کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلیڕەزا ڕەسووڵی لە زیندانی مەهاباد له‌ مانگرتن لە خواردن به‌رده‌وامه‌

13:39 - 13 جۆزەردان 2715

نەبوونی چارەسەری پزیشكی‌و ڕێگری كردن لە ناردن بۆ نەخۆشخانە، بووه‌ بە هۆی ئه‌وەی كە زیندانیی سیاسیی كورد عەلیڕەزا ڕەسووڵی، كە لە زیندانی مەهاباددا بەند كراوە، مان لە خواردن بگرێ. عەلیڕەزا ڕەسووڵی، زیندانیی سیاسیی كورد لە زیندانی مەهاباد، بە بەردەوامی داوای چارەسەری نەخۆشییەكانی وەك چڵككردنی سییەكان، شێرپەنجەی ئەژنۆ و نەخۆشیی ڕوماتیسمی ئێسقانی كردووە، بەڵام داواکه‌ی بە بەردەوامی لە لایەن كاربەدەستانی زیندانەوە پشتگوێ خراوەو ئه‌ویش به‌ ناچار مانی لە خواردن گرتووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانەوە، دەستی بە مانگرتن كردووە و تا ئێستاش كاربەدەستان هیچ وڵامێكیان بە داواکانی نەداوەتەوە. پێشتریش بنەماڵەی ڕەسووڵی نۆرەی پزیشكییان لە دەرەوەی زیندان بۆ عەلیڕەزا گرتبۆوە، بەڵام داواكەیان بۆ چارەسەری ئەم زیندانییە لە دەرەوەی زیندان بی ئاكام مابۆوەو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە ڕێگری لەم كارە كرابوو. بەم جۆرە كە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، عەلیڕەزا ڕەسووڵی ڕایگەیاندووە كە، تا ئەم كاتەی بەڕێی نەخۆشخانەیەك لە دەرەوەی زیندان نەكرێ‌و لە لایەن پزیشكانی پسپۆڕەوە زۆر بە جیددی چارەسەری نەخۆشییەكانی بۆ نەكرێ، لە مان گرتن بەردەوام دەبێ و ئەركی هەر چەشنە ڕووداوێك كە بەم هۆیەوە بێتە پێش، لە ئەستۆی ئیدارەی ئیتلاعات دەبێ. ئەم گیراوە سیاسییە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩١ لە مەهاباد دەستبەسەر كرا و بە تۆمەتی هاوكاری كردن لەگەڵ یه‌کێک له‌ حیزبە كوردییە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئه‌م شارە، حوكمی ٣ سا‌ڵ‌و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.