کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی چاره‌نووسی دوو گیراوی کورد لە ورمێ

14:03 - 11 جۆزەردان 2715

كۆمەڵێك لە هه‌ڵسووڕاوانی كورد لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی ورمێ كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دەستوپێوەندییەكانی ڕێژیم‌و دامو دەزگاكانی سەر بە ئیتلاعات، بەدوای بە ئەمنیەتی كرانی ناوچە سنوورییەكانی ورمێدا دەستبەسەر كراون، ئێستاش چارەنووسییان هیچ زانیارییەكی ورد لە بابەت بارودۆخی ئەم كەسانە لە بەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، تا ئێستا هیچ زانیارییەكی ڕاست‌و دروست لە بابەت بارودۆخی دوو هاووڵاتیی كوردی ورمێ لە بەر دەستدا نییە كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئینتزامییەكان لە ئاوایی "دیزجی مەرگەوەڕ"ی ورمێ دەستبەسەر كرابوون. بەهمەن هاشەم پوور، خەڵكی ئاوایی "گردەوان" یەكێك ‌ لەم گیراوانەیە كە سەرەڕای سەردانی بنەماڵەكەی لە ناوەندە قەزایی‌و ئەمنیەتییەكان، بەڵام هیچ هەواڵێك لە بارەی بارودۆخی ناوبراوو شوێنی ڕاگیرانی نەزانراوە. هەروەها سولەیمان نیكزاد، خەڵكی ئاوایی دیزج، یەكێكی دیكە لە دەستبەسەر كراوانی ئەم دواییانەیە كە بە هاوكاری دەستوپێوەندییە خۆجێییەكانی سەر بە ڕێكخراوی بەسیجی كۆماری ئیسلامی لەم ئاواییە دەستبەسەر كرابوو، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بارودۆخی ئەم كەسەش هەروا بە ناڕوونی ماوەتەوە.