کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: مافی خۆمانە لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا حزوورمان هەبێ

02:01 - 13 جۆزەردان 2715

خالید عەزیزی لە کاردانەوە بە قسەکانی عەلی شەمخانی، سکرتێری شورای ئەمنیەتی بەرزی ئێران لەبارەی جێگیربوونی هێزەکانی حیزبی دێموکڕات لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ ئەمە یەکمجار نییە کە هێزەکانی حیزبی دێموکڕات لە نیزیک سنوورەکان جێگیر دەبن، ئەو رەوتە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام درێژەی بووەو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لە نێوخۆی وڵاتیش هەڵسووڕان‌و جموجۆلیان بووەو مەبەست لەوەش تێکەڵاویی زیاتری هێزەکانی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک بووە. سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتوووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی "ڕووداو" پێی لەسەر ئەوە داگرت کە هەڵسووڕانی هێزەکانی حێزبی دێموکڕات لە نێوخۆی وڵات بۆ شەڕو تێکهەڵچوون نییە، بەڵام ئەوە بە مافی خۆمان دەزانین کە لە ناوچە سنوورییەکان‌و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حزووری بەرچاومان هەبێ‌و ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، بەرگری لە زۆمان بکەین. خالید عەزیزی گوتی ئەوە مافی خۆمانە لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات‌و باشووری کوردستان حزوورمان هەبێ، بەڵام ئەو حزوورە تەنیا بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامییە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن ئێران دوڕگەی ئارامی ناوچەکەیە، گوتی دەمێکە ئێران دوڕگەی ئارام نییەو ئەو وڵاتە خۆی خزاندۆتە نێو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌و بەوەش کێشەی زۆری بۆخۆی‌و دراوسێکانی دروست کردوە. حزووری ئێمەش زیاتر بۆ ئەوەیە سەرنجی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ لای پرسی کورد بۆ ئاوڕدانەوە لەو کێشەیە ڕابکێشین‌و لە پێناو مافە ڕەواکانی خەڵکەکەماندا تێبکۆشین. ئەگەر قسە لە نائارامی‌ش بێ، ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە خۆی بوار بۆ ئەو نائارامییە خۆش دەکا‌و بەرپرسایەتیی هەموو ئەو پێشهاتانە لە ئەستۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. خالید عەزیزی لە ووتوێژەدا روانگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی بۆ کۆمەڵێک لە باس‌و پرسە سیاسییەکانی ئێستای کوردستان شی کردەوە کە یەک لەوان ئاڵۆزییەکانی ئەو ماوەیەی سەرسنوور بوو.