کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهین شوکرڵڵاپوور: ژنانی کورد دوای ساڵانێک خەباتی بێ‌وچان‌و ئەزموونێکی زۆر، بەڵام هێشتا ئەو جێگایەی کە شیاوی تێکۆشانیان بێت، نیانە

21:19 - 16 جۆزەردان 2715

لە ٨ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی بەرامبەر بە ١٧ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی لە لایەن دەستەیەک ژنە فێمینیستی کوردەوە «پارتی فێمینیستی کوردستان» دامەزراوە. بۆ ناساندنی زیاتری ئەم پارتە کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی فێمنیستی کوردستان، بەڕێز مەهین شوکروڵلا پوور پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ ئەم وتوێژە رادەکێشین: مەهین خانم! پێمان باشە لە زمان ئێوەوە کە یەکێکن لە دامەزرێنەرانی (پارتی فێمینیستی کورد)، باسێک لەم پارتە بکەن و ئامانجتان لە دامەزرانی ئەو پارتە چیە؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: لە کومەڵگای کوردستان هەرچی دروشمی یەکسانی‌و بەرابەرییە، قسەی سەر زاری هەموو کەسێکە چ پارتە سیاسییەکان  چ رۆشنبیران، بەڵام ئەوە کە هەمووکاتێک دەبینرێت نەبوونی کردەوە و  تێروانینی پیاوسالارانەیە. بەداخەوە ژن لە کومەڵگای پیاوسالاری ئێمەدا کەرەسەیەکە بۆ رازاندنەوەی ویترینەکان‌و ئەوەی مۆدێرن نیشانیان بەدات، بەڵام لە راستیدا ئاواتەکانی ژنانە کە لە ژێر زەختی پیاوسالاریدا دەخنکێت. تەنیا جەستەی ژنە کە بایەخی هەیە نەک توانایی‌و لێهاتووییەکانی ژنان. ژنانی کورد دوای ساڵانێک خەباتی بێ‌وچان‌و ئەزموونێکی زۆرو بە دەیان قوربانی، بەڵام هێشتا ئەو جێگایەی کە شیاوی تێکۆشانیان بێت نیانە. ژنان ئەتوانن بەرێوبەری باش بن و سەربەخۆتر لە پیاوان لە گورەپانی خەبات‌و تێکوشانی کوردستان پێگەی خۆیانیان بێت. لە هەمان کاتدا باشتر ئەتوانن دژی سیستەمی پیاوسالاری کار بکەن‌و بڕیاری سەربەخۆتر بدەن. لەبیرمان نەچێ هەر ژنان قوربانی سیستەمی پیاوسالاری نین. پیاوانیش قوربانی ئەو سیستەمەن کە لە فەرهەنگ و کۆمەلگایەکی ئازاد و یەکسان و ئارام بێبەشیان دەکا. ژنانی رۆژهەڵات دەبێت ئەزموونی باشووریان لە بەرچاو بێت کە پاش ساڵانێک خەبات، بۆ ژنان‌ هیچ دەستکەوتێکی نەبوو. ژنان لە خەباتدا بەشدار بوون و قوربانیان دا، بەڵام دەسەڵات و بڕیاردان بەر پیاوان کەوت و بەداخەوە رۆژ لە دوای رۆژ توندوتیژی دژ بە ژنان لە جیاتی نزم بێتەوە پەرەی سەند! ژنانی باشوور هەلێکیان بۆ رەخسا کە دەبوا خۆیان رێک بخەن و ببنە نموونەی بزاڤی ژنان بۆ یەکسانی لە ناوچەکەدا بەڵام بە تەواوی بە پێچەوانە دەرچوو. ئیستاش بەرای ئێمە مافی ژنانی رۆژهەڵاتە کە بە پشت بەستن بە گشت ئەزموونەکان بیانهەوێت نیوەی دەسەڵاتی سیاسی بە ئەستۆ بگرن. بۆ ئەم مەبەستەش تەنیا رێگا ئەوەیە کە بە هێزی سیاسی خویان لە گورەپان و پانتای سیاسی بەشدار بن چونکە ساڵهای ساڵە پارتەکانی‌تر تاقی کراونەوە و بەداخەوە ژن زیاتر لەوەی گەشە بکات بە وتنەوەی «ژنان ناتوانن»، «خۆیان لاوازن»، «خۆیان نایانهەوێ» و هتد، تەحقیر کراون. بەڕاستی هۆکارەکان زۆرن بۆ دروست بوونی پارتێکی فمێنیستی.   ئێوە لە ناوەکەتان‌ڕا دیارە کە پارتێکی رادیکاڵن، کەوایە لەگەڵ  زۆر دابونەریت و کەلتووری کۆمەڵگەی کورد کە پڕن لە سڕینەوە و هەڵاواردن دژی ژنان،  دەبێ شەڕ بکەن،  یان بە واتایەکی دیکە بەربەرەکانی جیددی بکەن. شێوەی تێکۆشانتان لەمبارەیەوە چۆن دەبێ؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: ئێمە شانمان وەبەر کارێکی دژوار داوە کە تا ئیستا لە کۆمەڵگای کوردستان وەک تابۆیە، هەوڵی بێوچان و هێزی زوری دەوێت بۆ سەڕینەوەی ئەو کەلتوورو داب و نەریتە دژە ژنەی بە درێژایی مێژوو لە فیکرو کردەوەی کۆمەڵگادا نەقشی بەستووە. بەوحالەش پێمان وا نیە وشەی رادیکال وشەیەکی پر بە پێست بێ بۆ وەسفی ئێمە، چونکا رادیکال بوون بە پێی پێوەرەکانی زەمان و شوێن شتێکی رێژەییە. واتە شتێک لای لایەنێک یا شوێنێک یا لە زەمانێکدا رادیکال دیارە لای لایەنێکی تر و لە شوێن و زەمانێکی تردا دواکەوتوو نەریتی دیارە. بۆ نموونە کاتێک پێشەوا قازی دەستی دایە دروست کردنی پارت و دامەزراندنی کۆماری کوردستان زۆر کەس داچلەکیون و پێیان شتێکی رادیکال بووە، لە حالێکدا زۆر کەس ئیستا خۆزگە بەو کات و ساتە دەخوازن. با لەبیرمان نەچێ شەپۆلەکانی فێمینیزم هێواش هێواش لە ناوەندەوە گەشتۆتە پەراوێز. ئەوەی بمانەوێ ژنان نیوەی دەسەڵاتی سیاسییان بێت داخوازی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەری شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم بووە. هەرچەند هێشتا ئەو داخوازیە سەتا سەت لە جیهاندا وەدی نەهاتوە، بەڵام داخوازیەکی تازە و رادیکاڵ نیە. بەهەرحاڵ لە سەرتاوە ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ مسۆگەر کردنی دادپەروەری لە نێو رەگەزەکان چ ژن و چ پیاو، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی نیوەی دەسەڵاتی سیاسی و جێگەی هاوتەرازی ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگای کوردستان‌دا. هەوڵ دەدەین بۆ گەشەدان‌و پەرەپێدانی ئاگایی ژنان بۆ ناسینی مافەکانیان‌و هاوکات بەرز کردنەوەی ئاستی بڕوابەخۆ بوون لە ژنان‌دا کە بە هێزی خۆیان ئەتوانن لە هەموو بوارەکاندا سەرکەوتوو بن.    هەروەک دەزانن فێمینیستەکان لق و پۆپی جۆراوجۆریان هەیە، پارتەکەی ئێوە لەباری ئیدەو باوەڕەوە،  سەر بە چ  لقێک لە فێمێنیزمە؟ یانی ئەزموونتان لە کام لق لە فێمێنیستەکان وەرگرتوە؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: لە پێرەوی ناوخۆی پارتی فێمێنیستی کوردستان پێناسەی فێمێنیزم لە روانگەی ئێمەوە نووسراوە. ئێمە خۆمان تەنیا لە یەک لقی فێمینیستی دا کە بە پێی ئایدیۆلۆژیە باوەکان دابەش کراوە نابینینەوە. دەتوانین بڵێین ئێمە ئەزموونمان لە لقێ فێمێبیزمی رادیکاڵیش وەرگرتوە لەو رووەوە کە پێمان وایە فیمینیزمی رادیكاڵ بۆچوونێكە كە پیاوسالاری بە ریشەی گرفتەکانی ژنان دەزانێت. لەراستیدا فیمینیزمی رادیكاڵ پیاوسالاری وەك سیستمێكی دەسەڵات سەیر دەكات كە كۆمەڵگا بەشێوەی پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەسەر بنەمای پێش گریمانەی باندەستی پیاوان، رێك‌دەخات‌و لەوەش بۆ چەوساندنەوەی ژنان كەڵك وەردەگرێت. فیمینیستە رادیكاڵەكان پێیانوایە هەڵاواردن‌و نایەكسانی رەزگەزیی بەهۆی دەسەڵاتی «سیستمی پیاوسالاری»ە. سیستمی پیاوسالاری لەهەر كۆمەڵگایەك لەگەڵ جۆرێك لەدابەشكردنی كاری رەگەزی بەهێز‌و سەقامگیر دەبێت. فیمینیستە رادیكاڵەكان پێیانوایە كە دەبێت گومان لەسەر هەر یەك لە روبەرەكانی ژیانی ژنان بكرێـت كە لەئێستادا بە «سروشتی» دێتە ئەژمار‌و، بەدوای دۆزینەوەی رێگە نوێكان بۆ تەواوی كاروبارەكانی ژیان بن. هاوکات ویستی بەشداریی یەکسان و نیوانیو لە دەسەڵاتی سیاس‌یدا و هەول بۆ گۆرینی یاسا لە رێگای دەسەڵاتدارییەوە دەچێتە خانەی فێمینیزمی لیبێرال. لە هەمان کات‌دا لە روانگەکانی سۆسیال فێمینیزمیش بێ بەش نین. کەواتە باشترە وەک لقێکی تایبەتی فێمینیزم نەمانبینن. ئێمە فێمینیستی کوردین کە بە پێی تیۆرییەکانی ئینتێرسکشنالیستی، کێشەی جیندەر و کێشەی نەتەوایەتیمان ئاوێتەی یەکترە و پێکەوە گرێ دراون.   جیاوازیی ئێوە لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەی ژنانی کورد لە چ دایە؟ پێوەندییەکانتان لەگەڵیان چۆن دەبێ؟ شێوەی کار و تێکۆشانتان و بازنەی چالاکییەکانتان چۆن و کوێیە؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: کاری رێکخراوە لە گەڵ حیزب وەکوو ساختار جیاوازە. هەر بەو پێیەش سنووری داخوازییەکان هەندێک جیاواز  دەبن. دیارە رێکخراوە دەتوانی بە دوو دەستە دابەش بکرێ. رێکخراوەی ناحکوومی یا خود سەربەخۆ(NGO) و رێکخراوەی ناسەربەخۆ کە دەتوانێ لە ژێر دەسەڵاتی بۆ نموونە حیزبێ‌کدا بێ. رێکخراوە حیزبییەکان بە هۆی ئەوەی هەرکامە لە چوارچێوەی حیزبێک‌و ئایدۆلۆژی حیزبێک دامەزراون و بەرێوبەرایەتی ئەو حیزبانەش بێ ئەملاولا پیاوانە و پیاوسالارانەیە، ناچارن هێڵە گشتییەکانی حیزبەکەیان بپارێزن‌و ئەمە بۆ خۆی زۆر جار سنووریان بۆ دادەنێت لە داخوازیەکانیان‌دا، بەڵام هەر ئامانجەکانمان لە کۆتاییدا بە ئاراستەی یەکسانی دەڕوات. پارتی فێمینستی کوردستان تازە دامەرزاوەو هێشتا پەیوندی راستوخۆمان وەکوو حیزبەکە لەگەڵ حیزبەکان و رێکخراوەکانی ژنانی کورد نەگرتووە. دیارە بوکاری جیددی و بێوچان دەبێت پەیوندی نەزیکمان لەگەڵیان بێت‌و هاوکاری یەکتر بکەین کە لە راستیدا ئامانجەکانمان هاوبەشەو تەنیا رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانمان رەنگە هاوشێوە نەبێت.    ئێوە دەڵێن لە هەموو کەرەسە پیشکەوتووەکانی جیهانی مودێرن کەڵک وەردەگرین بۆ بەرەوپیش بردنی خەباتەکەمان، لە حالێکدا کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکە کە زۆری ئەندامانی دەستیان بەم کەرەسە پیشکەوتوانەی جیهانی مۆدێرن‌ راناگا. ئەم بۆشاییە چۆن پڕ دەکەنەوە و چۆن وا دەکەن کە دەنگتان بە هەموو چین‌و توێژەکان بگا؟ مەبەستم ئەوەیە چۆن دەتوانن گۆڕان لەنێو کۆمەڵگەدا دروست بکەن و روانینەکان بەرانبەر بە ژن بگۆڕن کە تەنانەت خودی ژنانی چالاک زۆربەیان لە وشەی فێمێنیست هەڵدەبەزنەوە ؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: حیزبی فێمێنستی کوردستان پارتێکی نوێ لە روژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بە چەمکی فێمینیستی هاتوەتە گوڕەپانی خەبات. بە بڕوای ئێمەیش لە ئێستای بارودۆخێ سیاسی کوردستان پارتێکی ئاوا هێشتا جێنەکەتووە چ بو خەڵکی ئاسایی و تەنانەت لەوانەیە بۆ ژنانی چالاکیش برێک نامۆ بێ، بەڵام ئەوە نابێتە هۆکار بۆ پاشەکشە کردن و ماتلی کات و دۆخێکی نادیار بوون. هەرشتێک دەسپێکێکی هەیە. هەروەها لە دەورووبەریشمان لەم هەوڵانە دەدرێ. بۆ نموونە لەم ماوەدا حزبێکی ژنان لە لوبنان دامەزرا. نابی چاومان لەو واقعیەتە ببەستین کە شەپۆلەکانی فێمینیزم گەشتۆتە رۆژهەڵاتی ناوەراست و لای ئێمەش و خەریکە کۆمەڵگامان دەلەرێنێ. هەر سەیری ژمارەی ژنانێک بکەن کە باس لە مافی خۆیان دەکەن و سەرنج دەدەنە کێشەکانیان. لە چاو دە ساڵ لەمەوبەردا جیاوازییەکی زۆر دەبیندرێ. هەروەها بۆ پێتان وایە زۆری ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی دەستیان بەم کەرەسە پیشکەوتوانەی جیهانی مۆدێرن‌ راناگا؟ ئیستاکە نە تەنیا لە لادێکان کە تەنانەت لە سفرترین نوقتەی مەرزیدا مۆبایلی ئینتەرنێتدار و ساتەلایت هەیە. گرینگ ئەوەیە لە بەکار هێنانی ئامێرەکانی پێوەندیدا راستییەکانی کۆمەڵگامان لەبەرچاو بێت و تووشی هەڵەی سلەکتیویزم واتە خەباتی ئینتەرنێتی نەبین کە من لە دوورەوە دادەنیشم، شەرابەکەم پۆک پۆک دەخۆمەوە و بە کلیکی کۆمپیوتێرێک فەرمان دەدەم خەڵک لەناو خۆ بڕژێنە دەر و ئینقلاب بکەن! ئیستا دەورەیەکی گوزارە. دوو جۆر فکری نوێ و کۆن خەریکی مشتومڕن. لە لایەکەوە سیستەمی پەروەردە لە کۆمەڵگای کوردستاندا سیستەمێکی تا سەر ئیسقان پیاوسالارەو کاریگەریەکانی ئەوەندە قووڵن کە تەنانەت برێک لە ژنانیش لە فێمنیزم سڵ دەکەنەوەو لە هەر کاردانەوەیەک بەرامبەر بە فێمنیزمدا سەرەتا بە خێرایی دەڵێن کە ئێمە دژی پیاو نین. ئەمە لا کاتێکدایە کە فێمنیزم دژایەتی بیرو فیکری پیاوسالاری دەکاتەوە نەک پیاوان وەکوو تاک. فێمنیزم بە گژ نایەکسانی‌و هەڵاواردنی رەگەزیدا دەچێتەوەو مەبەستی نیە رەگەزێک ژێر دەستەو ئەوی دیکە سەردەست بکات. هەرچەن باسی راگرتنی قودرەت ودەسەڵاتیش لە لایەن رەگەزێکەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتێکی بچووکیش بێ لەم باسەدا دەور دەگێرێ بەڵام باسێکی دورودرێژە و لێرەدا ناگونجێ. لە لایەکی ترەوە بە هۆی پەرەسەندنی ئامێرەکانی پێوەندی و زانیاری، ئاگایی تاکەکانی کۆمەلگا چۆتە سەر و ژنانی جیلی ئیمرۆ زۆر لەگەل جیلی پێشوو جیاوازن. زانیاری تەنانەت سەتحیش بێ دەبێتە مایەی تێفکرین. ژنان دەخوێننەوە و دەبیستن. دیارە لای خۆیان بیر دەکەنەوە باشە بۆچی و تا کەی کۆیلەتی؟ وەک مرۆڤێک چیمان لە پیاو کەمترە کە دایمە سەرکۆنە و سەرکوت بکرێین؟ ژنانی پێشمەرگە سەیری خۆیان دەکەن. دەبینن ساڵها خەباتیان کردوە، زیاتر لە پیاوانیان نەکردبێ کەمتر نەبوە. دەی لەخۆیان دەپرسن بۆ هەر دەبێ یەک رەگەز سالار بێ و گشت توانایی رەگەزەکەی تر ئیهمال بکرێ؟ بۆچی ژن لە سەرۆکایەتی و دەبیرکولی و رێبەرایەتیدا هەر نەبێ و نەبێ؟ وڵامی ئەو پرسیارانەیە کە زەروورەتی  هاتنە مەیدانی پارتێکی فێمێنیستی دەردەخات بەئاڵای یەکسانی کە هێزو تواناکانی بۆ گوڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگای پیاوسالاری داناوە و بە دڵنیایەوە کارێکی سەخت‌و دورودریژی لە ئەستۆیە. ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو تواناییە ئینسانیەکانمان کەڵک وربگرین‌و هەموو ئەندامان بەرپرس بن لە بەریوبەردنی ئەرکەکانی حیزبدا. پلە و پایە و جیاوازیمان نیە. کەس لەکەس بەرەوسەرتر نیە و هەر ئایدیایەکی جوان و تازە بەگەرمی بەخێراتن و پێشوازی دەکرێ. پەروەردە کردنی ژنانی بە تواناو خاوەن ئیرادە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیکانی ئێمەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان .دیارە لەم بارەوە زیاترو وردتر لە پێڕەوی ناوخۆمانداو هەروەها مەرامنامەدا ئاماژەمان پێی داوە.    پارتی فیمینیست، چۆن دەتوانێ لە دەرەوەی دنیای مەجازییش حوزووری هەبێ؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: فکر و ئایدیا یەکسانیخوازەکانی پارتی فێمینیستی کوردستان کە بچێتە مێشک و باوەرەکانەوە، گرینگترین دەسکەوتە. دەسکەوتی واقعی نە مەجازی. بۆ پێتان وایە ئەو مۆدێلی حیزبایەتی لای ئێمەی کورد واتە هەبوونی دەفتەر و دەستەک و ئۆردووگا و هێزی چەکداری (هەرچەن لە دەری وڵات) مۆدێلی واقعییە و هەرلایەنێک ئەوانەی دانەنا مەجازیە؟ ئیتفاقەن ئەوە مۆدێلێکی کۆنی سۆڤییەتە و زۆریش باوی نەماوە و ئەزموونیش نیشانمان دەدا چەندان وڵامدەر نەبووە! دیارە سیستەمی حیزبایەتی لە هیچ کوێ جیهان کامل و بێ رەخنە نیە بەڵام هەن وڵاتانێکێش کە حیزبیان لە دەفتەر و دەستەیەکدا خولاسە نەکراوە و بێ ئەوەی ئۆفیسێکی دیاریکراویان بێ، بە کەمپەینی سیاسی کار دەکەن. ئێمە وەک پارتی فێمینیست هەوڵدەدین بۆ بارهینانی ژنان سەبارەت بە مافەکانیان لە دژی یاسا، داب و نەریتی دواکوتووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، هەوڵدان بۆ رێکخستنی ژنان و کاریگەری سیاسی ناو حیزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی دیکەی ژنان بۆ بەدی هاتنی ماف‌و داخوازیەکانی ژنان. ئامانجەکانی ئێمە تەنیا لە خۆمان و ئەندامەکانماندا خۆلاسە ناکرێتەوە. ئەگەر بێتوو ئاڵوگۆڕی وا لە پارتە کوردییەکانماندا دروست ببێ کە ژنانی بەراستی یەکسانیخواز، نە بەڵێ وێژ و ویترین،  ببنە رێبەر و سکرتری پارتەکان، و هەروەها ژنان بۆ کاری هاوبەش لێک نزیک بنەوە (بە پێچەوانەی رێبەرانی پیاویان کە بەداخەوە دایمە دژ بە یەک و ناکۆکن) ئەوە ئێمە بە بەشێک لە ئامانجەکانمان گەیشتووین و زۆریش پێی خۆشحال دەبین.   دەکرێ باسێک لە بەرنامەکانی خۆتان لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا بکەن؟ مەهین شوکرڵڵاپوور: پارتی فێمێنیستی کوردستان خوازیاری پێک هاتنی کۆمەلگایەکی ئاسوودەیە بۆ هەمووتاک و مروڤێک کە تێدا ژیان دەکات. بو بەدیهاتنی ئەم مەبەستە ئێمە وەک حیزبێکی  فمێنیستی ئامانجی ساڵانەمان دیاری کردەو بە پێی ئەو ئامانجانە پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش. ئێمە خۆمان بە حیزبێکی مەجازی نازانین بەلکوو حیزبێکی بەرهەمی شۆرشێکی فیکری ژنانین، بەڵام بە هەموو شێوازێک کەڵک لە دنیای مەجازیش وەرئەگرین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.   ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە