کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی ناوه‌ندی منداڵپارێزیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان رۆژی جیهانیی منداڵان

17:20 - 11 جۆزەردان 2715

هاوڕێیانی خۆشه‌ویست! بە بۆنەی هاتنی رۆژی جیهانیی منداڵان لە لایەن ناوەندی منداڵپارێزیی رۆژهەڵاتی کوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی لە هەموو منداڵانی جیهان بە تایبەت منداڵانی کوردستان دەکەین. ساڵی ١٩٤٩ لە کۆبوونەوەیه‌کی یەکیەتیی ژنان‌دا لە پاریس ڕۆژی یەکی ژوئەن وەک رۆژی جیهانیی منداڵان دیاری کراو له‌و کاته‌وه‌ ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو رۆژە ده‌کرێته‌ جێژن. منداڵان لە هەر کۆمەڵگەیەک‌دا توێژێکی‌ ناسک‌و هەستیارن‌و کەسایەتیی هەموو مرۆڤێک لەو قۆناغە‌ی ته‌مه‌ن‌دا شکڵ دەگرێ‌‌و گه‌شه‌ ده‌کا. ده‌زانین که‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمەڵگا له‌ داهاتوودا دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانه‌ی ئه‌مڕۆ منداڵن. بۆیە پێویسته‌ بە باشترین شێوە پەروەردە بکرێن و لە توندوتیژی‌و شەڕ‌و ئاژاوە به‌ دوور ڕابگیرێن، بۆ ئەوەی بە باشی گەشە بکەن. ئاشکرایه‌ که‌ ئەو پەروەردەیەش دەبێ لە بنەماڵەڕا دەست پێ بکا. که‌وایه‌ له‌پێش‌دا ئەرکی دایک و باوکانە کە بۆ پەروەردەیەکی دروستی منداڵەکانیان هه‌وڵ بده‌ن ‌و دواتریش ئەرکی حکوومەتەکانه‌ کە ئیمکاناتی پێگەیاندن‌و پەروەردە بۆ منداڵان دابین بکەن. بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە به‌شێکی زۆر له‌ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست کەوتوونه‌تە نێو شەڕێکی فیرقه‌یی‌و مەزهەبی کە لەو نێوەدا منداڵان بوونه‌ قوربانیی سەرەکی‌و بە ده‌یان‌و بگره‌ سه‌دان هه‌زاریان کوژراون،یان ئاوارە بوون و لە هەموو ئیمکاناتێکی ژیان بێبەش ماونه‌وه‌. بەداخەوە بەشێک له‌ منداڵانی کوردیش بوونە قوربانیی ئەو شەڕانە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هه‌زاران منداڵی کورد کوژراون، یان دەگەڵ بنەماڵەکانیان ئاوارە بوون یان بە دەستی تێرۆریستان ڕفێندراون و بۆ بێگاری و شەڕی چەکداری کەڵکیان لێ وەردەگرن. خۆشەویستان! لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا زۆربەی منداڵان مافێکی ئەوتۆیان نیە، رۆژبەرۆژ ژماره‌ی منداڵانی سەرشەقام و نەخوێندەوار و موعتاد زیاتر دەبێ. منداڵانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هۆی سیاسه‌ته‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه‌ لە هەموو مافەکانی خۆیان بێ‌بەشن، تەنانەت لە قوتابخانەش ناتوانن بە زمانی خۆیان دەرس بخوێنن‌و جلوبەرگی کوردی ده‌به‌ر بکه‌ن. ئازیزان! لە کۆتایی دا داوا لە هەموو رێکخراوە و ناوەندە مرۆڤدۆسته‌ نێودەوڵەتی‌یە‌کان دەکەین کە دەوڵەتەکان ئەرکدار بکەن، کە بۆ پەروەردە و گەشەی منداڵان بەرنامە و پلانی درێژخایەن داڕێژن و منداڵان لە هەرجۆرە شەڕ و توندوتیژی‌یەک و کەڵک وەرگرتنی خراپ لە لایەن گروپە چەکدارەکانه‌وه‌ بە دوور ڕابگرن. ناوه‌ندی منداڵپارێزیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ١ی ژوئەنی ٢٠١٥ی زایینی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی