کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناریۆکانی وەزارەتی ئیتلاعات دژی خەڵکی کوردستان کۆتایی نایا

05:40 - 16 جۆزەردان 2715

چەند رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی ئیتلاعات لە راگەیەندراوێک‌دا هەواڵی دەسبەسەرکردنی تیمێکی بە وتەی ئەوان "تیرۆریستی"ی راگەیاند و وەک هەمیشە ئەوانی بە بەکرێگیراوی بێگانەکان ناوبرد. بە وتەی ئەو وەزارەتە، ئەم تیمە بۆ ئەنجامی کاری تێکدەرانە هاتبوونە نێو ئێران. ئەم دەزگا ئەمنییەتییە لە راگەیەندراوەکەی‌دا دەڵێ لە دانپێدانانەکانی چوار کەسی دەسبەسەرکراودا روون بۆتەوە کە ئەوان بە دوای رووداوەکانی هۆتێل تارای مەهاباددا و، بە مەبەستی کردەوەی تێکدەرانە هاتبوونە ئێران. لەم راگەیەندراوەدا ئامانجی ئەم چوار کەسە ئەنجامدانی تەقینەوە بە مەبەستی پەرەپێدانی قەیران، تیرۆر و کوشتن خستنە پاڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ورووژاندنی رای گشتی لە دژی رێژیم راگەیەندراوە، سێناریۆیەک کە بۆ خەڵکی کوردستان بۆتە زنجیرەیەکی دوورودرێژ. ئەم سیناریۆی دوایی وەزارەتی ئیتلاعات دوای تەقینەوەی رق و تووڕەیی خەڵکی مەهاباد و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان داڕێژراوە، کە ئەم ناڕەزایەتییانە نەک هەر ناڕەزایەتییەکی ئاشکرابوون بە بێ‌مافیی ژن و روانینی تێکەڵاو بە سووکایەتی بۆ ژن لە دەسەڵاتی ئیسلامی‌دا، بەڵکوو بە روونی نیشانی‌دا کە سەبر و دان‌بەخۆداگرتنی خەڵکی کوردستان لە ئاست بێ‌مافی و پشتگوێ خستنی خواست و داواکانیان لە لایەن بەرپرسانی رێژیمەوە بەرەو کۆتایییە. لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباددا، زیاتر لە دەیان کەس بریندار بوون و ژمارەیەکی بەرچاویش دەسبەسەر کران. هێشتا ئامارێکی روون لە ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان لەبەردەست نیە، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە جۆراوجۆرەکان لە مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، زیاتر لە ١٦٠ کەس لە لاوان و خەڵکی مەهاباد و دەیان کەس لە چەند شاری دیکەی کوردستان دەسبەسەر یان بانگێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون. ئەم دەسبەسەرکردنانە لە لایەن ئۆرگانە جۆراوجۆرە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتەوە کراوە، بەڵام راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانیان لە لایەن مەئموورە تایبەتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و بەتایبەتی تیمێکی تایبەت کە بە فەرمانی وەزیری ئیتلاعات لە تارانەوە هاتبوونە کوردستان، رێنمایی و هیدایەت کراون. ئێستا رای گشتی و ویژدانە ئاگاکان ئەم راستییە دەزانن کە وەزارەتی ئیتلاعات، هەراسانتر لە هەر کاتێکی دیکە بەمجۆرە سیناریۆیانە لە هەوڵی سەرکوتی زیاتر و پەروەندەسازی بۆ چالاکانی کورد دایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سی و شەش ساڵ دەسەڵاتدارێتیی سەرکوتکەرانەی خۆی‌دا، بەردەوام بە گەڵاڵە و پیلانی لە پێشدا داڕێژراو و ئامانجدار و، بە هەڕەشە و گرتنی چالاکانی کورد و گوشارخستنە سەریان دەیهەوێ ئەم چالاکانە و پێشڕەوانی ئازادیخوازی بخاتە دۆخی بەرگریکارانە کە دەرفەتی بیرکردنەوە و بەرنامە‌داڕشتنیان نەبێ بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دەستدرێژییە بەربڵاوەکانی رێژیم بۆ سەر مافەکانی هاووڵاتییانی کورد. ئەوەی بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەبارەی دەسبەسەرکردنی تیمێکی بە وتەی ئەوان "تیرۆریستی" دەتوانێ بوار ڕەخساندن بێ بۆ بەڕێوەچوونی دادگا نمایشی و خێراکان و بەڕێوەبردنی خێرای حوکمی ئێعدامەکان بە مەبەستی پەردەپۆش کردنی جینایەتەکانی ئەم دواییانەی رێژیم لە شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان و، هەروەها ئەمنییەتی‌تر کردنی کەشی کوردستان و نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگادا و، رەخساندنی بەستێنی زیاتر بۆ سەرکوتی خەڵک و سەپاندنی سزای قورس بەسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی‌دا. لە کۆتایی‌دا دەبێ یەکدەنگ داوا لە بنیات و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بکەین بە شێوەیەکی کاریگەر و خێرا گوشار بخەنە سەر رێژیم، چونکە گیانی ئەو کەسانەی لەم رۆژانەی دوایی‌دا لە مەهاباد و شارەکانی دیکە دەسبەسەرکراون لە مەترسی‌ دایە. هەروەها داوا لە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان و کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان بکەین لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستادا بەرگری لە هەموو دەسبەسەرکراوەکانی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان بکەن و پێش لە کارەسات و تراژێدیایەکی دیکە بگرن.