزبی ئێمە‌و هەر کام لە حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستانە. ئێمە هەر وەک لە ساڵانی رابردوودا، هەوڵمان داوە لە نیوخۆی ڕۆژهەلات حوزوورمان هەبێ، لەمەوبەدوا تێدەکۆشین زیاتریش حوزوورمان هەبێ. چالاکبوونەوە لە نیوخۆی ڕۆژهەلاتیش، یانی حوزووری زیاترمان لە سەر سنوورەکان کە دیارە هیزی پێ.کا.کا تێیان دا جێگیرە. ئێمە پێمان خۆشە پارتی کرێکارانی کوردستان نەک لەم بارەیەوە کێشە خولقێن نەبێ بەڵکوو، هاوکار بێ. پێمان وایە پێویستە هەر دوو لا ڕەچاوی بارودۆخ‌و بەرژەوەندەکانی یەکتر بکەین. خاڵێکی دیکە کە لەم دیدارە دا قسەی لە سەر کرا حوزوری هێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان بوو، کە نە بۆ دژایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان یا هیچ لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکوو پێوەندیی بە تێکۆشانمان لە نیوخۆی ڕۆژهەلاتەوە هەیە. هەیئەتی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بریتی بوون لە دەمهات عەگید‌و هەڤاڵ ناڤدار، وێڕای دەربڕینی بە داخبوونی پێ.کا.کا لەو ڕووداوە کە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک‌و برینداربوونی چەند پێشمەرگەی دیکەی لێ کەوتوەتەوە، باسیان لە  چۆنیەتیی دروستبوونی کێشەکە‌و تێکهەڵچوونەکە کرد‌و وتیان ئێمە نە لە گەڵ حدکا‌و نە لە گەڵ هیچ هێزێکی ڕۆژهەلات نامانەوێ لە کێشە دابین، ئێمە ئامانجمان شەڕ‌و زەبر وەشاندن نەبووە. هەوڵێش دەدەین ئەو کێشەیە کە هاتوەتە پێش بە لێک تێگەیشتن بگاتە ئەنجام‌و ئاقارێکی دیکە وەرنەگرێ. لەم دیدارە دا هەم هەیئەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەم هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دانیشتنی دیکە لە نێوان دوو لایەن بۆ باس لەو مەسەلانە‌و دیتنەوەی ڕێگاچارەیان، بە پێویست زانی. هەر دوو لاش تەئکیدیان لە سەر پێویستیی بوونی پێوەندیی ئاسایی‌و دۆستانە و چارەسەری گرفتەکان بە دانیشتن و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و ڕیزی دوولایەنە کردەوە.