کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێككەوتنی ١+٥ لەسەر بەردەوامیی گەمارۆكان لە ماوەی جێبەجێكرانی ڕێككەوتنامەی ناوكیی لەگەڵ ئێراندا

14:02 - 11 جۆزەردان 2715

پاش نزیكەی دوو ڕۆژ لە دانووستانەكانی هەیئەتی دیپڵۆماسیی ئێران لەگەڵ كۆمەڵێك لە كاربەدەستانی پلەبەرزی ڕۆژاوا لە ژنێڤ لە بابەت ڕێككەوتنامەی ناوكیی لەگەڵ ئەم وڵاتە، 6 زلهێزە جیهانییەكان لەسەر جێبەجیكردنەوەی دووبارەی گەمارۆكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئێران لە ماوەی جێبەجێكرانی ڕێككەوتنامەی ناوكیدا ڕێك كەوتوون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هۆكاری سەرەكی بەردەوامی‌و مانەوەی ئەم گەمارۆیانە، وەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بابەت پشكنین‌و توانای دەستڕاگەیشتن بە سایت‌و ناوەندە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامییە. كاربەدەستانی ئامریكاو ئورووپا بەنیازن هەرچەشنە كەمكردنەوە یان لابردنی گەمارۆكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ئەگەری پێشێلكرانی هەر بەشێك لە ڕێككەوتنامەی ناوكیی لەگەڵ ئێران بە شێوەی ئوتووماتیك بگەڕێتەوە سەر جێگای خۆی، بەم حاڵەش ڕووسیە و چین لەسەر شێوازی سوننەتی‌و بە مافی ڤێتۆی خۆیان وەك ئەندامانی هەمیشەیی شوورای ئەمنیەت، دژایەتی لەگەڵ هەر چەشنە هەوڵێكی ئوتووماتیكی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن‌و جێبەجیكرانی ئەم بڕیارانه‌ بە دانووستان و وتووێژ دەبەستنەوە. كۆمەڵێك لە کاربه‌ده‌ستانی به‌شداری ئه‌م كۆبوونەوەیە، بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە كە لە ئەگەری هەر چەشنە دژایەتییەكی ئێران لەگەڵ ئەم ڕێككەوتنامەیە، دەسبەجێ گەمارۆكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەگەڕێنەوە سەر جێی خۆیان. بەم حاڵەش كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن ڕێگە چارەی جۆراوجۆریان بۆ لابردنی خێرای گەمارۆكانی شوورای ئەمنیەت پێشكێش كردووە، بەڵام لایەنی ڕۆژاوایی مل بۆ هیچ كامیان ڕاناكێشن