کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌رده‌وامیی پێشانگای كاریكاتۆری سەید مەحموود موكری لە شاره‌کانی پارێزگای ورمێ

13:13 - 14 جۆزەردان 2715

كرانەوەی پێشانگایەكی كاریكاتۆر بۆ بەرهەمەكانی سەید مەحموود موكری، كاریكاتۆریستی خەڵكی شاری مەهاباد، لە شارە جۆراوجۆرەكانی پارێزگای ورمێ، لەگەڵ پێشوازیی بەربڵاوی خەڵك ڕووبەڕوو بۆوە. سەید مەحموود موكری خەڵكی شاری مەهاباد و كارمەندی خانەنشین كراوی ئیدارەی سەنعەت و كانزا و تیجارەت، لە پەنا پیشه‌که‌ی خۆیدا بۆ ماوەی نزیك بە ٣٠ ساڵ خەریكی چالاكییە هونەرییەكانیش بووە. دوایین پیشانگای ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌م حه‌وتوویه‌دا له‌ شاری سه‌رده‌شت کرایه‌وه‌. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی كوردستان و كورد، لە نموونەی سەركەوتنەكانی ئەم هونەرمەندە كوردە ده‌کرێ ئاماژە بە وەدەستهێنانی پلەی دووهەمی "سیا قەڵەم"ی لاوانی مانگی سووری ئێران لە شاری شاهڕوود، وەدەستهێنانی پلەی دووهەمی لقی "ڕەنگی ڕۆغەن"ی لاوانی مانگی سووری ئێران لە تەورێز، وەدەستهێنانی پلەی دوهەمی كاریكاتۆر لە یازدەیەمین خولی "ئۆلێنس"ی بێلژیك لە سەر تەوەری پاشا‌و سوڵتانەكان و هەروەها بردنەوەی پلەی یەكەمی كاریكاتۆری ڕۆژاوای وڵات لە شاری بۆكان بووە. ناوبراو هەروەها بە كردنەوەی پێشانگایەكی كاریكاتۆر لە ژێر ناوی "پەندی پێشینیان" لە شارە جۆراوجۆرەكانی پارێزگای ورمێ توانیویەتی سەرنجی خەڵكێكی زۆر لەم شارانە بۆلای بەرهەمەكانی خۆی ڕابكێشێ‌و كردنەوەی ئەم پێشانگایە لە شاری سەردەشت لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا یەك لەم هەوڵانەی ناوبراو بووە. ئەم هونەرمەندە كوردە لە بەرهەمەكانی خۆیدا، كۆمەڵێك لە پەند و مەتەڵە نەستەقەكانی كوردەواری، لە چوارچێوەی وێنە و كاریكاتۆردا پێشانی خەڵك داوە. زۆربەی ئەم مەتەڵانەی كە ئەو هونەرمەندە لە بەرهەمە كاریكاتۆرییەكانی خۆیدا كەلكی لێ وەرگرتوون لە سەر بابەتە فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانن.