کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەو سازدانی گوتارێکی هاوبەش

21:29 - 16 جۆزەردان 2715

ڕووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی شاخ و شار بۆ هەڵوێستەکردنێکی زۆرجیددی دەبن بەدوور لە کەشوهەوایەکی ئێحساسی و تیژتێپەڕ! گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات هەرلەکۆتایی حەفتاكانەوە كە قرمەی چەكی هێزی پێشمەرگە وەستاوە، تووشی چەشنێ ناچالاکی بووە. كە دەڵێم وەستانی قرمەی چەك مەبەستم تەنیا خەباتی چەكداری نییە، بەڵكوو ئاماژەم بە نەبوونی گوتارێكە كەلە كۆتایی پەنجاكان تا ناوەڕاستی حەفتاكان گوتاری زاڵبوو بەسەر كۆمەڵگادا،گوتارێك كە گرێدراوی «حزوور»بوو! حزوور بەواتای «بوون» بەواتای بوونی پێشمەرگەی کوردستان! ماوەی نیزیک بەبیست ساڵە کەپێشمەرگەی كوردستان بە زۆرهۆکار تەقەی لەچەکی نەهاتووە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانش سەرەکیترین ئیستراتێژی بۆبەرگری لەخەباتی گەلی کورد ئەوەبووە کە بەردەوام کەلێنێک، دابڕانێک لەنێوان شار(خەڵک) و شاخ (پێشمەرگە) سازبکا بەهەر شێوەیەک و لەسەر بنەمای ئەم ئیستراتێژییەش تاکتیکی جۆراوجۆریشی ڕەچاو کردووە و دواجار ئەم دابڕانە بۆتەهۆی ئەوەکە بوون و حزووری شاخ لەناو شاردا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی. دەکرێ بڵێین لە نەبوونی گوتارێکی ئەوتۆدا، بۆشایی‌یەک هەستی پێدەکرێ کە دواجار ئەم بۆشایی‌یە دەبێتە لەمپەری لێک‌تێگەیشتنی هێزە سیاسییەکان و چالاکڤانانی ناوخۆ، واتە لەنەبوونی گوتارێک‌دا کە خاڵە هاوبەشەکانی هەردوو لا لەیەکدی کۆکاتەوە و لەسەر خاڵە جیاوازەکانیشی موناقەشە بکرێ بۆ خەمڵاندنی ئەم گوتارە، ئاسایی‌یە هەست بەم کەلێنەبکەین. دیارە ئەمە زۆر ئاسایی‌یە کە «شێوە ڕوانین»ی دەرێ و ژوورێ جیاوازی بەیەکەوە هەبێ، دەڵێم جیاوازی نەک دژایەتی! بێگومان ئەم شێوە ڕوانینە ئەگەر لەسەربنەمای ناسینێکی وردوتۆکمە نەبێ کەلێنەکە چەندقات بەرزتردەکاتەوە،کە سەیری ئەم دنیا مەجازییەدەکەی بۆت دەردکەوەێ کە هۆکاری ئەم کەفوکوڵە کاتی و پۆپۆلییستییە کە هەندێ جار لۆمپەنیزمێکی هەوسارپساویشی لەسەر بنەمای وەهم و درۆ پێوەدیارە بەرهەمی توخمی نەناسینی ناوخۆیە لەڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە. بەڵام جەمسەرێکیتر واتە ژوورەوەش لەقۆستنەوەی هەلەکان‌دا دەورێکی پاسیوی گێڕاوە. هەربۆیە لە نەبوونی گوتارێکی جیددیدا، ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ ناقۆزرێنەوە و کە نەقۆزرانەوە، دەرەوە بە تەعبیری خۆی سەودا لەگەڵ ڕووداوەکە دەکا. لێرەدایە کە تێکهەلەنگوتن ساز دەبێ ئەگەر گوتارەکە بوونی بوایە سەنتێزێک لەم دووشێوە ڕوانینە دەیتوانی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بکا بەخاڵگۆڕانێکی جیددی لە کۆمەڵگادا. بەڵام لە نەبوونی گوتاردا زیاتر جیاوازییەکان خۆدەردەخەن. وەک ئەم ڕووداوەی شاری مەهاباد کە نە ناوخۆ توانی بیقۆزێتەوە نە دەرەوە توانی کاناڵیزەی بکا! لە ڕاستیدا کێشەکە نەبوونی گوتارە نەک جیاوازی گوتار، ڕۆژهەڵات تائەم دوایی‌یانە هەر پاشکۆی گوتاری باشوور و باکوور بووە، بەڵام پێموایە ئێستا بۆ هێزە سیاسییەکان بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ناوچە و بارودۆخی ئێران دەرکەوتووە کە ئەمانە ئاڵترناتیوێکی گونجاو و کردەیی بۆ ڕۆژهەڵات نەبوون و نین. کەوابوو ئەوەی بۆتە»پاشنەی ئاشیل»ی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی قورسایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوەیەیە لە هەمبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا بە هۆی نەبوونی گوتارێکی گشتگیری ڕۆژهەڵاتی. بۆیە ئەم گوتارە دەبێ لە سەر چەمک‌گەلی هاوبەشی هێزەکانی دەرەوە و ناوخۆ خۆی ساغکاتەوە و بتوانێ قورسایی وبارستایی ئەم بزووتنەوەیە بەرزکاتەوە. ئەوەش نابێ لە بیر بکەین کە ئەگەری ئەوەهەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕووداوگەلێکی لەم چەشنە دووپاتە ببنەوە، ناکرێ و ناشبی ئەم چاوەڕاونییەمان هەبێ کە یەک شێوەڕوانین لە دەرەوە و ژوورەوە بەدی بکەین، ئەگەر گوتارێکی گشتگیر بە تایبەتمەندییە ڕۆژهەڵاتییەکەی بوونی هەبێ ئەم شێوەڕوانینانە دواجاردەبنە هۆی پڕبوونەوەی کەلێنەکان. ئەوەی کە سەرەتاکانی ساڵانی شەست دوانەی شوێن - کات، گەورەترین هۆکاری ئەم بۆشایی‌یە بوو لە نێوان دەرەوە و ژوورەوە، ئێستا ئەوامیدیای نوێ بە دوور لە کەشێکی ئێحساسی و لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی و بەرژەوەندی نەتەوەیی دەتوانێ ئەم کەلێنە بە تەواوی پڕ کاتەوە. دیارە چالاکی حیزبێکی سیاسی کردەیەکی سیاسییە و جەماوەری و ئاکامخوازە، بەم مانایە کەدەیەوێ دواجار لەپێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بێ، بەڵام کردەی مەدەنی، چالاکییەکی شارۆمەندی و مافخوازانەیە کە بۆی هەیە هەمووتاکێکی کۆمەڵ حەولی مسۆگەر کردنی ئەم مافانە بدا، ئێستا کە دەرەتانی کردەی سیاسی بۆئۆپۆزیسیۆنی کورد لەناوخۆی وڵاتدا نییە کردەی مەدەنی  ڕووناکبیران لە ناوخۆدا دەتوانێ قەرەبووی ئەم بۆشایی بکاتەوە، ئەمە سەرەتایەکی شیاوە بۆ نوێژەن کردنەوەی گوتاری ڕۆژهەڵات!  
ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە