کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی سەدی ٢٠ی پاشەكەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران

13:35 - 13 جۆزەردان 2715

چاوەدێرانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندووە كە لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا پاشەكەوتەكانی سووتەمەنیی ئەتۆمیی ئێران، نزیكەی سەدی ٢٠ زیادی كردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز، كەسەرچاوەی هەواڵەكەی نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی بووە، كاربەدەستانی ڕۆژاوایی‌و كارناسانیش ئاگاداری بەرزبوونەوەی پاشەكەوتی ئۆرانیۆمی ئێران نەبوون. نیۆیۆرك تایمز لە درێژەدا نووسیویەتی، یەكێك لەم ئەگەرانەی كە باسیان دەكرێ ئەوەیە كە ڕێژیمی تاران بە بەرزبوونەوەی پاشەكەوتی سووتەمەنیی ئەتۆمیی خۆی بەنیازە، ئەهرۆمێكی فشاری زیاتر لە دانووستانە ناوكییەكان وەدەست بێنێ. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسدا دەركەوتووە كە كۆماری ئیسلامی لە نزیكەی ساڵ و نیوێك لەمەوبەرەوە و هاوكات لەگەڵ دەسپێكی خولی نوێی دانووستانە ئەتۆمییەكاندا، بەرەبەرە ڕێژەی پاشەكەوتی ئۆرانیۆمی خۆی بەرز كردۆتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە حاڵێكدا بڵاو بۆتەوە كە دەوڵەتی باراك ئۆباما لە هەوڵ دایە كۆنگرەی ئامریكا ڕازی بكا لە ئەگەری ئیمزا كرانی دوایین ڕێككەوتندا، ئێران لە ماوەی مانگێكدا پاش ڕێككەوتن، پاشەكەوتی سووتەمەنیی ئەتۆمیی خۆی تا ئاستی سەدی ٩٦ كەم بكاتەوە. ئێران و زلهێزە جیهانییەكان لە هەوڵی ئەوە دان كە لە ماوەی كەمتر لە مانگێكی دیكەدا بە دوایین ڕێككەوتنی ناوكیی نێوان خۆیان بگەن. یەكێك لە بەندەكانی دوایین ڕێككەوتن كە خەریكن وتووێژی لەسەر دەكەن ئەوەیە كە ئێران تەنیا دەتوانێ ٣٠٠ كیلۆگڕەمی سووتەمەنیی ئەتۆمی هەبێ، چونكی ئەم ڕێژەیە كەمتر لەم ئاستەیە كە بتوانێ بۆمبی ئەتۆمی پێ دورست بكا. ئەوەش بەم مانایەیە كە بێتوو لایەنەكان لەسەر ئەم بەندە ڕێك بكەون، ئێران ناچار دەبێ لە ماوەی چەند مانگدا زیاتر لە ٩ تۆن لەم پاشەكەوتی سووتەمەنیی ئەتۆمیی خۆی لەنێو ببا یان بیکاته‌ شیش.