کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌ره‌سه‌ندنی ڕەخنەکان گرتن لە خەرج كردنی پارەی زۆر بۆ قەبری خومەینی

13:12 - 14 جۆزەردان 2715

لە حاڵێكدا ٣٠ هەزار كەس لە هێزەكانی پۆلیسی تاران، ئەركی پارێزگاری‌و پاراستنی ئەمنیەتی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی مردنی خومەینییان پێ ئەسپێردراوە، هاوکات نوێژەنكردنەوەی پڕخەرج و تێچووی قەبری دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ڕەخنەیەكی زۆری لێ كەوتۆتەوە. قەبری خومەینی به‌ گرانباییترین قەبر له‌ جیهاندا ناوده‌برێ‌و نێو ژوورەكەش بە شێوەیەكی زۆر زریقەو بریقەدار ڕازێندراوەتەوە، بەڵام حەمید ئەنساری، جێگری ڕێكخراوی پاراستن‌و بڵاو كردنەوەی بەرهەمەكانی خومەینی ڕەخنە گرتنی خەڵك لە ڕازاندنەوەی پڕخەرج و بەفیڕۆدانی تێچوویەكی زۆر بۆ ئەم مەبەستە بە "گەوجی و حەسوودی كردن"ی ئەوان دەزانێ. تێچووی تەواوی دروستكردنی ئەم قەبرە، خەرجی پاراستن‌و ڕاگرتن‌و هەروەها تێچووی ساڵانەی بەڕێوەبردنی ساڵیادی مردنی خومەینی قه‌ت بە ڕوونی دیار ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام لە یەكەم ساڵدا، 2 میلیارد دۆلار بۆ دروستكردنی ئەم قەبرە و هەروەها بۆ ناوەندە به‌ناو فەرهەنگییەكانی پەنا قەبری خومەینی تەرخان كرا، بەڵام بڕی ئەم خەرجانە لە ساڵانی دواتردا ئاشکرا نه‌کرا. لەم كاتەدا كە مەحموود ئەحمەدینژاد، سه‌رکۆماری پێشووی ئێران شارەداری تاران بوو، پێداگری لەسەر گواستنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی تاران بۆ ناوه‌ندی قه‌بری خومه‌ینی دەكردو، بە پەسند كرانی گەڵاڵەی شوورای دووهەمی شاری تاران لە ساڵی ١٣٨٤، دەست بە دامەزراندنی كۆڕێكی نوێ بە ناوی شاری ئافتاب كرا كە بنكەكەی لەقەبری خومەینی بوو. ئەگەرچی دامەزراندنی شاری ئافتاب 2 ساڵی خایاند و بڕی ٨٠٠میلیارد تمەنیشی تێ چوو، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ شاری ئافتاب هەر نەكراوەتەوە و دەست بەكار نەبووە. ستادی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی خومەینیش که‌ لە هه‌موو شاره‌کانی ئێران‌دا چالاكه‌، هەموو ساڵێك بەشداریی زۆره‌ملێی خه‌ڵک كردن لەم ڕێوڕەسمه‌دا رێک ده‌خا، به‌ڵام تێچووی بردنی خه‌ڵک بۆ سه‌ر قه‌بری خومه‌ینی له‌سه‌ر بوودجەی پارێزگاكان‌و، لە ژێر چاوەدێریی وەزارەتی نێوخۆدا دابین دەكرێ.